سه‌رده‌شت عوسمان: راساوێک له‌ترسخانه‌دا
“ئازار و زه‌جرکێشان له پێناوی راستییدا هێزی تایبه‌تی خۆی هه‌یه،
که زۆر له هێزی شمشێر و ئاسن به‌هێزتره.”
(گاندی)
(رێنمایی خه‌باتی نافه‌رمی مده‌نیی، په‌ر هه‌رنگرێن، و: سیاوه‌ش گۆده‌رزی)
راستییه‌که‌ی ئه‌گه‌ر ترسێنه‌رانی ترسخانه‌ی کوردستان پێیان وابێت که به تێرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان، رووحی ئازادییی ده‌ترسێنن، که‌چی به پێچه‌وانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ئه‌و کرده کرێته‌دا خودی ئه‌و ترسخانه له کوردستاندا خۆی ریسوا ده‌کات. هه‌روه‌ک له ئاکامدا واده‌رچوو. دوای ئه‌و پێشهاته، ئه‌و ترسخانه‌یه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی خێڵ ئاکاری کوردستان خه‌ریکه له‌ناو رووحی هاووڵاتییانی کوردستاندا هه‌ڵیده‌چنێت، ده‌نگی ئازادیی به‌رزتر کرده‌وه. ده‌کرێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به سه‌رمه‌ستبوونی به پاره و به پاڵپشتی سه‌رمایه‌ی نه‌ریتی بۆماوه‌ی خێڵه‌وه له پاراستنی ئه‌و ترسخانه نه‌بینراوەدا به‌رده‌وام بێت، لێ دواجار خودی ئه‌و ترسخانه‌یه‌ی که ئێستا جڤاکی تێیدا به کۆیله‌کراوه، به ره‌فتاره هاودژ و ترسنۆکییه‌کانه‌وه جه‌وهه‌ری خۆی ئاشکرا ده‌کات و قه‌ده‌ری خۆشی له‌و ترسخانه‌یه‌دا کۆتایی بێت.
که‌واته سه‌رده‌شت له راسانه سه‌ره‌ڕۆیه‌که‌یدا، وێڕای تیبینیمان له‌سه‌ر ساوایی زمان و ئه‌زموونی، داهێنانێک به دژی ئه‌و ترسخانه‌ی کوردستاندا ئه‌نجامده‌دا، چونکه ته‌نیا قسه‌ی به دژی ئه‌و ترسخانه‌یه نه‌کرد، به‌ڵکو کرده‌ی نواند، رووحی خۆی به‌خشی. لێ داهێنانه‌که‌ی ئه‌و گه‌نجه جوانناسیی، ئێستێتیکیی نییه، به‌ڵکو ئێتیکییه؛ کرده ئێتیکییه‌ی وی، جا بکوژه‌که‌ی هه‌ر که‌س یان لایه‌نێک بێت، ئه‌و ترسخانه‌یه ریسوا ده‌کات؛ ئه‌و به‌و ده‌نگهڵبڕین، به‌و کرداندنه‌ی وشەوە ئه‌و ترسخانه کوردییه نه‌بینراوه راده‌چڵه‌کێنێت. به‌مه‌ش بوێری به فره‌ترین ده‌می به‌ستراوی نووسه‌ر، هاووڵاتیی و هێزه جیاوازه‌کان به‌خشی که به دژی ئه‌و ترسخانه‌یه‌ی ناو ناخی خۆیان و ده‌ره‌وه‌ی خۆشیان رابسێن.
به‌ڵێ، سه‌رده‌شت عوسمان گه‌نجێکی ساده بوو، لێ له جڤاکێکدا که دژی له دایکبوونی تاکه‌که‌سی سه‌ربه‌خۆ و جیاوازه، بوو به که‌سێکی ئازا. ئه‌و گه‌نجه له جڤاکێکدا که مه‌راقی سازاندنی پاڵه‌وانی بێ پاڵه‌وانییه، بوو به پاڵه‌وان. ئه‌و کوڕه سه‌رمه‌سته له رۆژگارێکی مێشسالار و سۆزورووژێنی نه‌ساغدا، بوو به نموونەیەکی سه‌روه‌ر. تۆ سه‌یری ئه‌و هه‌موو نووسینه سه‌ردوولکه ئاسایانه‌ی موفه-کیر و نووشته‌نووسانه‌ی کوردیی بکه که بۆ ئه‌و گه‌نجه له مێدیای کوردیی بڵاوده‌کرێنه‌وه! راستییه‌که‌ی زمانی کوردیی له‌سه‌ر بنه‌مای دیالۆگ و به‌ڵگه‌دارییدا به‌ره‌و ئامانجێکی هاوبه‌ش، به‌خته‌وه‌ریی گشتیی و داهێنانی ژیانێکی شکۆمه‌ند و پاڵه‌وانییه‌کی به‌رهه‌مدار رێناکات، به‌ڵکو به شێوازێک له سۆز خه‌ریکی گێره‌کردنه له‌ناو وه‌همی ئه‌و ترسخانه‌یه‌دا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه خودی کولتووری کوردیی و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ترسخانه‌ساز و مه‌رانگاز به نایه‌کسانییه‌یه که ئه‌و ته‌رزه ژیان و پاڵه‌وانه‌مان بۆ ده‌سازێنن. بۆیه دواجار ناچارین هه‌میشه سه‌رگه‌رمی لاواندنه‌وه‌ی نه‌بوون یان نه‌هاتنی ئه‌و پاڵه‌وانه بین، تاکوو له‌و ترسخانه‌ی ناخماندا رزگارمانبکات.
