کەربەلاى سەردەشت

کامیل ژیر:kamil jer

ئەوە دە ڕۆژە
لام هەزار ساڵە
فەرهەنگى وشەم وەها پێکراوە 
بۆم کەوى نابێ
زیز و تۆراوە
فەرهەنگى وشەم
ئەڵێ دە ڕۆژى عاشوراى شینم
خەڵتانى خوێنى زام و برینم.
   *  *  *
ئەوە دە ڕۆژە
پێنووسم کۆڵە
جیهانم لەلا کەلاوەى چۆڵە
نە جریوەى مەل، نە بزەى لێوێ
نە گەڕان و گەشت
دە ڕۆژ عاشووراى کەربەلاى سەردەشت.
   *  *  *
ئەوە دە ڕۆژە
هەرچى ئەنووسم
هەرچى ئەڕێژێ دەست و پێنووسم
زیاتر لە تەرزە و لافاوى دواى وەشت
ئەیاندڕێنم
ناگەنە ئاستى کەربەلاى سەردەشت.
   *  *  *
کوشتنى سەردەشت
تەنیا کوشتنى پێنووسێک نییه‌
ئەشێ ئەژدەهاک
بڵێ جا مەرگى پێنووسێک چیە!؟
کوشتنى سەردەشت
کوشتنى بەهاى بەرزى رەوشتە
کوشتنى من و
بیر و ئازادیى ورد و درشتە
کوشتنى هەموو نەتەوەى کوردە
دەسى کەسێکى سووک و نامەردە
زەنگە بۆ تۆشە
یا ئەبێ کۆیلە
یا ئەوە بەشتە
کەربەلاى هەموو ئازادیخوازێ
وەکو سەردەشتە!
   *  *  *
ئەوە دە ڕۆژە پێنووسى وشەم
بۆتە مایە خەم
دارێکى زڕە، نایەتە بەرهەم
خامە خۆراکى بیرى زانایە
لاى گێل و گەندەڵ: بلوێر بۆ گایە
رابن لە گوند و لە شار و لە دەشت
رابوونە چارى کەربەلاى سەردەشت.

سلێمانى
14\5\2010

 

***     ***       ***

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.