گەورەیی وایە ..!
د.هەژار معروف:
سه‌رده‌شت عوسمان به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ له هه‌ولێری پایته‌ختدا به به‌رچاوی پاسه‌وانه‌کانی زانکۆی سه‌لاحه‌دینه‌وه له (حه‌ره‌می جامعی) ده‌فڕێنرێ و دواتر لاشه‌ی بێ‌گیانی که چه‌ند فیشه‌کێک به ده‌میه‌وه بوه له موسڵ له 4 ی 5 ی 2010 ده‌بینرێته‌وه، وه‌ک ده‌ڵێن له نێوان هه‌ولێر و موسڵدا نزیکه‌ی 19 بازگه‌ی حوکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستانی تێدا‌یه! سه‌رده‌شت له 13 ی12 ی 2009 بابه‌تی یه‌که‌می به ناوی (من عاشقی کچه‌که‌ی بارزانیم) له (کوردوستان پۆست) دا بڵاوده‌کاته‌وه که تێیدا باڵی خه‌یاڵ و فه‌نتازیای ڕه‌خنه‌ی سیاسی به ڕه‌وشێکی گاڵته‌جاڕی و لاقرتی له گه‌ڕه‌کێکی هه‌ژارنشینی هه‌ولێره‌وه هه‌ڵیده‌فڕێنێته سه‌ر (سه‌ری ڕه‌ش) و ده‌یکاته زاوای سه‌رۆکی هه‌رێم، ئیتر به‌م خه‌یاڵپڵاویه ناز و نیعمه‌ت ڕوده‌کاته خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی: خۆی مانگی هه‌نگوینی له پاریس به‌سه‌رده‌بات و پاشان یه‌ک دو شه‌و له کۆشکی مامی کچه‌که‌دا له ئه‌مریکا به‌سه‌رده‌به‌ن. باوکه به‌دبه‌خته‌که‌ی که پ.م ی شۆڕشی ئه‌یلوله وخزمه‌ته‌که‌یان بۆ حیسابنه‌کرده‌وه ده‌کرێته وه‌زیری پ.م.، برا بێکاره‌که‌ی که ده‌رچوی زانکۆیه ده‌کرێته به‌رپرسی پاسه‌وانه تایبه‌تیه‌کانی خۆی، خوشکه شه‌رمنه‌که‌ی که ناوێرێت بچێته بازاڕ سه‌یاره‌ی پرادۆ و وه‌نه‌وشی وه‌ک هی کچه بارزانیه‌کان ده‌درێتێ، بۆ مامەكانیشی چەند دیوەخانێك دەكریته‌وە و ئامۆزا و خاڵۆزاكانیشی دەكرێن بە نەقیب و عەمید و ئامر لیوا. له بابه‌تی 2 ی‌دا که له 2ی1ی 2010 بڵاوده‌کرێته‌وه(نە سەرۆك خوایە نە كچەكەى) درێژه به ڕه‌خنه‌ی خۆی ده‌دا له ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ده‌ڵێت( دیموكراسییەتەكەى ئەم وڵاتە وایە نابێت لە جامانەى سور و گۆچانەكان بدەیت)، پاشان تکا له ڕه‌خنه‌گرێکی ده‌کات که ئه‌و (سه‌رده‌شت) هه‌رچه‌نده له هه‌ڵبژاردنه‌کانا خه‌باتی جیددی بۆ سه‌رکه‌وتنی لیستی گۆڕان کردوه، به‌ڵام با نه‌یخاته چوارچێوه‌ی (نه‌وشیروانیزم) ه‌وه، بۆیه به نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێت (بزانم خزمەت بە تاڵەبانى و بارزانى ناكات ئەوا یەكەمین كەسم زۆر بە توندى بڵێم تۆ بەشێكى لەم مێژووەى كە ئێمە ڕقمان لێیەتى). دواتر بێزار و نا‌ئومێد و غه‌مبار ده‌ڵێت ( لە ئێستاوە من وەك كوڕێكى بێ موبالاتى شەقامەكانى هەولێر ببینە، كە یاخییە لەم هەموو بت و پەیكەرانەى سوڵتەى ئەم وڵاتە، وەكوو ئیبراهیم چاوەڕوانى دەرفەتێكین تا هەموویان خاپووربكەین)، سه‌رده‌شت لێره‌دا ئه‌و هه‌ڵه کوشنده‌یه ده‌کات که له‌سه‌ر داوای ڕه‌خنه‌گره‌کانی وێنه‌یه‌کی خۆیان بۆ ده‌نێرێت و به‌مه ناسنامه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌درکێنێ. له بابه‌تی 3 ێیدا که له 21ی 1ی2010 بڵاوده‌کرێته‌وه ( یه‌كه‌مین زه‌نگی كوشتنم لێیدا …)، له‌مه‌یاندا باسی ئه‌و گه‌ڤ و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنانه ده‌کات که لێیانکردوه و چۆن ڕاگری کۆلیژه‌که‌ی و (عمید عه‌بدولخالق)ی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر سکاڵا که‌یان به جیددی وه‌رنه‌گرتوه و له به‌رپرسیارێتیی خۆیان ڕایانکردوه، پێشبینی ئه‌وه‌ش ده‌کات که ده‌کوژرێ. سه‌رده‌شت له هیچ یه‌ک له‌و مه‌قالانه‌دا سوکایه‌تیی شه‌خسیی به هیچ که‌س و سه‌رۆکێک نه‌کردوه، نوسینه‌کانی هه‌موی ئه‌و ڕه‌خنه سیاسیه ڕه‌وایانه‌ن له ناڕه‌وایه‌تی و هه‌ڵه و که‌م و کوڕیه بونیادی و بنه‌ڕه‌تیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی به پارتی و یه‌کێتیه‌وه که ڕۆژانه له ناو پاس و سه‌رجاده و له سه‌یران و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌جیاکان و له ڕاگه‌یاندنه‌کانی ئینته‌رنێت و بینراو و بیستراو و نوسراوه وه سه‌دان هه‌زار جار چه‌ندباره بۆته‌وه، ئه‌و ئاماده‌یه ڕه‌خنه‌ی توڕه‌ی خۆی له نه‌وشیروان مسته‌فاش بگرێت ئه‌گه‌ر ئه‌میش وه‌ک بارزانی و تاڵه‌بانی بێت.چاره‌ڕه‌شیی ئه‌و شێوه‌ی ڕه‌خنه‌که‌یه‌تی که دیاره ڕه‌خنه‌لێگیراوان به‌و فۆرمه ڕه‌خنه‌ییه ڕانه‌هاتون. له‌بیرمه که (Josef Strauss ) پاڵێورا بۆ سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌ڵمانیا به مونافیسه سۆشیالدیموکراته‌که‌ی گوت(پێڵاوی پله‌ی سه‌رۆک وه‌زیریی ئه‌ڵمانیا گه‌لێک له قه‌باره‌ی تۆ گه‌وره‌تره!). ده‌ڵێن (جمال عبدالناصر) ی باوکی نه‌ته‌وایه‌تی عه‌ره‌بی ڕۆژانه تازه‌ترین نوکته وجنێو و گاڵته‌جاڕی به خۆی و ڕژێمه‌که‌ی له ڕاوێژکاره‌کانی خۆی پرسیوه. پێڵاویان نه‌گرته ده‌موچاوی (بوش) و (ئۆردوگان)، هێلکه‌یان نه‌گرته (شرۆده‌ر) ی سه‌رۆک وه‌زیری پیشوی ئه‌ڵمانیا؟ ته‌ماته‌یان نه‌گرته مه‌لابه‌ختیار؟سه‌دان نمونه‌ی له‌م جۆره له مێژوی وڵاتانی دیمو‌کراتیدا هه‌یه که تێیدا سیاسیه گه‌وره‌کان یان ڕۆژنامه‌نوسان گاڵته و نوکته و لاقرتی به‌یه‌ک یان له‌سه‌ر یه‌ک ده‌که‌ن، یا ته‌وازوعی خۆیان و ناچیزی و بێهوده‌یی ده‌سه‌ڵات و پله و پایه‌ی دونیایی ده‌رده‌بڕن. حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن به شیعره گاڵته‌جاڕی و جنێوه‌کانی به سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانی کوردوستان له کاتی شه‌ڕی نه‌عله‌تیی براکوژیدا ناوی ده‌رکرد و ناسرا، ئێستاش له هه‌ولێر له به‌ره‌که‌تی ئه‌و شیعرانه له‌سه‌ر خوانی پارتی ده‌خوا و ده‌نۆشێ، نه‌ک ده‌کوژرێ! به‌دبه‌ختیه‌کی تری سه‌رده‌شت ئه‌وه‌یه که هه‌ولێریه و له هه‌ولێرا ده‌ژی، بکوژانی ئه‌و به‌کوشتنه‌که‌ی په‌یامی گولله‌ی ترس و تۆقاندن، که بۆ زۆرکه‌س له گولله‌ی ڕاسته‌قینه کاریگه‌رتره، بۆ هه‌مو ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی هه و‌لێرین یا له هه‌ولێر ده‌ژین، ده‌نێرن. بکوژه‌کانی سه‌رده‌شت ستراتیجیانه بیرده‌که‌نه‌وه، نایانه‌وێت هه‌ولێر وه‌ک سلێمانیی لیبێت. کوشتنی سه‌رده‌شت کوشتنێکی سیاسیی ڕوته، نه‌ک تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی گوایه سوکایه‌تی شه‌ره‌ف به سه‌رۆکی هه‌رێم کراوه، ئه‌وه‌تا پێیان گوتوه (ته‌مه‌نت چه‌ندی نه‌ماوه، یان به‌گوته‌ی خۆیان مۆڵه‌تی هه‌ناسه‌دانم له‌م شاره‌دا نه‌ماوه)،دواتر ده‌ڵێت (هه‌رچی بێت من له‌م شاره ناڕۆم و له‌چاوه‌ڕوانی دیداری مردنی خۆم داده‌نیشم…. بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌م هێنده‌ی حه‌زره‌تی مه‌سیح راستگۆبم له‌گوته‌كانما ). به‌ڕاستی سه‌رده‌شت بوبه ڕه‌مزی ئازادی و ئازایی هه‌ولێریه‌کان له خه‌باتی سیڤیل دا، و چوه ڕێچکه و ڕیزی نه‌مرانی تری ئه‌و شاره خۆشه‌ویسته‌وه، وه‌ک شه‌هیدی وشه (عبدالخالق مه‌عروف) و شه‌هیدی سه‌نگه‌ر شاعیر (جه‌میل ڕه‌نجبه‌ر). هه‌مو کورد ، به‌تایبه‌تی هه‌ولێریه‌کان حه‌قیه‌تی شانازیی هه‌تاهه‌تایی به سه‌رده‌شته‌وه بکه‌ن! سه‌رده‌شت ده‌ڵێت ( ئەگەر هات و كەوتیتە هەڵه‌یەكى ئاواوە ئەوا ئەوانیش رێگەچارەى خۆیان هەیە كە زۆربەمان ئەزانین چین) ئالێره‌دا وادیاره گومانی له‌خۆی کردبێت که هه‌ڵه‌ی کردوه، به‌ڵام بۆچی دڵبرینداران و سوکایه‌تی پێکراوان به ڕه‌خنه‌که‌ی ئه‌و نه‌هاتن ئه‌م هه‌لی دانپیانانی هه‌ڵه‌یه بقۆزنه‌وه و سه‌رده‌شت بانگ بکه‌ن بۆ گفتوگۆیه‌کی مه‌ده‌نیانه‌ی ئارام؟لێبورده‌یی و گه‌وره‌یی ئاواده‌بو! جگه له‌مانه هه‌موی، له‌سایه‌ی خێروبه‌ره‌که‌تی حوکومه‌تی هه‌رێم نزیکه‌ی %95 ی کوردی ناوه‌وه‌ی وڵات ئینته‌رنێت یان هه‌ر نیه، ئه‌و %5 ی که هه‌شیه‌تی هه‌موی ماڵپه‌ڕی(کوردوستان پۆست) که مه‌قاله‌کانی تێدا بڵاوکراوه‌ته‌وه، ناخوێنێته‌وه، ئیتر ئه‌م هیستیریایه بۆچی؟
من تکا و داوا ده‌که‌م له هه‌مو ئه‌وانه ی وه‌ک خۆم که کوشتنی سه‌رده‌شت به غه‌در و تاوان و کارێکی ترسنۆکانه ده‌زانن ، ئارام و له‌سه‌رخۆبن و کۆنترۆڵی هه‌ڵچونی سۆز و توڕه‌یی و غه‌م و جگه‌رخوێنیی خۆیان بکه‌ن ، له هه‌مان کاتیش‌دا توشی سستی و نائومێدی نه‌بن، هه‌مو وزه‌ی ده‌رونی و جه‌سته‌یی و عه‌قڵی و ویژدانیی خۆیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ دریژه‌پێدانی خه‌باتی په‌رله‌مانی و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان به شێوه‌ی ناتوندوتیژی و مه‌ده‌نی و ئاشتیخوازی بۆ گۆڕینی بنه‌ڕه‌تیی سیستمی حو‌کم له کوردوستان به‌ره‌و حکومه‌تێکی یه‌کگرتو و دیموکراتیی ڕاسته‌قینه‌ی په‌رله‌مانیی فره‌حیزبی عادیل له دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و سامانی زۆروزه‌وه‌ندی ئه‌م کوردوستانه. دۆزینه‌وه‌ی بکوژان و فه‌رمانده‌رکه‌رانی کوشتنی سه‌رده‌شت و سۆرانی مامه‌حه‌مه و شێخ ستار و… جێده‌هێڵم بۆ وه‌زاره‌ته‌کانی ناوخۆ و داد . به بکوژه‌کانی سه‌رده‌شت و به هه‌مو ئه‌وانه‌ی بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵات هاربون و توشی هیستیریا بون و له هیچ تاوانێک نا پرینگێنه‌وه ئه‌م شیعره ی گۆران ده‌ڵێم : (له‌به‌ر ده‌رگای چاوی ڕه‌شا بله‌رزێ و بڵێ ده‌ستی زۆردار سه‌د سه‌ر ده‌کا، ناگاته دڵێک).