لێره‌دا ئه‌م نووسینه نیازی نییه وه‌ک نووسینگه‌لی تر به‌ڵگه‌ی وه‌همیی له‌سه‌ر هێزێکی دیاریکراو بسازێنێت، تاکوو بکوژی سه‌رده‌شت ده‌ستنیشانبکات. لێ به‌ڕاست گه‌نجێک، که ته‌نیا به رێگەی چه‌ند وتاری بێسانسۆر، مه‌یلدار به شکاندنی په‌نجه‌ره‌کانی ئه‌و ترسخانه‌ی کوردستانه‌وه ئاشنای بووین، نه عه‌داوه‌تی عه‌شائیری له‌له‌ڵ که‌سدا هه‌بێت، نه ژنی هه‌ڵگرتبێت و نه سیاسیی و بازرگان‌یش بێت (چونکه ئه‌و هۆکارانه ده‌ماری کورد ده‌هه‌ژێنێت)، بۆچی و چۆن به‌و پلانه داڕێژراوه تیرۆرکرا؟! لێره‌وه ئه‌وه “ده‌زگای ئاساییش”ی هه‌ولێره که ده‌بێت به کرده نه‌ک به قسه‌ی گوتراو ئه‌و نهێنییه‌مان بۆ ئاشکرا بکات، تاکوو له‌و وه‌همه‌ی که له هه‌مبه‌ر ئه‌ودا هه‌یه رزگارمان بکات. ئه‌وه‌ی واده‌کات که ئه‌مڕۆ هاووڵاتییانی کورد په‌نا بۆ وه‌هم و مه‌زه‌نده ببه‌ن، چونکه له ترسخانه‌یه‌کدا ده‌ژین که هه‌موو تشتێکی کردۆته سێبه‌ر؛ چونکه کاتێک که هاووڵاتییان نه‌توانین هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیان له‌سه‌ر بودجه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار، داهاتی هه‌رزانفرۆشی نه‌فت، تاڵان‌کردنی سامانی کوردستان، هۆکردی حەشاماتێک لە مووچه‌خۆر و ته‌قاویتی مشه‌خۆر، کۆمپانیای به‌رپرسه‌کان و نهێنی کۆی ئه‌و گه‌نده‌ڵکاریی و داخراوییانه‌ی حکومه‌ت هەبێت، چۆن ده‌ستبه‌رداری ئه‌و وه‌هماندنه بن؟! بۆیه کاتێک خه‌ڵک “ئاساییش”ی پارتی له کوشتنی سه‌رده‌شت و کۆی گه‌نده‌ڵییه‌کانی تردا به به‌رپرسیار ده‌زانێت، په‌یوه‌ندی به‌و ده‌سه‌ڵاته وه‌همییه‌ی ئه‌وه‌وه هه‌یه که ئه‌و هه‌م وه‌ک حیزب و هه‌میش وه‌ک حکومه‌ت له هه‌ولێر و ده‌ڤه‌ره‌کانی تردا هه‌یه‌تی. هه‌روه‌ک ئه‌گه‌ر ئه‌و تێرۆرکردنه‌ی سه‌رده‌شت له سلێمانی بووایه، به‌هه‌مان شێوه خه‌ڵک یه‌کێتیی تاوانبار ده‌کرد. لێره‌دا نابێت له بیرمان بچێت که یه‌کێتیی و کۆی حیزبه به‌شداره‌کان له حکومه‌تی کوردستاندا، به‌رپرسیارن له‌و تێرۆره و نه‌هامه‌تییانه‌ی کورد. چونکه ئه‌وانیش به‌شدارن له‌و حکومه‌ته‌ی که وێده‌چێ هه‌رگیز هه‌راش نه‌بێت.
جێگه‌ی سه‌رنجه که له‌و سوێده‌ی من تێیدا ده‌ژیم، که گرفت و گه‌نده‌ڵییه‌کانی له‌گه‌ڵ “حکومه‌تی کوردستان” به‌راورد ناکردرێت، مانگانه چه‌ندین خۆپیشاندان به‌دژی ده‌سه‌ڵات ده‌کردرێت، که‌چی له‌و هه‌ولێره‌دا به ده‌گمه‌ن خۆپیشاندانێکی ئازادانه له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو نادادپه‌روه‌ریی و تاڵانکارییه‌ی دەستەڵات به‌رچاو ده‌که‌وێت. بۆیه ئه‌گه‌ر پارتی بخوازێت خۆیی و خه‌ڵک له‌و وه‌هماندنه‌دا ئازاد بکات، ده‌بێت به کرده پرینسپی دیالۆگ، کرانه‌وه‌یی، گوێگرتن له رای تاکه‌که‌سه جیاوازه‌کان و … تاد بگرێته‌به‌ر، ئه‌گینا له داهاتوودا خودی خۆی له ناو چاڵه‌کانی وه‌همی ئه‌و ترسخانه‌یه‌دا ده‌خنکێت.
