ئەحمەد میرە:

ئەو دەسەڵاتەی رۆژنامەنووس تیرۆردەکات؛ لەو ورچە دەچێت کە خۆی لەسەر شێرە بەفرینەیەک گرمۆڵە دەکات کە وردە وردە دەتوێتەوەو دواتر ورچەکەش دەکەوێتە خوارەوە، چونکە نەمانی رۆژنامەنووسی ئازادو رۆژنامەگەریی ئازاد لەوڵاتدا، دەبێتە هۆکاری هەرەسهێنانی دیموکراسی‌و دواجارییش کۆی ژیانی تاکەکان لەکۆمەڵگەدا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

سەردەشت عوسمان؛ یەکێکە لەو هێمایانەی ئازادیی رۆژنامەگەریی کە بەدەستی پارتی تیرۆرکرا، ئەم تیرۆرکردنە بەشێکی تەواونەکراوی ئەو زنجیرە تیرۆرە سیاسییانەیە کە لەهەرێم لەرێگەی مەکینەی تیرۆرکردنی پارتییەوە؛ ئەنجامدراون‌و ئەنجامدەدرێن.

تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان؛ بووە سەرەتایەکی مەترسیدار بۆ ئاساییکردنەوەی پرۆسەی تیرۆرکردن لەکوردستاندا، چونکە ئەمجۆرە تیرۆرکردنە؛ شوێن‌و کات‌و بکەرەکانی ئاشکران، بەڵام بەئاسانی تێپەڕیی‌و تەنانەت مەکینەی راگەیاندنی پارتی کاری لەسەر ئەوەکرد؛ دیوێکی ناشرین بەخودی کەسایەتی تیرۆرکراوی سەردەشت ببەخشێت، بۆئەمەش هەم هۆکاری تیرۆرکردنەکەی جوانکرد‌و هەم کارەکتەری سەردەشتی لەکوڕێکی خوێندەواری گەنجەوە گۆڕی بۆ هەڵگری ناسنامەی کەسێکی تیرۆریست.

سەردەشت‌و پارتی دوو دیوی جیاوازی کۆمەڵگەی کوردیی دەردەخەن، سەردەشت نوێنەری ئەو رەوتە نوێیە بوو لەدنیای رۆژنامەگەریی کوردییدا کە دژی نایەکسانیی‌و بوونی نادادی سیاسیی‌و ئابووریی‌و کۆمەڵایەتی دەوەستایەوە، دەیانویست نیشتیمان بۆ هەمووان جێگەی خێرو بەختەوەریی بێت‌و بەواتایەکی تر؛ نیشتیمان تەنیا موڵکی کۆمەڵێک مرۆڤی بودەڵە نەبێت کە تەنیا ئاواتیان گیرفان پڕکردن بێت، نیشتیمان لەخەیاڵدانی ئەم نەوە نوێیەدا؛ تەنیا موڵکێکی گەورە نییە بۆ بازاڕکردنی سیاسیی‌و خۆدەوڵەمەندکردن، بەڵکو شوێنێکە بۆ بەختەوەریی‌و هێنانەدی خەونی گەنجانەی تاکەکانی کۆمەڵگە، لەبەرامبەردا پارتی نوێنەرایەتی ئەو رەوتە ستەمکارە سیاسییەیە کە دەیەوێت نیشتیمان بەجۆرێک بێت کە پاوانی تایبەتی بنەماڵەیەکی سیاسیی دیاریکراو بێت‌و تاکەکانی ناو کۆمەڵگە جگە لەمێگەلێکی سەرلێشێواو؛ هیچ بوونێکی ئازادیان نەبێت.

سەردەشت عوسمان پرسیارێکی جەوهەریی وروژاند کە وەڵامەکەی لەناو کۆمەڵگەیەکی خێڵەکیداو لەسایەی دەسەڵاتێکی رەشدا تەنیا تیرۆرکردنە، ئەو وتی نادادی لەم وڵاتەدا ئەوەیە مرۆڤ ناتوانێت تەنانەت خەون ببینێت بەوەی دەکرێت رۆژێک لەرۆژان گەنجێکی ئەم هەرێمە ببێتە زاوای سەرۆک، ئەم دیمەنی خەون بینینە حەرامانە لەمێژە لەناو کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا لەلایەن چیرۆکنووس‌و رۆماننووسەکانەوە کراونەتە دەقی ئەدەبی باڵا کە چەند جۆرێک دەسەڵات هەیە ئەوەندە دیکتاتۆرو خوێنڕێژە تەنانەت لەسەر خەونێک مرۆڤ دەکوژێت.

مۆدێلی مامەڵەکردنی پارتی لەگەڵ نەوە نوێیەکەی ناو ئەم کۆمەڵگەیە؛ لەسەر ئەو بنەمایە  بونیادنراوە کە نەک قسەکردن بەڵکو خەون ببینن بەپێی یاساکانی خێڵ هەمان سزای هەیەو دەبێت یاسایەک دەربچێت خەون لەگەنجەکان قەدەغەبکات، دەنا کارەساتە‌و تیرۆری زۆرتری بەدوادادێت، بۆیە دەڵێم پارتی لەمجۆرە دۆخانەدا لەورچەکەی سەر شێرە بەفرینەکە دەچێت‌و دڵنیام رۆژێک دێت هەم بەفرەکە دەتوێتەو هەم ورچەکەش دەکەوێتە خوارەوە.