لە یادی تێرۆر کردنی ( شەھید سەردەشت )

یوسف عوسمان عەزیز:
ئێمە ھەمومان درۆ دەکەین ، چونکە ھەر ھەمومان درۆزنین …
( بە درێژایی بیست و نۆ ساڵی ڕابردو ئێمە درێژە پێ دەری بەردەوامی ئەو دوو دەسەڵاتە تاوانکارەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بوین و ڕێگر بوین لە ناو چونیان )
———————
لەو بیست و نۆ ساڵەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی ، سوپایەک زمان درێژ و زمان لوسی شوان غافڵکە و ھەڵخەڵەتێنەری میدیا و فەیسبوک پەیدا بون بۆ بەرژەوەندی خۆیان سڵیان لە ھیچ چەواشەکاریەک نەکردۆتەوە و زۆریان سێبەری دەسەڵات بونە و بە ویست و مەرامی وان بۆ دەمێک چەقاوەسو و لەوغە چی بونە تا دەستیان گەیشتۆتە پلە و پۆستەکانیان لە ناو دەسەڵات و بەناو پەرلەمانە ڕیسوایەکە ئیتر لە ھێلکە چوینەوە و تەنیا جیقنەکەیان بۆ خەڵکە خەڵەتێندراوەکە ماوەتەوە .
دەسەڵات چەندە تاوان بارە ئەمانە بە بارتەقای ئەوان زیاتر بەر پرسیاری مێژون لە نەھامەتیەکانی خەڵکی نەزان و نەفام و ساویلکە .
بە درێژایی مێژوی ڕابردوی ئەو سەد ساڵەی بەربەرەکانی کورد و دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان گرفتی گەورەی میلەتەکەمان لەگەڵ چینە بەناو خوێندەوارەکەی بوە نەک جیفڵقاوەکەی ھەمو دەمێ لەسەر پێ بوە بۆ قوربانی .
بیست و نۆ ساڵی حوکمی دەسەڵاتی کەمینەی بارزانی و تاڵەبانی ئەوەی تاوان و غەدر و ناحەقی بوە بەرامبەر ئەو خەڵکەیان کرد لە سوک سوکتریان کردن ، بەبەر چاوی خەڵک بە ئاشکرا بونە چاوەش و گەوادی داگیرکەران ، بە فیتی تورکیاو ئێران و ئەمەریکا ھەرچی لۆتی و پۆتی و سۆزانی و خۆ فرۆشی کۆن و ئێستایان کردە سەردەستی ئەو میلەتەی ھەزاران ساڵە بێ پەروا ئامادەی قوربانی بوە و تاکە ناسنامەی ناسینەوەی قوربانی و شەھید بون بوە .
ئەو توێژە بە ناو ڕۆشنبیرە لێرە لە ناوە و ئەوەی تر لە دەرەوە ، ھێچ کامێکیان ئامادەی قوربانی ڕاستەقینە نیە بۆ گۆڕانکاری بنەڕەت و ڕیشەیی بۆ کەم کردنەوە یان نەھێشتنی ھەژمونی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە یەک خایەن تر . بەڵکو بونەتە ھۆی ورژاندنی شارە زەردەواڵەی پیاوە بەکرێگیراوەکانی دەسەڵات لە ئاسایش و زێرەڤانی و دژە تیرۆر و لەوێ وەش بەگرت دان و ڕاوەدو نان و ھەتا کوشتنیشی لێ کەوتۆتەوە جا لەوێ کەوتونە ھەڵڕشتنی فرمێسکی درۆیینەی تیمساحی و بەیان نامە نوسین و کەمپین ڕاگەیاندن ، کە ئەمەش ھەرە ھەڵوێستە ترسناکەکەیە کە یەکیان خەڵکی بێ ئومێد کردوە و ئەوەی تریشیان دەسەڵاتی زیاتر تەیار کردوە و خستویەتیە سەر پێ بۆ لێدان و کپ کردنەوەی پێش وەختە بۆ ھەر ھەوڵێکی مەترسی ڕاپەڕینی خەڵک .
بە کورتی ئەو بەناو توێژە ڕۆشنبیر و چالاکوان و ڕۆژنامە نوسەی ناوە وە و دەرەوە کار و کاسبیەکی ئاوایان دۆزیوەتەوە لەیەک کات بە حیسابی خۆیان خەڵک و خوا لە خۆیان ڕازی بکەن !

ھەولێر

٢٠٢٠/٥/٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.