به‌ڵێ، کاتێک مرۆڤ له یه‌که‌م نیگادا که چاوی به دیمه‌نی ئه‌و نووسین و شه‌پۆلی ناڕه‌زاییانه‌ی نووسه‌ر و هێزه جیاوازه‌کان له کوردستان و هه‌نده‌راندا ده‌که‌وێت، وا ده‌زانێت که تێرۆرکردنی ئه‌و گه‌نجه، که به به‌خشینی رووحی خۆیه‌وه ژیانه نائازاده‌که‌ی خۆی ئازادکرد، له جڤاکی ئێمه‌دا که حیزب و هێزگه‌لێکی کۆنخواز به مجگێزی خێڵ ده‌یڕه‌تێنێت، کارێکی ناچاوه‌ڕوانکراو بێت. لێ راستییه‌که‌ی ئه‌گه‌ر پێشتر کۆی خه‌ڵکی کوردستانی باشوور به ده‌سه‌ڵاتدار و بێده‌سه‌ڵاتانه‌وه له‌ناو ترسخانه‌ی رژێمی به‌عسدا ده‌مکوت و هه‌تکراو بوو بێت، که‌چی له دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991ه‌وه تا ئێستا له ترسخانه‌ی پارتیی و یه‌کێتیی و کۆی ده‌سه‌ڵاته ئایینیی و خێڵه‌کییه‌کانی کوردستاندا له ژیانێکی ترسێنه‌ر و رۆح تێرۆرکراودا ده‌ژین. له کاتێکدا زۆرێک واده‌زانن که ئه‌مڕۆ له کوردستانێکی ئازاد‌دا ده‌ژین، لێ راستییه‌که‌ی، به واتای ژان پۆل سارته‌ریی، ئێمه لە کاتی بەرەنگاریی رژێمی بەعسدا، له ئێستادائازادتر بووین.
ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می به‌عسدا ئێـمه له‌ناو ترسخانه‌ی رژێمێکی دڕنده ژیابین، که‌چی هه‌نووکه له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیدا ترسخانه‌یه‌کی گه‌وره له ناو رووحماندا ده‌ژیت. چونکه ئه‌وکات هه‌رنا ویستی به‌رانگاربوونه‌وه‌مان تێدا بوو که رووبه‌ڕووی ئه‌و ترسخانه‌یه‌ی رژێمی به‌عس ببینه‌وه، به‌ڵام ئێستا که گوایه له چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی رزگارمان بووه، (هه‌ڵبه‌ت ئه‌مڕۆ له کوردستاندا ویستی نه‌ته‌وه، بووه به ویستی کاڵا)، بۆیه نه‌ک هاووڵاتییانی ناوه‌وه‌ی کوردستان، که له ترسی بژێویی ژیان یان مۆده‌ی لاساییکردنه‌وه‌ی به‌رپرسه لۆرت، خاوه‌ن کۆمپانیا یان زیندانییکردنیان یانیش کوشتنیان به ده‌ستی چه‌کدارێکی “نادیار” و له ژێره‌وه‌ش سه‌ر بە حیزبه ده‌سه‌ڵاتدار و ئسلامییه‌کانه‌وه ویستی به‌ره‌نگارییان تێیدا نه‌ماوه، به‌ڵکو ئه‌و ترسخانه‌یه له ناخی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ش ده‌ژیت که له هه‌نده‌راندا ده‌ژین.
به کورتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ئاڵۆزکاوه‌ی کوردستان ته‌نیا به رێگەی خوێنتاڵکردن و تێرۆرکردنه‌وه ئه‌و ترساخانه‌یه‌ی له‌ناو رووحی ئێمه‌دا هه‌ڵنه‌نه‌چنییوه، به‌ڵکو به ره‌فتاره‌کانییه‌وه توانی وا‌بکات که خودی خۆمان ئه‌و ترسخانه‌یه له ناخماندا ئه‌ستوور بکه‌ین. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ترسخانه‌یه ئه‌ستوور و ئه‌به‌دیی بکات ته‌نیا به هێزگه‌لی جیاواز له چه‌کدار، نووسه‌رو مشه‌خۆر ئه‌و کاره ناکات، به‌ڵکو هه‌وڵده‌دات خۆمان ببین به به‌شێک له‌و ترسخانه‌یه.
به‌مجۆره ئێمه‌ی هه‌نده‌راننشین، که به هه‌ر هۆیه‌ک بێت ناچارین سه‌فه‌ری ئه‌و کوردستانه داخراوە بکه‌ینه‌وه، ناچارین ببین به‌شێک له‌و ترسخانه‌یه.
هه‌روه‌ک نه‌مانزانی سۆرانی مامه حه‌مه و عبدالستار تاهیر شه‌ریف بۆچی و کێ تێرۆری کردن. واده‌ی ئاشکراکردنی ئه‌و تێرۆکارانه‌ش، وه‌ک وه‌ک حیکایه‌تی ماده‌ی 140 و که‌مکردنه‌وه نه‌ک له ناوبردنی گه‌نده‌ڵی، هێشتا دیار نییه.
