لە یادی سەردەشت عوسماندا

بڕوا ستار:

ئەم هەموو ڕۆژنامەنووسە دوای سەردەشت بە هەموویان نەیانتوانی وەک نوکی قەڵەمەکەی شەهید سەردەشت ئازابن و پەی بە هێڵە سوورەکان ببەن و بیانشکێنن ، ئاخر سەردەشت کوڕێکی ٢٢ ساڵی تەنها بوو بەڵام تەختی دەستەڵاتێکی ٧٠ ساڵی لەرزاند ، ئەو بە ڕەخنەکانی لە دەستەڵات و هەڵماڵینی دار و دەوەنی پیسیان ، دەیان ساڵ ئێمەی بردە پێشەوە !

دەپرسم کام ڕۆژنامەنووسەی لە ئێستادا ژیان دەکات و وەک سەردەشتەکەی گردعازەبان تەختی ئەم دەستەڵاتەی لەرزاندووە ؟  ئاخر بە وەفا بوونایە بۆ هاوڕێ و هاوکارەکەتان و وەک ئەو بوێرانە چاوەڕێی بکوژەکەی خۆتان بکردایە ، هیچ نەبوایە نوقتەیەکتان دانابوایە و لەسەری دێڕ دەستتان پێبکردایە ، بەڵام ئێوە هەر یەکە و لای حیزبێک یەکێک سەرەی نان و ئەویتریش سەرەی خوێن و دانەیەکیش سەرەی کاسەی ئینسانی گرتووە ، بۆ جارێک لە خۆتان ناپرسن ئەگەر سەردەشت بمایە ئێوەی بەم حاڵەتان ببینیایە چی پێ ئەوتن ؟! ، چۆن لە تاوی ئێوەی کت و مت و سەرکز بۆ نانە ڕەقەیەک سەریهەڵنەدەگرت ؟! تکا دەکەم بەخۆتان دابچنەوە و ئەم کۆمەڵگەیە وشیار بکەینەوە و ماسکی دەسەڵاتیش بماڵین ، بۆ ئەوەی هەم ڕۆحی سەردەشت ئاسودە بکەین و هەمیش شەهیدانی قەڵەم بحەسێنەوە .

Leave A Reply

Your email address will not be published.