بكوژانی سەردەشت عوسمان لە “سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتدان”

رۆژنامەی ژیان: هاوژین غەریب

هەشت ساڵ لەمەوبەر سەردەشت عوسمان، لەسەر نوسینەكانی تیرۆركرا، دۆسیەكەی هێشتا بەكراوەیی ماوەتەوە، كەسوكارەكەی پێیانوایە ئەو كەسانەی سەردەشتیان تیرۆركردوە لەسەرەوەی “هەرەمی دەسەڵاتدان”. سیناریۆكەی هیشام مەحمودیش بە گاڵتەچاڕی ناودەبرێت.

سەردەشت عوسمان، گەنجێكی شاری هەولێر‌و خوێندكاری كۆلێژی ئاداب، بەشی زمانی ئینگلیزی بوو، لەدایكبووی ساڵی 1988 بوو لە خێزانێكی هەژار، بەرەبەیانی رۆژی 4ی5ی 2010 لەبەردەم كۆلێژەكەی خۆی ئۆتۆمبێلێك دێت‌و بەبەرچاوی پاسەوانەكانی كۆلێژو خەڵكیەوە لە كاتژمێر هەشت دەیڕفێنن، دوای دوو رۆژ هەواڵی دۆزینەوەی تەرمەكەی لە ژێرنوسی تەلەفزیۆنەكانی پارتی دیموكراتەوە بڵاوكرایەوە.

هاوڕێیەكی سەردەشت كە لەوكاتەدا لەماڵی ئەوان دەبێت هەواڵەكە دەخوێنێتەوەو نوسراوە ئەو كورە خوێندكارەی لەناو شاری هەولێر دیارنەمابوو دۆزراوەتەوەو بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بكەن بە ژمارە تەلەفۆنێكەوە كە لە ژێرنوسی هەواڵەكەدا دانراوە، ئەمە گێڕانەوەی رۆژنامەنوس نیاز عەبدوڵایە بۆ (ژیان).

دوای ئەوە كە خێزانەكەی دەچنە پزیشكی دادوەری موسڵ لەوێ پزیشكی دادوەری موسڵ پێیان دەڵێن دوو كاتژمێر پێش ئەوەی تەرمەكە بگات بەئێمە كوژرابوو، كەواتە رۆژێك دوای ئەوەی دیار نامێنێت فیشەكێك دەنێن بەناو دەمیەوەو لە پشتی سەریەوە دەردەچێت.

❞لە دوای تیرۆری ئەو رۆژنامەنوسە زۆرترین پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان راكێشرا، هەتا ئێستاش زۆرینەی رۆژنامەنوسان ئەو حزبە بەتاوانبار دەزانن

ئەم شێوازی كوشتنە وەك نیاز عەبدوڵا، دەڵێت “ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە سەردەشت بەتەنها لەسەر نوسین‌و قەڵەمەكەی تیرۆر كراوە”، لە دوای تیرۆری ئەو رۆژنامەنوسە زۆرترین پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان راكێشرا، هەتا ئێستاش زۆرینەی رۆژنامەنوسان ئەو حزبە بەتاوانبار دەزانن، هەمیشە بەهانەی رۆژنامەنوسان بۆ پارتی ئەوەیە كە ئەو حزبە دەسەڵاتداری یەكەمی هەولێر بووە سەرجەم دەزگا ئەمنیەكانی ئەو شارە لەژێر دەستیدان.

بەشدار عوسمان، برای سەردەشت، بە (ژیان)ی وت “كاتێك زانیمان دەزگای دادوەری‌و ئەمنی دەیانەوێت دۆسیەكە بەلارێدا بەرن لێی كشاینەوەو بۆخۆیانمان بەجێهێشت، ئەوان ئەو كاتەش هاتن كەسێكیان هێنا بەناوی ئەوەی كە ئەو كەسە بكوژی سەردەشتە ئێمە خۆمان زانیمان ئەو كەسە تەنها ئەكتەرێكەو رۆڵێكی پێدراوە”.

هیشام مەحمود، ناوێك لە دۆسیەی سەردەشت عوسماندا كە زۆرینەی رۆژنامەنوسان كۆكن لەسەر ئەوەی ئەو ناوە تەنها بۆ سیناریۆ بەكارهاتووە، بە گوێرەی بەدواداچونەكانی بەرلەوەی سەردەشت تیرۆر بكرێت هیشام بەسێ مانگ پێشتر لە زینداندا بووە لە شاری هەولێر، دوای ئەوەی ئازادیخوازان‌و بنەماڵەكەی ئەو دۆسیەیەیان رەتكردەوە، دادگا توانی ئەو دۆسیەیە یەكلایی بكاتەوەو ئەوەی سەلماند كە هیشام دوورو نزیك هیچ پەیوەندییەكی بەدۆسیەی سەردەشتەوە نیە.