له‌وه‌ش ناخۆشتر، هه‌نده‌راننشینه دڵسۆزه‌کان هه‌میشه له‌گه‌ڵ هه‌ر پێشهاتێکی به‌د که له کوردستاندا رووده‌دات، جا ژنکوژیی بێت یان گه‌نده‌ڵی یان گرتن و کوشتنی نووسه‌ران یانیش سازشی نیشتمانی بێت، ده‌بێت شه‌رم دایانبگرێت و به ناچارییش داکۆکی له ره‌فتاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کورد بکات که خۆشی بڕوای پێی نییه. لێره‌وه ئه‌و رووداوانه هه‌ر ته‌نیا ئاڵۆزکردنی دڕدۆنگییه‌کانی ژیانی هاووڵاتیانی کورد نییه، به‌ڵکو ئه‌ستوورکردنی ئه‌و مه‌ترسیانه‌شه که له‌سه‌ر ئایینده‌ی کوردستاندا له ئارادایه. چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ژیانی هاووڵاتیانی خۆی رێکنه‌خات ناتوانێت به‌رانبه‌ر نه‌یاره‌کانی کوردستانیش خۆی رێکبخات. هه‌ر بۆیه ئێستا کورد خه‌ریکه دۆزی که‌رکوک و زامنکردنی مافه‌کانی کورد و بۆردومان و که‌ڵه‌گاییه‌کانی تورکیا و ئێران و عێراقیش له‌سه‌ر کوردستان فه‌رامۆشبکات. ئێستا که دێهات و چیاکانی کوردستان له لایه‌ن تورکیا و ئێرانه‌وه کاولده‌کرێت، که‌چی ریسواکردنی ئه‌و ده‌ستدرێژییکردنه بۆ سه‌ر خاکی ئێمه وه‌ک به‌رپرسیارییه‌کی ئێتیکی سه‌یر ناکرێت.
به‌مجۆره ئه‌و ترسه‌ی که له ناوماندا ئاماده‌یه مه‌رج نییه ته‌نیا ترسێک بێت له گرتن یان کوشتنمان له پایه‌ی ئه‌وه‌ی که ره‌خنه‌یه‌کی توندمان له‌و ترسخانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردیی گرتووه، به‌ڵکو ئه‌و ترسه به‌شێکه له به‌رهه‌می ئه‌و گه‌نده‌ڵییه زه‌به‌لاح، نادادپه‌روه‌رییه بێ‌سنوور و سووککردنه‌ی به‌های مرۆڤ که بوونه‌ته مۆده‌یه‌کی چه‌سپاو له ژێر سایه‌ی چه‌کداری حیزبه‌کان و بگره ناوه‌ندی نووسه‌رانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتیشدا. له‌وه‌ش بترازێ، که له ترسی مێگه‌لێک مه‌لای خوتبه‌ده‌ر و ده‌مڕاستی حیزبه ئیسلامییه‌کان تۆ بۆت نییه قسه‌یه‌ک له‌سه‌رئه‌و ئیسلامگرییه پاشکۆیه‌ی جیهانی ئیسلامی یان ئازادی ژن یانیش ئه‌و مزگه‌فتخانه‌یه بنووسیت که چاکه و خراپه دابه‌شده‌که‌ن. به‌مجۆره رووحی ئێمه له ناو تۆڕێک ترسخانه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار، ئیسلامییه‌کی تووندڕۆ، ئاغا و نووسه‌رگه‌لێکی باڵاده‌ست له کوردستاندا گه‌مارۆدراوه. هه‌ر بۆیه ئێستا به‌رانبه‌ر ئه‌و ترسخانه نه‌بینراو و له‌پێناسه‌کردنه به‌ده‌ره‌دا دۆشداماوین که له ناخ و رووحماندا په‌لده‌هاوێژێت.
ئه‌وه‌تا له ماوه‌ی ئه‌و بیست ساڵه‌ی حکومڕانی خۆماڵییدا، له ترسی ئه‌و ترسخانه‌یە دەستەڵتدا به هه‌زاران هاووڵاتییانی کورد به‌ره‌و ئه‌وروپا سه‌ریانهه‌ڵگرت، که‌چیی به‌رپرسه گه‌نده‌ڵه‌کان و ئه‌و نووسه‌رانه‌ی که پاسه‌وانی ئه‌و ترسخانه‌یه‌ی حیزبه‌کان ده‌که‌ن نه‌ک هه‌ر بیر له ره‌هه‌نده نه‌ته‌وایه‌تیی و هۆکردی ئه‌و بێزارییه‌ی هاووڵاتییان ناکه‌نه‌وه، به‌ڵکو به پاساوی بنکۆڵ، جه‌ماوه‌ر و خۆشیان چه‌واشه ده‌که‌ن. له‌وه‌ش بترازێین، که سه‌دان له‌و کۆنه پێشمه‌رگه و هاووڵاتییه جیاوازانه‌ی که دوای هێرشه‌کانی ئه‌نفال و له ده‌ستی رژێمی سه‌دام له جیهاندا ئاواره بوون، به هۆی ئه‌و ترسخانه‌و گه‌نده‌ڵخانه‌یه‌ی که کوردستانی ته‌نیوه‌ته‌وه ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان.
که‌واته هه‌ڵه‌یه که ئێمه له‌و ژیانه دڵه‌خورپێیه‌ماندا وا‌بزانین که جاروبارێک به نووسینی ره‌خنه‌یه‌کی ساده یان که‌مێک توند له‌سه‌ر ناداده‌په‌روه‌ریی، گه‌نده‌ڵی حیزبه‌کان یان تێرۆرکردنی سه‌رده‌شه‌ته‌کاندا ئازاد ده‌ژین. نه‌خێر. هه‌ر یه‌ک له ئێمه باش ده‌زانین که دوای هه‌ر جۆره ره‌خنه‌یه‌کی توند ده‌بێ ده‌ست له‌وه بشۆین که ئیتر له ژێر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا بە سەرەوەریی بژین. دواجاریش ئه‌گه‌ر حه‌ز بکه‌ین له‌و ترسخانه‌یه‌ی حیزبه “قائیده‌کان”دا وه‌ک کۆیله‌یه‌کی ئازاد بژین، گه‌ره‌که په‌شیمانییه‌کی شه‌رمهێنه‌رانه رابگه‌یه‌نین. ئه‌وکاته‌ش ئیتر وه‌ک که‌سانێکی بووده‌ڵه ناچار ده‌بین ببین به بکوژێک یان پاسه‌وانییکردنی ئه‌و ترسخانه‌یه.
