گۆڕان و خەم ساردی لەئاست تیرۆری سەردەشت عوسمان

بەهێز فاروق

هەموساڵێک لەیادی تیرۆری سەردەشتدا،هەموان بە لێشاو هێرشی دەکەنە سەر بکەرانی تاوانی شەهید کردنی سەردەشت، کە ئەمە ئەرکێکی ڕەوای هەموو تاکێکی بەڕەوشتی ئەم نیشتیمانە بەدبەختەیە، سەردەشت گیانی خۆی کرد بە قوربانی بۆی، بەڵام ئەمساڵ جیاواز لەوە، من دەمەوێت بێ ئەمەکی و خەمساردی گۆڕان یش وەک بەشێک لە هۆکاری تێپەڕبونی ئەو کارە قیزەونە بخەمە ڕوو، ئاشکرایە لای هەموان، سەردەشت عوسمان چەندین جار دووپاتی کردۆتەوە کە ئەو دەنگدەرێکی گۆڕانە، تەنانەت لەسەر بانگەشە کردن بۆ گۆڕان سەرزەنشت کراوەو هەڕەشەی لێ کراوە، بۆیە دەنگیشی بە گۆڕان داوە چونکە ئومێدێکی گەورەی پێبوو، کۆتایی بە زوڵم و نایەکسانی و تراژیدیای ژیانی تاکەکانی ئەم نیشتیمانە بەدبەختە بهێنێت، دەشڵێت تا ئەبەدیش گۆڕان نیە، ئەو نامە بۆ خودی کاک نەوشیروانیش دەنوسێت، تەنانەت خودی کاک نەوشیروان ئاگایی لە بوێری سەردەشت بوە، کە چەند بوێرو جوامێرانە وەک پەیامبەری ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری لە نێو تاریکستانی هەولێردا، بە ئاشکرا بانگەواز بۆ پەیامەکەی دەکات، لەدوای نوسینی وتارێکی لە (کوردستان پۆست) بە ناوی شاراوەو بە ناونیشانی (من ئاشقی کچەکەی بارزانیم)، دوای ئەوەی دەکەوێتە تەڵەی جەلادەکانەوەو خۆی ئاشکرا دەکات، سەردەشت بە خۆ ئاشکرا کردنی هەر لەو دەقەوە شەهید بونی خۆی کرد بە شتێکی حەتمی، دوای ئاشکرا بونی سەردەشت و هەڕەشەیەکی زۆری کوشتن و تیرۆر کردنی، ئەو بە ڕونی بۆ هەموو دونیای ڕوون دەکاتەوە کە شەهید دەکرێت، ئەمەش بە وتارێک بڵاو دەکاتەوە بەناونیشانی (یەکەمین زەنگی کوشتنم لێدرا)  سەردەشت تیرۆر کردنی خۆی وەک شتێکی حەتمی نەک بە گوڕان بەڵکوو بە هەموو جیهان گەیاند، ئایا نابێ بپرسین گۆڕان چی ڕۆڵێکی هەبوە، لە ڕێگری کردن لە تیرۆر بونی ئەم گەنجە بوێرو خوێن گەرمە ؟

لە کاتێکدا بزوتنەوەیەکی بەو شێوە گەورە کە توانای پاراستنی تاکێکی ئەم نیشتیمانەی نەبێت، چۆن دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە دەتوانێت سەر مەشقی گەلێکبێت بۆ فەراهەم کردنی یەکسانی دادپەروەری ! چی دادپەروەریەک لە هەڵوێستی گۆڕاندا بەدی دەکرێت !