❞پێدەچێت ئەوەی سەردەشتی تیرۆر كرد بێت سەردەشت هەر نەناسێت‌و نەزانێت بۆ دەیكوژێت، تاوانباری سەرەكی ئەوەیە كە ئەمری كردووە ئەوەیە كە پلانەكەی دارشتووە❝

نوسەر‌و رۆشنبیر، رێبین هەردی، لەبارەی هیشامەوە پێیوایە: ئەویش وەك بەشداربویەك تاوانبارە لەم تیرۆرەدا بەڵام بەریزبەندی یەكەم بڕیاردەرو پلانداڕێژەری ئەم تیرۆرە بەرپرسە، بەڵام ئەمیش لەبەرئەوەی بەشداربویەكە لەو دۆسیەیەدا پشكی بەردەكەوێت‌و تاوانبارە، ئەوانە ئەمر جێبەجێ دەكەن پێدەچێت ئەوەی سەردەشتی تیرۆر كرد بێت سەردەشت هەر نەناسێت‌و نەزانێت بۆ دەیكوژێت، تاوانباری سەرەكی ئەوەیە كە ئەمری كردووە ئەوەیە كەپلانەكەی دارشتووە.

نیاز عەبدوڵا، وەك رۆژنامەنوس‌و هاوڕێیەكی سەردەشت زۆر هەوڵدەدات بزانێت چارەنوسی ئەو كەسە بەچی گەیشتووە، “بەڵام بەداخەوە خەڵكانی وەك ئێمە هیچ زانیاریەكی دەست ناكەوێت، بەڵام دۆسیەی هیشام لە بابەتی سەردەشتدا كۆتایی پێهات”.

پێشیوایە، هیشام ئەكتەرێكی گاڵتەجاری دەستی پارتی‌و هێزە ئەمنیەكانی هەولێر بووەو هیچیتر، بۆ ئێمەش بابەتی سەرەكی تیرۆركردنی سەردەشت بوو نەوەكو هیشام، بەپێی ئەو زانیاریانەی من هەمە دواینجار كە قسەم لەگەڵ راگەیاندنی ئاسایش كرد وتیان بڕیاری دادگا ئەوەیەو تا ئێستا هیشام ئازاد نەكراوە من لەوە زیاترم دەست نەكەوت، لەم جۆرە هیشامانە زۆرن لە كوردستاندا لە زیندانەكاندا هەیە، لە شەقامەكاندا هەیە”.

❞تا تاوانبارانی راستەقینەی ئەو دۆسیەیە دەستگیرنەكرێت ئەو دۆسیەیە هەر دەمێنێتەوەو داناخرێت❝

براكەی سەردەشتیش ئەو كەسە بە قوربانی دەزانێت‌و دەڵێت “قوربانیەكە وەك چۆن هەموو تاكی ئەم میللەتە قوربانین لە ژێردەستی ئەم حزبانەدا، ئەو ماڵەش هیچ پەیوەندیەكیان بە ئێمەوە نەكردووە ئێمەش هیچ پەیوەندیەكمان نەكردووە‌و ناشیكەین، ئەو كورە بۆخۆشی لە دادگادا وتویەتی كە من بێبەریم لەو تاوانە نە دەیناسم نە ئاگادار بووم نە گواستومەتەوە”.

هیشام، لەبەردەم دادوەر وتویەتی لەمانگی شوباتی 2010 لە زیندانبووە، واتە سێ مانگ پێش تیرۆری سەردەشت، ئەوەش لەوەڵامی ئەوەدا كە دادوەری پرسیاری ئەوەی كردوە، لە هیشام كەی گیراویت.

ئەگەرچی هەشت ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشت عوسماندا تێدەپەڕێت، بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ بەشێوەیەكی بەرفراوانتر یادەكەی دەكرێتەوە، دۆسیەكەی بەلای كەسوكاری‌و رۆژنامەنوسانەوە بەكراوەیی ماوەتەوە.

❞هیشام، لەبەردەم دادوەر وتویەتی لەمانگی شوباتی 2010 لە زیندانبووە، واتە سێ مانگ پێش تیرۆری سەردەشت، ئەوەش لەوەڵامی ئەوەدا كە دادوەری پرسیاری ئەوەی كردوە❝

بەشدار عوسمان، برای سەردەشت عوسمان، وتی “دەبێت بكوژانی رۆڵەكەمان بدرێنە دادگا، چونكە ئەوەی دراوەتە دادگا تەنها قوربانیەكەو هیچیتر، بكوژی راستەقینە دەرنەكەوتووەو بە هەموو لایەنە ئەمنی‌و دادوەریەكان خرانە خزمەتی ونكردنی بكوژەكانەوە”.