به‌ڵێ، به‌رده‌وامیی ئه‌و ترسخانه‌یه به‌رهه‌می ئه‌و ئه‌خلاقه مێشسالار و مجگێزه خێڵه‌کییه‌ی ئه‌و ده‌سته و تاقمه به‌ناو سیاسه‌تکار و نووسه‌رانه‌یه که ره‌گی له نه‌ریت و په‌یوه‌ندییه‌کانی خێڵدا داکوتاوه. ئه‌مڕۆ گرفته‌که له‌وه‌دایه که ئه‌و پێڕه له سیاسه‌تکار و نووسه‌ره له جیاتی ئه‌و په‌یوه‌ندییه نه‌ریتییه‌ی نێوان ره‌عیه‌ت، جووتیار و ئاغاکاندا خۆی له شێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کی مۆدێرنی رووکه‌شدا ده‌نوێنێت. هه‌نووکه ئه‌و پێڕه له نووسه‌ره به پاشگر و پێشگری “دکتۆر”، “پسپۆڕ”، “نووسه‌ر” و … تاد، ئه‌و په‌یوه‌ندییه خێڵه‌کییه تازه‌باوه په‌ره پێده‌دات. بۆیه ئه‌و پێڕه تا حه‌ز بکه‌ی ئاوقاتن له زارقه‌ڵه‌باڵغییکردندا. ئه‌و پێڕه نووسه‌ره تازه ره‌عیه‌ته زۆر له ئێمه باشتر باس له ئازادییی و مافی مرۆڤ، گه‌نده‌ڵیی و ناداده‌په‌ریی سیسته‌می خیڵ ده‌که‌ن. هه‌روه‌ک زۆر ئاوقاتانه گوته‌ی فێله‌سووفان له نووسنه‌کانیاندا هه‌ڵده‌ڕێژن، تاکوو خو‌ێنه‌ری سافیلکه چه‌واشه بکه‌ن.
به‌ڵێ، یه‌کێک له هۆکرده‌کانی به‌رده‌وامی ئه‌و دۆخه هه‌ژه‌ندهێنه‌ره‌ی که 20 ساڵه له کوردستاندا له ئارادایه، که ره‌نگه هه‌میشه‌ش به‌رده‌وام بێت، په‌یوه‌ندیی به‌و بونیاده نه‌زۆکه خێڵکه‌یی و ئاکاره‌ی نووسه‌ری کورده‌وه هه‌یه که خولیای بۆ ئازادیی ته‌نیا له زارقه‌ڵه‌باڵغییدا ده‌خوولێته‌وه نه‌ک له بیرکردنه‌وه‌یه‌کی کرده‌یی، داهێنه‌رانه‌دا. ئێمه ئه‌گه‌ر هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کی ساده له کۆی ئه‌و نووسه‌ر، شاعیره “گه‌وره”، رۆژنامه‌وان، موفه-کیر و … تاد بکه‌ین که شین و واوه‌یلا بۆ ئازادیی ده‌که‌ن، ئاسانه جیاوازییه‌کانی نێوان زار و ئاکاریان بناسینه‌وه. ئه‌و پێڕه نووسه‌ره به مه‌یلی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتێک، جا ئابووریی بێت یان ناوداریی، قسه له ئازادی ده‌که‌ن، ئه‌گینا بێبه‌ریین له ئاکاری ئازادیی. بۆیه کاتێک گه‌یشتن به ئامانجه‌کانیان، وێنه‌ی راستینه‌که‌ی ناخی خۆیانمان بۆ وێنه ده‌که‌ن.
به‌مجۆره سه‌رده‌شت عوسمان به پله‌ی یه‌که‌م قوربانیی 20 ساڵه‌ی ترسخانه‌که‌ی حکومه‌تی کوردستانه. مخابن دوای به‌رته‌کی خه‌ڵک به دژی تێرۆرکردنی سه‌رده‌شته‌وه ئه‌و حکومه‌ته زیاتر خۆی ئاشکراکرد که هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی کرده‌یی نییه. چونکه حکومه‌ت که‌وته په‌راوێزه‌وه و پارتی بوو به ده‌مڕاستی. پارتی خۆی به ره‌فتاره‌کانییه‌وه وای نیشانده که له له هه‌ولێردا خاوه‌نی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکه. بۆیه دوور له تاوانبارکردن، ده‌بێت خودی پارتی بکوژی سه‌رده‌شت ئاشکرا بکات.
دیاره هه‌مووکه‌س ده‌زانێت که تا ئێستاش له ئاستی کرده‌ییدا کوردستان به‌سه‌ر دوو ئیداره‌دا دابه‌شکراوه: حکومه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی. بۆیه بینیمان که له سلێمانییدا کۆی هێزه جیاوازه‌کان به ئازادیی هاتنه سه‌رشه‌قام و له هه‌ولێریش بێجگه له رۆژی ناشتنی سه‌رده‌شتی جوانه‌مه‌رگدا خۆپیشاندانێکی تری به‌رچاو رووی نه‌دا.
