وەهای گوت سەردەشت!*
ئەو بێدەربەست مرد.. وەک بێدەربەستیی گولەی کوڕەکانی قەڵا لە دەمیدا
بە عەشقەوە ڕژا،وەک پژانی عەشقی دوعا
وەک ڕژانی گوناهە جوانەکانی دوعا بەرەو دۆزەخ
وای لە عەشق،وای لە چیرۆکی تاڵی عاشق و مەرگ!
ئەو بێباک لەمەرگ،بەبزەیێکی کاڵ و تاڵ و لێوڕێژ لە ژەهر وتبوی:
من عاشقم،عەشقی ژنێک لەو دیو دیوارەکانی قەڵاوە
ژنێک دەکەوێتە ئەو دیوی ژیانەوەو
ژنێک ماڵی لە گەڕەکی دۆزەخ و..وای ژنێک هەر لە ئەزەلەوە دۆزەخیی بوو
ئەو عاشقی ژنێکی قەڵانشین بوو،قەڵاێک بەتاڵ لە عەشق
قەڵاێک هەزار مێردو هەزار ڕێی تێدایە بۆ زیندانەکان
بۆ فەلاقەخانەکان و بۆ سەردابەکان
وەلێ بەتاڵ
بەتاڵ لە کوێرە ڕێێک،لە ڕچەێکی باریک .. بتباتەوە ناو ماڵی عەشق
قەڵا بەتاڵ لە ماڵی کتێبان،لە گەڕەک و قاوەخانەی شیعر
خامۆش لە گڕە گڕی گیتارو لە لورە لوری شمشاڵ و لە ناڵەی دەف.
ئەو ئەستێرەی سەر شانی شکۆو ئازادیی بوو
بە ئاڵای پیرۆزییەکان پێڵاوی خوێناویی ئازادیی دەسڕیی
“کە بە تیری ڕاوی ئەوان پێکرابوو”
ئەو باڵی گەورەی ئازادیی بوو
هەڵقە هەڵقە زنجیرەکانی دەپچڕاند
ئەو عاشقە سەرەڕۆیە بوو
بێباک لەو پاسەوانانەی تەنها تیریان بە چراو ڕوناکییەوە دەنا
بە بروسکەی عەشقی ئازادیی سنورەکانی قەڵای موستەحیلی بڕیی
ژوانی نەکەردەی لەگەڵ شازادەی بێنازو پێوەندکراودا گرێدا
لەناو دڵی داخراوی قەڵای پڕ نهێنیی و نەگیراوی ئەواندا
حەقیقەتی گەورەو ترسناکی دۆزییەوە
ئەو کە لە دوورەوە عاشقی شازادەخانم ببوو
نەیدەزانی حەبیبە لە چ وێرانەێکدا دیلە
ئەو کە دەستی بەر جەستەی حەبیبە کەوت
وەهای هەست کرد پەنجەکانی بەر لێوی زوقمبەندی مەرگ کەوتبێت
یان ژنێک لە خۆڵەمێش..
یار..ڕەنگی جەنگ و بۆنی جەنگ و دووکەڵی براکانی لێدەهات
بۆنی عەشقی ئەو جامانە ئەرخەوانییەی لێدەهات
“جامانە گوڵ ئەرخەوانییەکەی بابە”
ئەو جامانە ئەرخەوانییەی هەردەم دەژێ و..هەردەم سەرمان دەخوات
ئەو لە گەڕان بەدوای عەشق و حەبیبەدا سەری بەر بەردی مێژوو کەوت
بەناو توونێلی مێژوودا گوزەری کرد
بە سەر ئەو تەرمە وێرانانەدا کەوت
کەس نەیدەزانی لە چ گەڕەکێکی عەشقەوە ڕاپێچ کرابوون
لە ماڵی چ کتێبخانەێکەوە،لە ج کۆڵانێکی هەژارو بێ نانەوە فڕێنرابوون
“کەس نەیدەزانیی لە کام سەرای ئازادییدا دیل کرابوون”
لە پێچی جامانەی هەنار ڕەنگدا گشتمان ژیانێکین وەک کرم
شتێکین باڵامان لە باڵای پێڵاوەکانی سەرۆک خوارتر
کۆیلەین بە زنجیرەکانمانەوە
هەموومان لەبەر پێ و پێیڵاوەکانی سەرۆکدا مەسیحێکی گوناهـ بارین
سەرۆک بێ ئەوەی لە ڕۆخسارمان بڕوانێت
لە قوولەکانی قەڵاوە،خوێنساردانە وەک بێژێت گەڵاێک لە دارێک بکەنەوە
لە پێچی جامانە ڕەنگ خوێناوییەکەیدا
مەرگنامەمان فڕێدەداتە بەر چەکمەی جەلادەکان
لە ڕیتوالەکانی قەبیلەدا هەموومان مەسیحی هەڵگەراوەین
دەبێت بە زامەکانمانەوە خاچەکانمان تا دۆڵی مەرگ بەکێش دەکەین.
لە ساڵنامەی قەڵادا هەموومان نەوەی”زۆڵین”
ئێمە کە ناچینەوە سەر خوانی گەنیوی هیچ قەبیلەێک
ئەو باڵندە نەفرەتییانەین
“دەبێت بە بازی کوڕە ڕاوچییەکانی قەڵا ڕاو بکرێین”
ئەو جڕوجانەوەرە کێوییانەین
“دەبێت پڵنگەکانی قەبیلە دەم لە گەروومان هەڵژەنن”
قەڵا حیکاێتێکی گەورەیە…”سەردەشت وەهای وت”
کازم قادر
28.04.2012
تێبینیی:
*(وەهای گوت زەردەشت) ناوی کتێبێکی نیتشەیە،ئەو کتێبە لای من هیچ بەهاێکی نییە،هەڵبژارنی من بۆ ئەو “تایتڵ”ـە(لەبەر هەر شتێک بێت کە پێویست ناکات بیڵێم)بەڵام لە سەرسام بوونم بەو کتێبەوە نەهاتووە