زەمەنبەندی هەڕەشە و تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان لە نووسینەکانی خۆیەوە

زمناکۆ خەسرەو:

لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوو، چەندان جار نووسینە بڵاوکراوەکانی شەهیدی ئازادی، سەردەشت عوسمانم خوێندووەتەوە. لێرکوانە، خوێندنەوەیەك لۆ ڕووداوەکان و هەڕەشەکان و وەرام و ئیستیجابەکانی سەردەشت عوسمان دەکەین.

یەکەم، شەهید سەردەشت نێزیکەی بیست وتاری لە ماڵپەڕی کوردستانپۆست بڵاو کرایتەوە. هەندەکیان دەگەڕێنەوە لۆ ساڵانی پێش تیرۆرکردنەکەی. زۆربەیان راپۆرتی شیکارین، کە ئەو کاری وەرگێڕان و ئامادەکردنی کردییە. لە وتاری (گەنجی یاخی نەبەز گۆران تۆ لە کوێیت؟)، کە لە ١٩ی ١١ی ٢٠٠٩ نووسرایە، ئاماژە بەوە دەکا کە مانەوە و ژیان لە هەولێر خۆکردنە قوربانییە. سەردەشت لەوێ دەنووسێ، “هاوڕیی من نەبەز گیان، دڵنیام هەواڵی مردنمانت پێ دەگات.”

دووەم، یەکەم نووسینی زبر و ڕەخنە، بە زمانی کۆمیدیا، وەك خۆی ناوی لێنایە، لە بەرواری ١٣ی ١٢ی ٢٠٠٩ نووسییە لەژێر ناوی (من عاشقی کچەکەی بارزانیم). ئەو وتارە بووەتە جێگەی سەرنج و بەدووداچوون لۆ دۆزینەوەی شەهید سەردەشت.

سێیەم، دوای نێزیکەی بیست ڕۆژ، وتارەکی دیکەی نووسییە لەژێر ناونیشانی (نە سەرۆك خوایە نە کچەکەی) لە بەرواری ٢ی ١ی ٢٠١٠. لەوێندەر ئەوە نیشان دەدا کە وتاری پێشووی وەکوو هەڵە هەژمار کرایە و ڕێگاچارەی ئەوانیش دیاری دەکا. لەبەر ئەوەی سەردەشت خۆی پێ ڕۆژنامەنووس و نووسەر بووە، لۆیێ باکی بەوە نەبووە کە خۆی وەکوو خاوەنی نووسینەکانی دەرخا، کە بە ناوی “سەرۆ زرەدەشت” بڵاوی دەکردنەوە. لەو وتارە باسی ئەوە دەکا کە وتارەکی لەسەر نووسرایە، وەکوو وەڵامەك لۆ وتارەکەی پێشووی و داوای وێنەی وییان کردییە. نەیتوانییە وێنەی خۆی لۆیان بنێری چونکە ئیمێڵی کەسەکە لەبن وتارەکەی نەبووە، بەس دیارە باسی ئەوە دەکا لەژێر ناوی درۆینە نانووسێ.

چارەم، لە ٢١ی ١ی ٢٠١٠ ئاماژە بە لێدانی یەکەم زەنگی کووشتنی خۆی دەکا لە وتاری (یەکەمین زەنگی کووشتنم لێی دا). لێرەدا ئاماژە بەوە دەکا کە لە ڕێگەی ژمارەی نەناسراوی مۆبایلەوە تەهدیدی کووشتنیان کردییە. ئەوەی مایەی سەرنجە ئەو نووسینە ئاماژە بە ناسنامەی تەهدیدکەرەکان و هۆکاری تەهدیدەکە، بەڕوونی، ناکا. ڕەنگە تەهدیدکەرەکان بەلێڵی قسەیان کردبێ و هیچ ئاماژەیەکیان نەدابێ کە دەریخەن داخۆ سەر بە چ دەستە و تاقمەکن. ئەویش هەم ڕاگری کۆلێژەکەی و هەمیش بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاگادار دەکاتەوە. بێباکیی ئەوان وا لە سەردەشت دەکەن کە باکی بە مردن نەبی و لە هەولێر بمێنێتەوە و چاوەڕوانی دیداری بکوژەکانی بێ. ئەمن ئەویانم پێ جوانترین وتاری سەردەشت عوسمانە. لەوێندەر ئەوپەڕی یاخیبوون و نەترسیی و نەبەردیی و ئازایی و گیانفیدایی وی دەبینین.