به‌مجۆره کاتێک خه‌ڵک ئه‌وها به‌دژی کرده‌ی تێرۆرکردنی سه‌رده‌شته‌وه ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕن، له‌به‌ر ئه‌وه نییه که رۆژنامه نووسێک به‌و شێوه دڕندانه‌یه تێرۆر کرا، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که کۆی هێزه جیاوازانه‌ی کوردستان هه‌ستده‌که‌ن ره‌نگه رۆژێک به هه‌مان شێوه له‌و ترسخانه‌ی حیزب‌دا به نادیاری بکوژرێن، بێ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌ده‌نیی و قانوونی هه‌بێت بکوژ و هۆکرده‌کانی تێرۆرکردنیان ئاشکرا بکه‌ن.
له‌و روانگه‌یه‌وه ئه‌گه‌ر دەستەڵاتدارانی هەولێر بخوازن هه‌م وه‌ک حیزب و هه‌میش وه‌ک حوکمڕانی حکومه‌ت له تردا ئایینده‌یان رووناک بێت، هه‌قه دوای تێرۆرکردنی سه‌رده‌شت و ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی که به دوایدا هات، به قووڵیی بیر له مێژوو و دۆخی ئێستای خۆی بکاته‌وه.
من پێم وانییه ئه‌مڕۆ هیچ حیزبێکی کوردی هه‌بێت هه‌ڵگری پرینسیپی دیمۆکراتیی و دادپه‌روه‌ریی بێت. بۆیه هه‌ر یه‌ک له‌و حیزبانه به جیاوازی که‌مه‌وه به‌شدارن له‌و ترسخانه‌ی کوردستاندا.
به‌هه‌ر حاڵ، لێره‌دا ئه‌م نووسینه له پێشهاتێکی هه‌ژه‌ندهێنه‌ر ده‌دوێ که له ژێر ده‌سه‌لاتی پارتییدا روویداوه، بۆیه مه‌به‌ستی نییه باس له کۆی گرفتی یه‌کێتیی و گۆڕانیش بکات. ده‌کرێ کێشه‌ی دەستەڵاتدارانی هەولێر ئه‌وه بێت که ناتوانێت بیر له‌وه بکاته‌وه که ئه‌و نه‌وه گه‌نجه‌ی ئه‌مڕۆ کوڕی سه‌رده‌می گڵۆبالیزمه نه‌ک کۆیله‌ی خێڵ، بۆیه ناتوانێت له ژیانێکی تۆقێنه‌ر و لێوانڕێژ گه‌نده‌ڵدا بژیت. هه‌روه‌ک پارتیی له کاتێکدا خاوه‌ن میدیایه‌که، که کوردستانی له تیڤییه‌کانییه‌وه له به‌زمی باڵه‌خانه، شه‌قامی ناقۆڵا، بازاڕگه‌ی گه‌وره، کولتووری هه‌ڵپه‌ڕین و سازاندنی ئایدلی له چاوه‌شان کورتکردووه‌ته‌وه، که‌چی له‌وه تێناگات که ئه‌و سیاسه‌ته شلکێنه‌یه کاردانه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و نه‌وه گه‌نجه داده‌نێت.
راسته ئه‌مڕۆ له ئاستی رووکه‌شییه‌وه ده‌سه‌ڵاتی خێڵ له کوردستاندا کاڵبووه‌ته‌وه، لێ نه‌ریتی خێڵ له شێوه‌یه‌کی ئاڵۆزدا له سیسته‌می ئێستای حکومه‌تی کوردستاندا ده‌ژیت. بۆیه له‌و دۆخه‌دا ئه‌گه‌ر تاکه‌که‌سێکی نووسه‌ر یان غه‌یره نووسه‌ر که هیچ خزمێکی به‌رپرسی له‌ناو ئه‌و دوو حیزبه یان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو حیزبه‌دا نه‌بێت و که‌سێکی نه‌ناسراویش بێت و به ئازادانه رووبه‌ڕووی ئه‌و پێڕه ده‌سه‌ڵاتداره‌ی ناو ئه‌و ترسخانه‌یه ببێته‌وه، چاره‌نووسی وه‌ک سه‌رده‌شت هه‌ژه‌ندهێنه‌ر ده‌بێت. له سیسته‌می خێڵدا ئه‌گه‌ر که‌سێک سه‌ر به خێڵێکی تر ره‌فتارێکی ناباو بکا یان رووبه‌ڕووی زوڵمی خێڵێکی تر بێته‌وه، ئه‌وکات یان دوو خێڵ ده‌بێته شه‌ڕیان یان به رێگەی پیاوماقولێکه‌وه کێشه‌که‌یان چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن. سه‌رده‌شت عوسمان قوربانی ئه‌و خێڵسالارییه ده‌مامکدراوه به بۆیاخی دیمۆکراتییه بوو. بۆیه نه پیاوماقوولێک ماوه و نه ئاساییش و نه قانوونێکیش هه‌یه بکوژه‌که‌ی ئاشکرا بکات. ئه‌مڕۆ له کورستان‌دا ئه‌گه‌ر تۆ که‌سێکی ناسراو یان خزمێکی ده‌سه‌ڵاتدارت له‌ناو پارتیی و یه‌کێتی و ئەوانیتردا نه‌بێت، ده‌کرێت له‌سه‌ر ساده‌ترین هه‌ڵوێستدا زۆر به ئاسانیی نه‌ک هه‌ر بێبه‌ش بکرێیت له هه‌موو مافێکتدا، بگره زۆر به خوێنساردیش تێرۆر بکرێیت. دواجار به‌زمه‌که به‌وه کۆتایی دێت، کاتێکی حیزبێکی تر وه‌ک بیانوویه‌ک تۆ به دژی ئه‌و حیزبێکی تر به‌کار ده‌هێنێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی کێشه‌ی سه‌رده‌شت بوو به هه‌ڵدانه‌وه‌ی کێشه‌ی نێوان پارتیی و گۆڕان و ئیسلامیی و یه‌کێتیی.
