پارتی و فۆبیای شەهید سەردەشت

 ئارام قادر حەمەسور:

دەسەڵاتە ستەمکارەکانی دونیا بۆ مانەوەی خۆیان ئامادەن هەموو شتێک بکەن، ئامادەن هەر کەسێک بکوژن کە ڕەخنەیان بکات و دژیان بێت، ئەمەش ڕووداوی سەیرنین و بەشێکی گەورەی سروشتی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانە. لەناو دەسەڵاته ستەمکارەکان هەموو ڕەخنەیەک لە دەسەڵات و بنەماڵەکانی دەسەڵات جێگەی مەترسییە، لەبەر ئەوەی لەم ناوچەی ئێمەدا دەسەڵاتی سیاسیی تا ئێستاش عەقڵی خێڵچییەتی دەیجوڵێنێت، قبوڵنەکردنی ڕەخنە عەقڵیەتی خێڵەکانەو بەردەوام بەتوندی وەڵامی ڕەخنەچییەکان دراوەتەوە تا دەگاتە کوشتن، ململانێی خێڵچی و ڕەخنەچییەکان بەردەوامە لەگشت بوارەکانی ژیاندا.

سۆسیۆلۆژیای سیاسی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان تا ئێستاش خێڵچیانە دەجوڵێت، یەکێتی و پارتی لە دوای شۆڕش و ڕاپەڕینەوە بونەتە خاوەنی نەوت و دۆلار، ئەم عەقڵیەتە خێڵگەرییە لە پێش ڕاپەڕینیش و لەناو شۆڕش و شاخیشدا بوونی هەبووە، شتێک نیە دوای ڕاپەڕین دروستبووبێت. یادەوەری بەشێکی سیاسیەکان بخوێنەوە دەبینین ئەمانە چەند خێڵچی بوون و چەن خوێنڕێژ بوون لەهەندێ ڕووداودا. کاری نوسین و ڕەخنە لەناو ئەم جۆرە دسەڵاتە زۆر دژوارە، بەردەوام ململانێی نوسینی ئازاد و دەسەڵاتی خۆسەپێن گەرموگوڕ بووە، قەڵەم و چەک لەم جۆرە دسەڵاتە ستەمکارانە پێکەوە هەڵناکەن، کاری نوسین و ڕۆژنامەوانی ڕەخنەی و ئازاد قوربانی زۆری دەوێت.

لێرەدا گرنگی نوسین دەردەکەوێت، نوسین دەبێتە چەکی بەرگری و بەردەوام دەسەڵات دەترسێنێت. بۆچی نوسین گرنگە؟زۆر جار خەڵک دەڵێت نوسین چییە؟بەنوسین هیچ نابێت! بەڵام ئەم پرسیارانە کۆتاییان دێت کاتێک ڕۆژنامەنوسێک لەسەر یەک ڕاپۆرت شەهید دەکرێت، لەسەر یەک وتار شەهید دەکرێت، لەسەر بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی گەندەڵی شەهید دەکرێت، یان لەسەر یەک ڕەخنەی ڕۆژنامەوانی شەهید دەکرێت. لێرەدا نوسین دەبێتەوە چەقی ڕووداوەکان و گرنگی نوسین دەردەکەوێت، هەموو دەسەڵاتەکانی دونیا لە نوسین و کاری ڕۆژنامەنوسی ئازاد دەترسن، چونکە ڕۆژنامەنوس دیوە شاراوەکەی دەسەڵات و سەرکردەکان نیشان دەدات، هەموو ماسکەکانی دەسەڵات لادەبات و دەسەڵاتە ڕەسەن و ڕەشەکە نیشان دەدات. بۆیە کاری ڕۆژنامەنوس و نوسەرانی ئازاد هەڵدانەوەی ماسکەکانی دەسەڵاتە.

لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا چەندین ڕۆژنامەنوس شەهید کراون و بریندار کراون و سوکایەتیان پێکراوە، چونکە ئەو دەسەڵاتەی زۆر دژایەتی قەڵەمە ئازادەکان بکات خاوەن گەندەڵی و دەسەڵاتێکی فاشیلە. بۆیە گۆبڵزی وەزیری پڕوپاگەندەی هیتلەر دەیگوت هەرکاتێ گوێم لە ناوی ڕۆژنامەنوس دەبێت دەست دەبەم بۆ دەمانچەکەم، واتا ڕوژنامەنوسی ئازاد بەردەوام خەلەل و عەیبەکانی دەسەڵات نیشان دەدات. دەسەڵاتی دیکتاتۆر و بنەماڵەیی و تاک سەرکردەیی بەردەوام چەک بەکاردەهێنێت. سەردەشت عوسمان لەساڵی 2010 لەبەردەم زانکۆکەی لەهەولێر دەڕفێندرێت و شەهید دەکرێت، تەنیا لەبەر ئەوەی بەئازادیی دەینوسی.

بەڵام سەردەشت دوای مردنیشی هەر پەلامار دەدرێت و کێلی گۆڕەکەی دەشکێندرت و ئەو کتێبانەی لەسەری نوسراون قەدەغە دەکرێن لەسنوری زەرد. ئەوە گرنگی نوسین و ڕەخنەمان بۆ دەردەخات، دەسەڵات تا ئێستاش سڵ لە قەڵەمە ئازاو ئازادەکان دەکاتەوە، ئەوە قەڵەمە ئازادەکان و میدیا ئازادەکانن بوونەتە ئۆپۆزسیۆنی گەورەی ئەم دەسەڵاتە.

کتێبی بەرگی دووەمی سەردەشت عوسمان لەسنوری پارتی قەدەغە دەکرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت و بە مەترسیدار دادەنرێت، ئەمە نیشانی دەدات پارتی تا ئێستاش چەند لەرزۆکە بەرامبەر شەهید سەردەشت، سەردەشت بەمردویش فۆبیای پارتییە، دەریدەخات هێشتا نوسین و ڕەخنە کاریگەرن و دەسەڵات زۆر دەترسێت لە قەڵەمە ئازاد و ئازاکان. دیارە بیروڕای ئازادیش لەم ناوچەیەدا کارێکی قورسەو وەک کێڵگەی مین وایە، قەڵەمی ئازاو میدیا ئازادەکان چەندین ساڵە لەناو ئەم کێڵگەی مینەدا ئازایەتی نیشان دەدەن و قوربانی دەدەن، ئێستاش بەردەوامن و زۆرکات چۆکیان بەم دەسەڵاتە داداوە. سەردەشتەکان هێشتا بەپێوەن و نوسینیش هێشتا گەورەی خۆی نیشان دەدات لەم کێڵگەی مینەدا، وەک عەلی حەرب گوتی باسکرنی بیروڕای ئازادیش وەک چونە ناو کێڵگەی مینە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.