گلکۆیەک لە گردعازەبان و سیمبولێک لە دڵمان ..

نیاز عەبدوڵڵا:
سەردەشت عوسمان بەهۆی نووسینی دوو وتار كە بریتیبوون لە “من عاشقی كچەكەی بارزانیم” كە ٣٤٨ وشەبوو، وە وتاری “نە سەرۆك خوایە نە كچەكەی” ئەویش ٨٠٤ وشەبوو لە هەولێر تیرۆركرا، بەڵام دوای رووداوی تیرۆركردنەكەی بە تەنیا لە دوو بەرگی كتێب دا ١٩١٥ لاپەڕە لە بارەی نووسین و بەرگریكردن لە ئازادی رادەربڕین و دژایەتی نادادپەروەری بڵاوكرایەوە، ئەمە جگە لەوەی هەزاران لاپەڕەی دیكەی نووسراو بۆ چاپی سێیەمی كتێبەكەی ماون و بەدەیان زمانی جۆراو جۆر لەبارەیەوە نووسراوە.

ئێمە و رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بەردەوام دۆسیەی تیرۆری سەردەشت عوسمان وەك یەكێك لە دۆسیە گەورەكانی دەربازبوون لە سزا دەهێنینەوە یاد.

سەردەشت بە تەنیا گڵكۆیەكی نییە لە گردعازەبان، ئەو لە دڵمانە.

وتارەكانی ئەو لەبارەی نادادپەروەری و جیاوازی چینایەتی رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بڵاودەبنەوە بە تایبەت لەلای نەوەی دوای راپەڕین. سەردەشت هەمیشە ئەوەمان بەیاد دەهێنێتەوە كە ئێمە لە چ واقعێكی سیاسی تاڵ دەژین و ئەم سەركردە سیاسیانە چۆن راوه‌دووی كەسانی ئازادیخواز و رۆژنامەنووسانی بوێر دەنێن كە دەیانەوێ ئازایانە دۆخی نادادپەروەری هەرێمی كوردستان بخەنە روو.

ئەو لە وتارەكانی بۆی نمایش كردین چۆن سەركردەكان لەسەر گرد و چیاكان دەژین و گەڕەكە هەژار نشینەكانیش بە خەڵكی هەژار و بێ كار و دەرچووی زانكۆی بێ كار و پیشە تەندراون.

ئەمڕۆ لە تەنیشت گڵكۆكەی سەردەشتم لە گردعازەبان، بەڵام پەیامەكانی ئەو هەر لێرەنین و ئەو وەك رووحێكی ئازاد لەناو وشەو و دێڕەكانمان لەبارەی ئازادی بوونی هەیە و سیمبولی ئازادیخوازییه‌.

لێرەوە لەبری ستافی مەراسیمی یادی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان و خانەوادەی سەردەشت عوسمان رایدەگەیەنم، ئەمساڵ بۆ بەرگریكردن لە پەیامی ژیاندۆست و مرۆڤدۆستی سەردەشت، كۆبوونەوە و گردبوونەوە بە ئەنجام ناگەیەنین بۆئەوەی ئازادیخوازان و بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ لە چوارچێوەی ئەو پەیامانەی سەردەشت بپارێزین لە ڤایرۆسێك كە ئەمڕۆ جیهان و كوردستانیشی گرتۆتەوە.

بۆیە ئەمساڵ بە میكانیزمێكی جیاوازتر یادی سەردەشت عوسمان دەكەینەوە و شێوازی كاركردنمان دەگۆڕین و پەیامەكانمان لە رێگای بڵاوكردنەوەی نووسین و كورتە ڤیدیۆ و گفتوگۆی جۆراوجۆر بڵاودەكەینەوە.

لێرەوە بەناوی هاوڕێیانمان و خانەوادەی شەهید سەردەشت داوا لە ئێوەی ئازادیخواز دەكەین، رۆڵ ببین لە بڵاوكردنەوەی پەیامەكانی ناوبراو بۆ بەرگریكردن لە دادپەروەری و ئازادی رادەربڕین و نەهێشتنی چینایەتی و هەژاری.

بكوژانی سەردەشت هەرچەند پێگە و دەسەڵاتیان لە هەرەمی دەسەڵات بەرزتر ببێته‌وه‌ و لەتەنیشت ئاڵای وڵاتان و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان دەربكەون، بەڵام هەرگیز نەفرەتی تیرۆركردنی سەردەشت و كاوە گەرمیانی و ویداد حوسێن و سۆرانی مامەحەمە لەوان نابێتەوە.

ساڵەكان چەند تێبپەڕن بەم شێوەیەی ئێستای دەربازبوون لە سزا، بەڵام رۆژانێك دێن كە ئەم بكوژانە لەبەردەم دادگایەكی دادپەروەر دادگایی بكرێن.

ریسوایی بۆ بكوژان و نەمری بۆ رۆژنامەنووسانی شەهید و ئازادیخواز

٣\٥\٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.