هه‌لبه‌ت ده‌بێت خوێنه‌ر ئه‌وه‌ی له یاد بێت، که کاتی خۆی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه په‌یکه‌ری شه‌هیدانیان شکاند، یان له کاتی خۆپیشاندانی شارۆچکه‌کانی گه‌رمیاندا چۆن پارتیی هه‌مان ئه‌و رۆڵه‌ی گێڕا که ئێستا حیزبه‌کانی تر له‌سه‌ر سه‌رده‌شت عوسمان ده‌یگێڕن. به‌ڵام کێشه‌ی حیزب و جڤاکی کوردیی ئه‌وه‌یه که ناتوانن له جیاتی ئه‌و کولتووره داخراو و تۆڵه‌خوازه بیر له رێگەی گفتوگۆیه‌کی ئاوه‌ڵا بکه‌نه‌وه، تاکوو بتوانن ئازادانه باس له کێشه‌کانی خۆیان بکه‌ن. کاتێک که مرۆڤ هه‌ستی کرد به ئازادیی ده‌توانێت قسه بکات، ئه‌وکات مرۆڤ ناچار نابێت چاوه‌ڕێی بیانوویه‌ک بکات، تا بڕوای خۆی رابگه‌یه‌نێت یان داوای مافه‌کانی خۆی بکات. بۆیه له‌وه‌ده‌چێت ئێمه تا بمێنین به ده‌ست کولتووری داخراویی و نائاماده‌یی دیالۆگدا بتلێنه‌وه.
سه‌باره‌ت به به‌های کو‌لتووریی گفتوگۆی ئاوه‌ڵا، بێسوود نابێت ئه‌گه‌ر ئه‌وه به یادی خوێنه‌ر بهێنمه‌وه که له وتاری “پرسیاری زمان، ویستی کۆزانینێکی هاوبه‌شه” دا، نووسیبووم: “کۆی هزر، زانست، چه‌مک، شۆڕشه کو‌لتووریی، پشه‌سازیی، گۆڕانه جڤاکیی و… تاد له رۆژئاوادا له ئاکامی کرده‌ی گفتوگۆ کردن و نووسیندا له دایکبوون. ئه‌و مه‌یله‌ی مرۆی رۆژئاوا بۆ ئاخاوتنێکی هاوبه‌ش، له گرێکی کۆن و به تایبه‌تیش له دیالۆگه‌کانی پلاتۆ (ئه‌فلاتوون)ه‌وه سه‌رچاوه هه‌ڵده‌گرێ. ئه‌و گفتوگۆیانه مانای گوتنی هه‌موو راستییه‌کان نین، به‌ڵکو ده‌ربڕی مه‌یلی گه‌ڕان و پرسیارکردنن. ئاخێوه‌رانی ئه‌و کتێبه به‌ره‌و تێگه‌یشتن له‌مدیوی بۆچوونه داسه‌پاوه‌کانه‌وه، بیرۆکه، پرسیار و وه‌ڵامه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا ئاڵوگۆڕ ده‌که‌ن. وه‌لێ ئه‌و ئاخاوتنانه رۆشناییه‌ک له ئاوه‌ز یان زانینیان له پشته‌وه‌یه. ئه‌و شێوازی ئاخاوتنه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و رۆشنبیرییه جیاوازانه‌وه هه‌بوو که به‌رهه‌مێک بوون له‌و جڤاکه نوێیه‌ی گرێکه‌وه.
به کورتی له “کۆمار”دا ئه‌وه پرسیاره نه‌ک وه‌ڵامدانه‌وه که ئاراسته‌ی گفتوگۆیه‌کانی سۆکرات دیاریده‌کا. لێره‌وه هونه‌ری زمانی پرسیارکردن ده‌بێته بنه‌مای کۆویستی زانین و تێگه‌یشتن له ره‌هه‌نده فره‌وانه‌کانی بوون. ئه‌گه‌ر کرده‌ی زمانی ئاخاوتن مه‌یلێک له گه‌ڕان به دوای پرسیارکردن و ژیانێکی شکۆمه‌ند بێت، که‌واته زمانێکی ئاوه‌ڵاش کۆویستی رێبه‌دیکردنی مرۆڤه به‌ره‌و ئه‌و ژیانه.”
بۆیه به بێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه وه‌همییه‌ی خێڵ، نابێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه بین که ئه‌و کولتووری دیالۆگ و کرانه‌وه‌یه له کوردستاندا له دایک بن. هه‌روه‌ک بێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه، مه‌حاڵه مه‌یلی قووڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و ترسخانه‌یه له لایه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه کۆتایی بێت. ئه‌و کو‌لتووریی داخراوییه له ناو خودی نووسه‌راندا زۆر ئاڵۆزتره. هه‌ر بۆیه کاتێک تۆ به کراوه‌یی ره‌خنه له نووسه‌رێک یان گۆڤارێک یان هه‌ر ره‌فتارێکی نووسه‌ران بگریت، ئیتر له لایه‌ن ئه‌و نووسه‌ر و پێڕه‌کانیشیه‌وه یان ئه‌و خاوه‌ن گۆڤاره‌وه ده‌بوغزێنرێیت. دواجار ئه‌و نووسه‌ره خاوه‌ن دوکانه رۆشنبیرییانه له فرسه‌تێکدا به ده‌گه‌یه‌کی خێله‌کیی تۆڵه‌ت لێده‌که‌نه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئاکامی ئه‌و ئاوه‌زه خێڵه‌کییه تۆڵه‌خوازه بێجگه له ئه‌ستوورکردنی بوغز له رووحی جڤاکدا، هیچ به‌رهه‌مێکی تری نابێت.
