گوڵە نێرگزی ئەم بەهارە بۆنی سەردەشت عوسمانی لێ دێ

bahar munzirبەهار مونزیر

قەلە ڕەشەکان و ڕاوچیەکانی جەنگەڵستان لە هەولێر، تووانیان کۆترە سپی و چاو گەشەکەی باخچەی گڵکەند و زانکۆ ڕاو بکەن، سەردەشت گیان تۆ تەنهانیت، وەک ئەوکاتەی بەتەنهای جەستەی شەکەت و هیلاکت لە کۆڵانیکدا جێهێڵرا،  من دڵنیات ئەکەم ئازیز تۆ نەک هەر خێزانەکەت، بەڵکو ئێستا هەموو هاوڕیکانت، زۆربەی لاوانی کوردستان  خۆیان بە هاوڕێت ئەزانن، خۆیان بە هەڵگری مەشخەڵ و گوڵە نێرگزەکەی ناو دەستت ئەزانن. 
ئێستا ئیتر تۆ بەتەنها کوڕی دایک و باوکێکی جەرگ سووتاونیت، تۆ ئێستاکە چرای ئازادی ناو ماڵی هەموو ئەو خێزانانەی کە دڵیان بۆ ئازادی لێ دەدات، ئێستا ئیتر تۆ وینەکەت تەنها لە ژوورە خامۆشەکەی خۆت هەڵنەواسراوە، بەڵکو ناو دڵمان، ناو ویژدانمان، هەموو شەقام و کۆڵانەکان هەر وێنەی تۆن، هەموومان بەردەوام و بۆ هەمیشە وێنەی تۆمان لەبەر چاوە.
 پەیامێک کە  ڕێژوان و سورکێو بۆیان هێنایت پەیامی لاوانی کوردستان بوو ، دڵنیابە ئەو خاڵەی داوات کرد دایانناو سەری دێڕیان دەست پێ کردەوە، سەردەشتی ئازیز ئەوەش بزانە کە هەموو خەندە جوانەکانت بونەتە تەلیسمێک پڕ پڕ لە میهرەبانی، وێنەکانت بوونەتە جوانترین دیمەنەکانی کوردستان.
سەردەشت گیان ئازایەتی تۆ بووەتە ئیلهام و ورەی لاوان، بۆ ڕوبەڕبونەوەی ئەو دەسەڵاتەی تۆی کردە قوربانی پیلانە تاریک و دژی ئازادیەکەی، سەردەشت گیان من نازانم ئەو پەیامەت پێگەشت کە بکوژانت وایان ئەزانی دوای تیرۆرکردنت ئەتوانن لە هەناو لە بیرماندا بتسڕنەوە، بەڵام نەیانزانی نەک ناتوانن بتسڕنەوە بەڵکو خەڵکی کوردستان داوای پەیکەرت بۆ ئەکەن و ئەیانەوێت تۆی بەهای بەرزی ئازادی بۆ هەتا هەتایە بمێنیتەوە،  سەردەشت گیان تۆ نەک هەر گوڵە نێرگزی  بەڵکو گوڵە نێرگزی ئەم بەهارە لەسەر هەر پەڕێکی نوسراوە سەردەشت عوسمان.

***     ***       ***

Leave A Reply

Your email address will not be published.