بۆ ئەو گەنجەی خەمی میللەتێکی لە کۆڵ کرد

باڵا دەروێش :
بۆ ئەو گەنجەی خەمی میللەتێکی لە کۆڵ کرد، بۆ ئەو گەنجەی خۆی قوربانی گەلێکی ستمدیدە کرد، بۆ ئەو شەهیدەی وڵاتێکی لەرزاند بۆ ئەو لاوەی بنەماڵەیەکی ترساند، بۆ ئەو گەنجەی هاواری ئازادی کرد، بۆ ئەو گەنجەی داوای مافی گەلێکی کرد.. هەشت ساڵ لەمەوبەر ،ئەمڕۆ ڕۆژی شەهید کردنی لاوێکی خوێنگەرمبوو ڕۆژی ڕسوایی و سەرشۆڕی دەسەڵات بوو،لەم ڕۆژەدا سەردەشتێکیان شەهید کرد نەیانزانی هەزار سەردەشتی تر چەکەرەی کرد، هەموو هێزی بنەماڵەیەک خرایە گەڕ بۆ بێدەنگ کردنی ڕۆژنامەنووسێک نەیانزانی لێرەوە ڕۆژنامە و نووسەری بوێر زیندوبونەوە،هەر ئەوڕۆژە پەیامی ئازادی سەردەشت بەر گوێی سەدان لاوی دیکەکەوت هەر ئەو ڕۆژە سەدان لاوی دیکە چونە سەنگەری بەرخۆدان بۆ ئازادی دژی حوکومڕانیەکی گەندەڵ و دەسەڵات پەرست.
هەر ئەو ڕۆژەی خوێنی سەردەشتان بە شەقەمەکاندا ڕژاند هەر ئەو ڕۆژەبوو هەزار قەڵەمی دیکە لە دژتان وەستا ،هەر ئەو ڕۆژەی ویستتان ئازادی بێ دەنگ بکەن هەر ئەو ساتە ئازادیش هاتە دەنگ دژتان، ویستان بۆ هەمیشە ڕۆڵەی نیشتیمانێک لە ژێر ئەرزدا بخەوێنن نەتانزانی هەر ئەو ڕۆژە پەیامی سەردەشتان بە هەموو دونیا گەیاند!! ئێستاش هاوار و دەنگی بڵندی سەردەشت لە گوێتاندا دەزرینگێتەوە، ئێستاش وێنەی پاکی گەنجێکی بوێر لەبەرچاووتاندا دێتو دەڕوات ئێستاش بەهەموو هێز و دەسەڵاتتانەوە تەنانەت لە گۆڕەکەشی دەترسن، لە پەرتووک و دێڕەکانی و لە هاوڕێکانیشی دەترسن..
ئاخر سەرۆک تۆ باسی سەربەخۆیت دەکرد هەر ئەوکاتە بۆ یادێکت لە سەردەشت نەکرد،بیرتان چوو ڕۆڵەیەکتان لەسەر ئازادی شەهێدکرد ئێستاش داوای سەربەخۆیمان بۆ دەکەن ئاخر چ ئازادییەکیش چ سەربەخۆییەک کە لەلای ئێوەوە بێت؟ کە دەستتانگرتووین زارتان بەستووین، پەڕاوەکانمان دەدڕێنن قەڵەمەکانمان دەشکێنن دوایش ڕۆحمان لێدەستێنن، بەڵام هەزاران گیان تر دێنە قسە ئەوە ئەو ئیرادە بەردەوامەی سەردەشتە پەیامی ئازادی درێژە پێدەدات…
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.