بۆ سەردەشت عوسمان

عبداللە پەشێو abdulla pashew

لەو ساتەوە کە هاتن و دار چنارە شیکەکەیان لولدا و ڕفاند

 لەو ساتەوە کە هاتن و گوڵە جۆیە گڕتێزاوەکەیان کرتاند

 کۆتری خەم هەتا ئێستاش هەر گمەی دێ،

 کۆڕی پرسەی هەموان تەواو ،

پرسەکەی من بەردەوامە و هەر جمەی دێ ..

 داخی ئەوەم لە دڵدایە ،
نەیگەیشتمێ تا پێی بڵێم ..

 ئاگاداربە: لەم وڵاتە ئەوەی قەڵەم چۆڕە چرا و ئاورگی بێ،

 دەبێ زمان چەقۆی تیژی سەر قورگی بێ ..!

 نە دەزانم نە دەشپرسم ..

کێ بوون دابارینە سەری ..

 ئیدی بۆ من وەک و یەکە

بنیادەم بوون یان کەمتیار !

 بە چی هاتن ؟

بە جام ڕەشێک یان بە جام ڕوون ..

بێ نمرە بوون یان نمرەدار ..

 ئیدی بۆ من وەکویەکە
 بەڵام پرسیم ..

پرسیم و دیسان دەپرسم
 ئەو سبەینەی نرکە و بۆڵەی ئەو هەورەیان مت وکڕ کرد

 ئەو سبەینەی ئەو تەلارە نەخشینەیان خاشەبڕ کرد

 ئەوێ ڕۆژێ یاسای سەروەر 
بۆ کام بەرخی کەڕەواڵە چوو بۆ کەمین ؟!

 گیرفانی کێی دەپشکنی ؟

 لە ئاسمان بوو یان لە زەمین؟

 هەر پرسیم و پرسیمەوە
 هەندێک دەڵێن :

یاسای سەروەر ،مایەسیری گیری دابوو دوورە دەست بوو

 هەندێک دەڵێن:

زۆر سەرقاڵ بوو 
شورەی دەوری کۆشک و سەرای هەڵدەچنی ،خەمی خەست بوو

 هەندێک دەڵێن:

ئاسمانی ژوور باخەکەی خۆی تەلبەند دەکرد

 لە چریکە و فڕکەی باڵی باڵدار پەست بوو

 هەندێک دەڵێن :

نەخێر

 بێشکەی حکومەتە ساوایەکەی ڕادەژەنی

 ناوە ناوە دایبیەکی لەپێ دەکرد 

ناوە ناوە دایبیەکی دادەکەنی

 هەندێک دەڵێن:

نا ئەو ڕۆژە 
بە شەرابی زەماوەندی بە شودانی کەرکوک مەست بوو

 هەندێک دەڵێن لە بانکێکا پارەی دەژمارد

 لە بەرچاوی (ڕژدی ئەخیار) لەسەر هەست بوو
 منیش دەڵێم :

کەس نەیزانی..
یاسای سەروەر 
سکچوونی بوو لە ئاودەست بوو ..!

***         ****         ***

https://www.youtube.com/watch?v=iQDzLvECC44

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.