ڕاستە سەردەشت ئەوەی ڕون کردۆتەوە کە تا ئەبەد گۆڕان نیە، تەنانەت ڕەخنەی لە خودی کاک نەوشیروان گرتوە، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆی دەڵێ ” هەمیشه ڕەقبێکی جدی ئەندامانی لیستەکەی خۆم دەبم” تەنانەت گۆڕانی بە لیستی خۆی زانیوە چونکە دەنگی پێداوە، وە بە ئاشکرا بانگەشەیشی بۆ کردوە، ئەی باشە گۆڕان بۆ نەچوو بە دەمیوە ؟ بۆچی دوای ئەوەی بۆ هەمووی دونیا ڕوون کردەوە کە تیرۆر دەکرێت هێشتا گۆڕان بێ خەم دانیشتبوو بە دیار ڕاگەیاندنی بەرواری تێرۆر کردنەکەوە ؟   ئەو نەک لایەنگری گوڕانبوو، بەڵکوو زیاتر لە گڕوو تینی مۆمەکەی گۆڕان، تینی هەبوو و هەوڵی گۆڕانکاری دا، ئەی گۆڕان بۆچی وەک لایەنگرێکی گۆڕان هەوڵی پاراستنی سەردەشتی نەدا، ئایا گەر گۆڕان لە پێش تیرۆر کردنی سەردەشت هەوڵی پاراستنی بدایە ئایا سەردەشت تیرۆر دەکرا ؟ نەخێر هیچکات تیرۆر نەدەکرا، هیچ نەبوایە گۆڕان دەیتوانی سەردەشت لەو شارە بباتە دەرەوە، قەینا ڕاستە هەولێر سەکۆیەکە کە گۆران تێیدا بێ غیرەت دەبێت، بەڵام خۆ دەیتوانی شەڕی سەردەشت لەو سەکۆیە بگوازێتەوە، سەردەشت خۆی چەند جار دوپاتی دەکاتەوە ئەو لەمردن ناترسێت، تەنانەت دەڵێ “هیوادارم خودا مردنێکی تراژیدیام پێ ببەخشێت، کە شایستەی ژیانە تراژیدیاکەمبێت”

واتە سەردەشت نەک لە مردنێکی ئاسایی، ئەو لەناخۆشترین جۆری مردنیش ناترسێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پێیشی خۆش نیە بمرێت، تەنها بۆ ئەوەی زیاتر پەیامەکەی بگەیەنێت.  هۆکاری ئاگادار کردنەوەی هەموو دنیا لە تیرۆر کردنیشی تەنها بۆ ئەوەبوو، کە بەڵکوو خودا فریاد ڕەسێک بۆ ئەم پەیامبەرە بنێرێت، ئەو ڕاستبوو وەک گەنجێکی خوێن گەرم باکی بە مردن نەبوو، بەڵام هەمان کات ئومێدیشی بەمانەوە مابوو، ئەو بە ناڕاستەوخۆ پێش هەموو شتێک بە گۆڕانی ڕاگەیاند، من پشتگیریم لە ئێوە کرد، لە تەنگانە ترین کاتتاندا، گۆڕانم وەک منداڵێکی مەتۆڵکە کراوی ساوا، لەبەرامبەر فیرعەون و دەسەڵاتەکەیدا لەباوەش گرت، ئێوەش ئێستا بێن بەدەممەوە، ئەو بە ناڕاستەوخۆ هاواری بەرز کردەوە کە گۆڕان خیانەتی لێ نەکات،وەک چۆن ئەو لەتەنگانەدا پشتی گۆڕانی گرت، با گۆڕانیش لەو تەنگانەدا فریایی بکەوێت، بەڵام گۆڕان خۆی کەڕو کوێر کرد لە بەرامبەر ئەو هاوارە پڕ لە ناڵەو ئێش و ئازارەی سەردەشت، ئایا ئەمە ناچێتە قاڵبی خیانەتەوە، کە گۆڕان لە سەردەشتی کرد ؟ بەداخەوە کە گۆڕان دوای شەهیدکردنی سەردەشت، ئەوکات بەدەمیەوە چوو، کە هیچ سودێکی نەبوو، تەنانەت لەدوای تیرۆری سەردەشت، نەیانتوانی شتێکی جدی بۆ ئاسودەیی ڕۆحی بکەن، لە کاتێکدا، بنەماڵەی بارزانی وەک هەمیشە چون دەستیان لە هەموو کارە حکومی یاساییەکاندا هەیەو، بەدڵی خۆیان یاسا دادەنێن و بەکاری دێنن، بە یاسا سەردەشتیشیان بە تیرۆر ناساند، بەڵام گۆڕان نەیتوانی ئەو یاسایەش بگۆڕێت، بەداخەوە سەردەشت بە زیندووی و بە مردویش لەلایەن گۆڕانەوە نەتوانرا بەدەمەوە چونێکی هەقپێدراوە بۆ بکرێت، لە کۆتایشدا دەڵێم، بۆیە ڕەخنە لەگۆڕان دەگرین چونکە هێشتا تۆزێک جێگای ئۆمێد ماوە، وە ئەوکاتیش کە گۆڕان وەک هێزێکی ئەڵتەرناتیڤ خۆی نمایشت کرد، دژ بە دوو هێزی ستەمکار، بانگەشەی ئازادی و داد و یەکسانی بوێری دەکرد، دەبوو خاوەنداری لە هەموو کەسێکی ئازادی خواز بێ لایەنیش بکات، بەڵام بەداخەوە هیچاکات لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیەدا نەبوون، بەرامبەر بە سەردەشت کەوتە سەر شانیان .

Leave A Reply

Your email address will not be published.