گەنجى یاخى (نەبەز گیان) تۆ لەکوێى؟ نوسینی سەردەشت عوسمان

sardasht-nabazسه‌رده‌شت عوسمان:
ئەزانم هاوڕێ حەزت بەوە بوو تا ئەوسەرى کۆڵان لەگەڵ منداڵانى گەڕەک رابکەیت ئەوسا بڕۆیت، ئەملاو ئەولاى هاوڕێکانت ماچ بکەى ئەوسا بڕۆى*، بەڵام بەم هەموو ئازارەوە بۆ کوێ راکەى؟ ئاخر دوادەکەوى، بمانبوورە تاقەتى ماچکردنى ئەم رووخسارە پڕبرینەتمان نەبوو تا ماڵاوایت لێبکەین    .

هاوڕێى من (نەبەزگۆران) ئەم ئێوارەیە ویستم لە چایخانەیەکى گەڕەکى ئیسکان بتبینم و وەکو جاران بانگى چایچییەکە بکەى”برا چا بۆ ئەم عەزیزانە بێنە”، بەڵام نەبوویت، بەداخەوەم کە لەم ماڵپەڕەدا ئەورۆَژە خوێندمەوە کە ئەم شارەت جێهێشتووە، بمبوورە کە نەمتوانى ئێوارەیەک بەدیار پێکێکەوە باس لە برینى گەنجییەتیمان بکەین، خەم بۆ ئازارى شەقامەکانى ئەم پایتەختى خوێن و خەم و خیانەتە بخۆین    .

هاوڕێ مزگەوتەکەى قەڵاتت بیرنەچێت کە ناوت نابوو(فندق اللە)، ئەم هەموو عەزابەت بیرنەچێت کە لەمشارەدا کێشات، منیش ئەگەر یەسنا گەڕایەوە پێیدەڵێم” زۆر بێتاقەتەبۆت”، پێیدەڵێم ئەم کوڕە غەریبەیە تەمەنێکى بەدیار چاوەڕوانى تۆوە لەم شارە بردە سەر کچى شێت کەچى هەر نەگەڕیتەوە  .هاوڕێى من نەبەز گیان، دڵنیام هەواڵى مردنمانت پێدەگات، هەواڵى گەنجەکانى ئەم شارەت پێدەگات کە بە چ شەهامەتێکەوە پاکى خۆیان دەژین، بەڵام سەد داخ لێرە دەجالێک دەژیت تێنووە بە کاسەى ئێمە، ئێرە لەشکرێک دەیبا بەڕێوە کە ناشیرینترین جەنەڕاڵى هەیە تا رۆژى قیامەت.

کاتى ماڵاواییکردنى ئێمەش دێت هاوڕێ، من دڵنیام سپێدەیەک دێت کە ئێمەش جانتاکانى خۆمان پێچاوەتەوە، ئێوارەیەک دەستى دایکمان ماچ دەکەین و دەڵێن” ببوورە دەبێ جێتبهێڵین”، لە نیوەشەودا مێسجێک بۆ خۆشەویستەکەمان دەنێرین و بۆیدەنووسین” بەداخەوە م، کەبەیانى هەڵدەستى من لەمشارە نیم، ماڵاوا”.

خۆشحاڵم برا کە بەسەرکزییەوە نتمبینى، دڵخۆشم کە جوامێرى خۆت لەدەست نەدا، مەترسە وێنەیەکى تۆم لایە تا شێوەتم بیرنەچێتەوە، دڵنیاشم ئەوەندە جوامێرى تا حیکمەتت لەبیرنەکەم، هەرچى بێت زۆربێتاقەتى تۆم، بە هیوام کە سەلامەت بیت، بەڵام دڵنیام کە نابیت.

Saro.zardasht@yahoo.com

*ئەم دێڕەیە هى شیعرێکى نەبەز گۆران خۆیەتى لە کتێبى(یەسنا لەژێر بارانا سەیرى باخ دەکا

2009-11-19

sardasht-nabaz

تێبینی : رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان،دوای ئەوەی نەبەز گۆران لەلایەن چەتەکانی دەسەڵاتی کوردی بەتوندترین شێوە ئازار دەدرێت و لێیدەدرێت و بەناچاری شاری هەولێر جێدێڵێت و دەچێتە شاری سلێمانی،ئەم ووتارەی نوسیوە ..

Leave A Reply

Your email address will not be published.