له‌و دیده‌وه دوای ئه‌وه‌ی که کێشه‌ی تێرۆرکردنی سه‌رده‌شت بووه شه‌ڕی نێوان پارتیی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و نووسه‌ران، ئیتر ده‌بێ گومان بکه‌ین له‌وه‌ی که پارتیی نه‌ک هه‌ر بکوژه‌که‌ی ئاشکرا بکات، به‌ڵکو به قووڵیی به خودی ئه‌و دۆخه گه‌نده‌ڵساز و ترسخانه‌یه‌شدا بچێته‌وه که خه‌ڵکی هه‌ولێر و کۆی ده‌ڤه‌ره‌کانی تر به کۆیله‌کردووه.
ده‌زانم دواجار ئێمه به دیار حیکایه‌ته‌کانی دۆزینه‌وه‌ی بکوژیی سه‌رده‌شت بێزار ده‌بین، بۆیه ده‌بێت به هه‌ڵپه له چاوه‌ڕوانی پێشهاتێکی هه‌ژه‌ندهێنه‌ری تردا بژین. دواجاریش دیسانه‌وه وه‌ک که‌له‌شێری وه‌همدار له‌ناو ئه‌و ترسخانه‌یه‌دا بقووقێنین، تاکوو به یادمان بێته‌وه که ئێمه هێشتا له‌و ترسخانه‌یه‌ی، که سه‌رده‌شت به به‌خشینی مه‌رگه‌که‌یه‌وه خۆی تێدا رزگار کرد، زیندانین.
به‌ڵێ، وتمان سه‌رده‌شت داهێنانێکی ئێتکیی کرد نه‌ک ئێستێتیکیی کرد. بۆیه زمانی نووسینه‌کانی هی رۆژنامه‌نووسێکی نوێ بوو یان خوێندکارێکی دادپه‌روه‌رخواز بوو، لێ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌و گه‌نجه به دوو یان سێ نووسینی ساده، توانی به راسانێکی سه‌رگه‌رمانه شاده‌ماری ئه‌و دەستەڵاتەرووح خێڵه‌کییه بگرێت که خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی ئاڵۆزه.
به‌هه‌مه‌حاڵ، سه‌رده‌شت له راسانێک، کرده‌یه‌کی ئێتێکیدا توانی ئه‌و ترسخانه‌یه‌ی که سیسته‌می خێڵ بۆمانی سازاندووه ریسوا بکات. به‌مه‌ش وایکرد هه‌موومان به‌رهه‌ڵستکاریی خۆمان له‌پێناو ئازادیی له به‌رامبه‌ر ئه‌و ترسخانه‌یه‌ی خێڵدا رابگه‌یه‌نین که له ناخماندا زاوزێ ده‌کات. که‌واته ده‌کرێ مه‌رگی سه‌رده‌شت مه‌ترسیی ئه‌وه ترسه‌مان به‌یاد بێنته‌وه، لێ ئه‌وه ته‌نیا خۆمانین که ده‌توانین ژیانمان له‌و ترسخانه‌یه ئازاد بکه‌ین.
به‌ڵێ، وتمان سه‌رده‌شت داهێنانێکی ئێتکی کرد نه‌ک ئێستێکیکیی. بۆیه زمانی نووسینه‌کانی هی رۆژنامه‌نووسێکی نوێ بوو یان خوێندکارێکی دادپه‌روه‌رخواز بوو، لێ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌و گه‌نجه به دوو یان سێ نووسینی ساده، توانی به راسانێکی سه‌رگه‌رمانه ئه‌و ترسخانه‌یه راچڵه‌کێنێت.
که‌واته سه‌رده‌شت له راسانێک، کرده‌یه‌کی ئێتێکیدا توانی ئه‌و ترسخانه‌یه‌ی که سیسته‌می خێڵ بۆمانی سازاندووه ریسوا بکات. به‌مه‌ش وایکرد هه‌موومان به‌رهه‌ڵستکاریی خۆمان له‌پێناو ئازادیی له به‌رامبه‌ر ئه‌و ترسخانه‌یه‌ی خێڵدا رابگه‌یه‌نین که له ناخماندا زاوزێ ده‌کات. که‌واته ده‌کرێ مه‌رگی سه‌رده‌شت مه‌ترسیی ئه‌وه ترسه‌مان به‌یاد بێنته‌وه، لێ ئه‌وه ته‌نیا خۆمانین که ده‌توانین ژیانمان له‌و ترسخانه‌یه ئازاد بکه‌ین.
ستۆکهۆلم
2010.5.26
* تێبینی: به‌شی زۆری ئه‌م وتاره به دوو به‌ش له ژماره 634 و 635ی “هاوڵاتی”دا بڵاوکراوه‌ته‌وه. لێره‌دا کۆی ئه‌م وتاره له “ده‌نگه‌کان”دا بڵاو ده‌که‌ینه‌وه.