“فوو لە چرا…”
دەمێ ویستی
بە قەڵەمێ…
تارای ڕەشی ئەم شەقامە
بە ڕۆژ بدڕێ.
شەوەزەنگی ئەم دەڤەوە
بەرەو ئاسمانی نەبوون بەرێ.
دەمێ ویستی
وشە بکا بە چرای شەو و
نسار بدا بەدەم دەریا.
دەمێ ویستی
ئێرە بکا
بە بەهاری دواپایز و
شانە بکا
زوڵفی سیا.
دەمێ ویستی
لە ئاسمانی ئەم شارەدا
وەک پەپوولە سەما بکا و
بڵێ ئێرە کورەی خەمە،
خامۆش دەبێ بە هاوار و
دەنگی ئێمە…
بەڵام ئەفسووس!
گەردەلوولێ لە ئامێزی تاریکیدا
پەلە هات و
هەر بە پێچێ باڵی گرت و
نەیهێشت بفڕێ.
بەیانی بوو دەمێ ویستی
بە ئازادی بڵێ هەتاو،
هەر لە پڕێ
دەمیان گرت و
ون بوو لە چاو…
بەهاری ٢٠١٠