سەردەشت عوسمان، ئەو ڕۆژنامەنووسەی بۆهەمیشە پێدەکەنێت!

گەشبیر ئەحمەد:

دایکەکە ناحەقی نەبوو، نیگەرانی دواکەوتنی کوڕەکەی بێت، ئاخر هەر هەفتەیەک بەسەر کوژرانی میدیای سنەوبەر دا تێپەڕیبوو، هاوڕێ‌ گیانیبەگیانییەکەی. ئەو کاتەی دەستی حزب بەبەر چاوی دایکیەوە تیرۆری کردبوو. ئەم ڕووداوە درێژکراوەی ئەو تیرۆر و کوشتنانەی دیکە بوو کە لەو وڵاتەدا لە چەند ساڵی دوای ڕاپەرین و شەری ناوخۆی ڕوویان دەدا. کوشتنی هاوڕێکەی باران بەدوای برینی هێشتا وشکەوەنەبووی ئەو ڕۆژنامەنووسە گەنجەی تردا هات کە لە مانشێتی رۆژنامەیەکدا نووسیبووی: “من عاشقی کچی سەرۆکم.” چەند رۆژێک بەسەر ئەو مانشێتەدا تێپەڕی نەکرد کە هەر لەبەردەم زانکۆکەی خۆیدا ڕفێندراو و پاش ماوەیەکی کەم لە شارێکی دوور بەکوژراوی دۆزرایەوە. ئەوان لەگەڵ ئەوەی خاوەنی هێز و لەشکر و سوپا بوون، بەڵام لە ئاستی پێنووسی ڕۆژنامەنووسێکی ڕاستەقینەدا زۆر ترسنۆک و بچووک بوون، هێندە ستەمکار و ڕقئەستوور بوون بەرامبەر بە پەیڤەکانی ئەو گەنجە ئازا و خۆنەویستە، هەر بە کوشتنیەوە نەوەستابوونەوە، بەڵکو تەرمەکەشیان شێواندبوو، چەندان گوللەیان بە کەللەی سەر و ناو دەمیەوە نابوو. ئەوان بە کوشتنی ئەو گەنجە جوان و بوێرە، ویستبوویان بڵێن کە هەر کەسێک وەها بنووسێت، دەکوژرێت، ئیدی لەژێر هەر ناوێکدا بێت، بەڵام نەیاندەزانی کە دەبێت بە پەڵەیەکی ڕەش و هەرگیز لە تەوێڵیان نابێتەوە. مەرگی ئەو گەنجە ڕۆژنامەنووسە هێندە برینێکی سەخت بوو، وڵاتانی دەرەوەش دەسەڵات و حکومەتە کوردییەکەی لەکەدار کرد.
تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس لەو هەرێمەدا شتێکی نامۆ نەبوو، دیاردەیەک بوو چەندان جار بە هەمان شێوە و بە هەمان سیناریۆ دووبارە بووبووەوە. لەدوای دەربازبوون و ژێردەستەیەیی حکومەتە دیکتاتۆرەکان، لەدوای ئەوەی پێی دەوترا ئازادی و حوکومڕانی ناوخۆیی، گرووپی چەتە و مافیاکان لەو هەرێمەدا زۆر زۆر بووبوون، هەمووشیان لەژێر فەرمانی چەند بەرپرسێکی حیزبی و حکومیدا کاریان دەکرد، ئەوەی بەدڵی ئەو بەرپرسانە نەنووسرایە و نەوترایە، ئەوە چارەنووسی ئەو کەسە ڕفاندن و شێواندن و کوشتن بوو، ئەوە جگە لەو سینارۆیانەی دوای کوشتنیان، مافیاکان وەک دەست و خەیاڵێکی لێزان و شارەزا بۆیان دروست دەکردن، جا هەر لە مردن بە پەلاماردانی بەرازی کێوییەوە بیگرە، تا پاروو لە گەروو گیران.

پاژێک لە ڕۆمانی (خوێنەکەی بەرپێی سنەوبەر)

Leave A Reply

Your email address will not be published.