ئەمساڵ دووەمین بەرگی كتێبی سەردەشت عوسمان بڵاوكرایەوە، هەرچەندە كاتێك كتێبەكە برایە هەولێر ئاسایش دەستی بەسەر ئەو چاپانەی كتێبەكەدا گرت كە دەیانویست بیبەنە شارەكە، بەڵام دواتر بەشێوەی نهێنی ئەو كتێبە بردرایە ئەو شارەو دوێنێ شەممە لە شارەكانی سلێمانی‌و هەولێر بڵاو كرایەوە.

هاوكات وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە پشكی یەكێتیە بە دەستەی ئامادەكاری مەراسمی ساڵیادی سەردەشتی راگەیاندبوو كە نابێت ئەو مەراسیمە لە ناو شاری هەولێردا بكەن، مەراسیمەكە لەسەر گڵگۆی سەردەشت لە گوندی گرد عازەبان ئەنجامدرا.
رێبین هەردی، نوسەرو رۆشنبیر، بە(ژیان)ی وت “تا ئەو كاتەی پێشێلكاری‌و سەروەرنەبونی یاسا هەبێت دۆسیەی سەردەشت هەر بەكراوەیی دەمێنێتەوە، تا تاوانبارانی راستەقینەی ئەو دۆسیەیە دەستگیرنەكرێت ئەو دۆسیەیە هەر دەمێنێتەوەو داناخرێت”.

سەردەشت عوسمان، لە ژیانیدا خاوەنی چەند بابەتێك بوو كە تیایدا بە رون‌و راشكاوی رەخنەی لە سەركردەكانی یەكێتی‌و پارتی دەگرت، لە رۆژنامەیەكی نەناسراو بۆچونەكانی بڵاودەكردەوە، بەڵام نوسینەكانی ئەوەندە كاریگەریان هەبوو كە بیر لە تیرۆركردنی بكرێتەوە، چونكە پێش ئەوەی تیرۆر بكرێت لە بابەتێكیدا بەناوی “یەكەمین زەنگی كوشتنم لێیدا” باس لە هەڕەشەیەكی تیرۆر دەكات لەسەر ژیانی.

براكەی سەردەشت لە كاتی ئامادەكاری بۆ هەشتەمین ساڵیادی تیرۆركردنی براكەی وتی “بكوژانی سەردەشت لە هەرەمەی دەسەڵاتدا لەسەرەوەی سەرەوەن، بەڵگەو زانیاری زۆر هەیە لەو بارەیەوە، لە پێش تیرۆركردنی سەردەشت لەگەڵ بكوژەكانی قسە دەكات لەوتاری “یەكەمین زەنگی كوشتنم لێیدا” باس لەوە دەكات كە هەڕەشەی لەسەرە”.
وتیشی “دوای تیرۆركردنیشی بەڵگەو زانیاری زۆر هەبوون، بەڵام دەسەڵاتی ئەمنی‌و دادوەری ئیشیان لەسەر بەڵگەكان نەكرد بەڵكو ئیشیان لەسەر بەلاڕێدا بردنی دۆسیەكە كرد، ئەوەندە بەڵگەی زۆرو ئاشكرا لەبەردەستدا بوو كە بكوژە راستەقینەكە بدرێتە دادگا، بەڵام ئەوان ونیان كرد”.

سەردەشت بە چەند رۆژێك پێش تیرۆر كردنی ئاهەنگی دەرچونی لە زانكۆ دەگێرێت لەگەڵ هاورێكانی، لەو ئاهەنگەدا كۆتا وێنەكانی ژیانی دەچركێنێت بێ ئاگا لەوەی ئەو وێنانە دەبنە یادگاری بۆ خێزانەكەی، ئەو كە دەهەمین منداڵی خێزانەكەیەتی‌و دوای ئەویش دوو برای تری لەدایكبوون، بەشدار كە برایەكی گەورەی سەردەشتە وتیشی “هەتا5ی5ی2010 سەردەشت كوڕی ئێمە بوو، بەڵام لەدوای ئەو رۆژە سەردەشت كوری هەموو كوردستانە بە تەنها كوری ئێمە نیە”.

ناوبراو وتیشی: كەیسی سەردەشت لەلای ئێمە وەك بنەماڵە و لەلای ئێوە وەك دەزگاكانی راگەیاندن و خەڵكانی ئازادیخواز بە كراوەیی ماوەتەوە هەتا ئەو كاتەی كە دادگایەكی سەربەخۆ دەبێت بكوژانی راستەقینە بە سزای خۆیان دەگەن.

تەواوی ووتارەکە لەم لینکەی خوارەوە بخوێنەرەوە:

https://sardashtosman.com/ku/wp-content/uploads/2018/05/rojnama-jyan.pdf

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.