سەردەشت عوسمان، قەدیسەکەی من !

رەنج عوسمان:

زۆر بوون ئەوانەی مژدەی سبەینێیەکی جوانتریان پێدەداین، بەڵام ئێستا شانیان داوەتە بەر شانی ئەوانەی ئەم جەهەننەمەیان خوڵقاند، بێ ئاگا لەوەی هیچ شتێک ڕوونادات جگە لەوەی کڵپەی ئاگرەکەی ناوی زیاتر تاو دەسەنێت!.
زۆربوون ئەوانەی بەدرۆوە دڵیان پڕکردین لە ئومێد، بەڵام تەنها گیرفانەکانی خۆیانیان پڕکرد!.
گەر سبەینێیەکی جوانتر هەبێت، ئەوا لە نێو دێڕەکانی تۆدایە، گەر هیوایەک هەبێت، لە نووکی قەڵەمەکەی تۆوە دێتەدەر سەردەشتی مەزن.
تۆ بەخوێنی خۆت وشە بە وشەت دەکرد بە قوڕگی ستەمکارانا، هێمن هێمن دوور لە قیڕەقیڕ و شاتەشاتی پاڵەوانە درۆزنەکانی سەر شاشەکان، بێ هیچ منەت کردنێک، گەر پاڵەوانێک هەبێت لەم جەنگەدا تۆیت، سەردەشتی هەمیشە زیندوو!.
زیندوو وەک خودی ئازادی، وەک ئەو قەڵەمەی لەسەری دێڕێکی تازەوە دەستپێدەکاتەوە.
چەند جوانن ئەو مرۆڤانەی لەگەڵ پەیامە ئینسانییەکانی خۆیاندا ڕاستگۆن، ڕاستگۆیی چییە؟، جگە لەوەی بزانیت جەللادەکان باکیان بە مردنت نییە و کەچی تۆ هەر خەریکی شکاندنی بتەکان بیت!.
ڕۆیشتنی تۆ واتا ئەبەدی بوونت، تۆ هەرگیز جەستەیەک نەبوویت و لێرە ڕۆیشتبیت، تۆ کۆمەڵێک پەیام بوویت بە تەنها بۆ ئێستا و ئێرە نەبوویت، پەیامێکی جاویدان و گەردوونی کە هەرگیز نامرن!.
سەردەشت هەرگیز کوڕی شووناسە لۆکاڵەکان نییە، ئەو مرۆڤێکی گەردوونییە، چونکە ئازادی و ئازایەتی و عەدالەت گەردوونین، سەردەشتیش واتا هەموو ئەوانە.
بۆیە تا مرۆڤێک داوای ئەمانە بکات، ئەوە وتەکانی ئەون لە گەرووی دێنەدەر!.
سەردەشتی ئازیز، بەڵێن بێت لە نەصلی تۆ بین، ئەو کوڕە بین کە نوقتەیەکمان دانا، لەسەری دێڕێکی تازەوە دەست پێبکەینەوە، بەڵێن بێت نەوەستین گەر سور دەزانین باکیان بە مردنمان نییە!.
بەڵێن بێت، قەدیسەکەی من، سەردەشتەکەی ناو لاپەڕە درەوشاوەکانی مێژوو!.

Leave A Reply

Your email address will not be published.