پێنجەم، لە ٢٩ی ١ی ٢٠١٠ وتارەکی دیکەی نووسیە کە ڕەخنە لە “ئازادی”ی هەرێمی کوردستان دەگرێ و بە مەتەڵ و هێلکەی دانراوەی بن مریشکی دادەنێ. لەوێندەر ئەوە نیشان دەدا کە بەرهەمی ئەو ئازادییە کووشتن و لێدان و نانبڕینە. ئەرکی ئازادیخوازان و ڕەخنەگرانیش بەردتێگرتنە لەو نهێنییەیە، ئەوجا داخۆ هێلکەیە یان لوغم!

شەشەم، لە وتاری (من وا ڕۆییشتم) کە لە بەرواری ٣ی ٥ی ٢٠١٠ نووسرایە، واتا یەك ڕۆژ پێش ڕفاندنەکەی، دڵنیایی خۆی لە مەرگی خۆی بەیان دەکا و دوا پەیام و وەسییەتی خۆی دەنووسێ. لەوێندەر دەنووسێ، “من کاتم هات بڕۆم بەڵام هاوڕێیان نووسینەکانم لە یاد نەکەن، میللەتەکەم لە بیر نەکەن.” هەروەها دەنووسێ، “من بۆ ئێوە خۆم ئەکەم بە قوربانی و سەریش دانانوێنم.”

لەو شەش وتارە، چاریان زەمەنەبەندیی هەڕەشە و تیرۆکردنەکەی دەردەخەن. زانیاریی و سەرەداوی شەهیدکردنەکەی نیشان دەدەن، ئەگەرچی لە هەندەك شوێندا لێڵییەك دەبینرێ. ئەوە لۆ یاسا و دادگا جێ دەهێڵین.

لەبەرچی تیرۆرکردنی سەردەشت دەنگدانەوەی لێ کەوتەوە؟

لەبەر ئەو هۆکارانە:

١. زەمەنی کووشتنەکەی. ئەو لە سەردەمەکدا تیرۆر کرا کە وەزعی نادادیی و نەبوونی ئازادیی و گەندەڵیی کوردستان تەواو پەنگاوەی خوارد بۆوە و پڕ ببوو. لەبەر ئەوە، بەهۆی کەیسەکەوە، لە هەموو کوردستان خۆپێنیشاندانی ناڕەزایی کرا.
٢. درووستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و هەبوونی میدیایەکانی بزووتنەوەی گۆڕان زۆر ڕۆڵیان بینی لە گرنگیدان و زەقکردنەوەی کەیسەکە.
٣. شێوازی ڕفاندن و تیرۆرکردنەکەی، کە لێدانی گوللە بوو لەناو دەمی.
٤ خێزانەکەی ڕۆڵەکی بەرچاویان هەبوو. ئەوان خۆیان کردە خاوەنی کەیسەکە و خۆیان نەفرۆشت. بە تەهدید و هەڕەشە دەستبەرداری خوێنی شەهید سەردەشت نەبوون. دەنا، لە پاش ئەو کەیسە، کەیسی دیکەی هاوشێوە لە کوردستان هەبوون، بەنازی پارێزەر یەك لەوان بوو، بەڵام بەهۆی هەڕەشە لە کەسوکاری، کەیسەکان سارد کرانەوە و کۆژێندرانەوە.
٥. ڕۆڵی ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە گرنگیدان بە کەیسەکە.
٦. هۆکاری تر.

سەردەشت گیان، ئەمن لەسەر دێڕەکی نوێم و سەرلەنوێ دەستم پێ کردیتەوە!
___________

سەرچاوە: فەیسبوکی نوسەر

Leave A Reply

Your email address will not be published.