“تا ئەو شوێنەی کە ماوین دەبێت قسە بکەین”
شنە بەرزنجی:
ئەمڕۆ دە ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، ئەو پەیامەی ئەو لە نووسینەکانیدا رایدەگەیاند هێشتا زیندوون و بۆ ئێستاش هەر راستن، ئەوەش دوو لایەن دەگرێتەوە، لایەنێکی ئەوەیە کە پەیامەکانی ئەو رۆژنامەنووسە گەنجە هێندە لەناو ئازارەکانی گەل هەڵقوڵاون کە کۆن نابن، لایەنی دووەمیشی ئەوەیە دوای تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ئەو رۆژنامەنووسە، ئەو سیستمەی ئەو رۆژنامەنووسە رەخنەی لێ دەگرت هەر بەردەوامە، دوای تیرۆرکردنی ئەو نەک تەنیا پێشنەکەوتووە، بەڵکو زیاتریش دواکەوتووە، دوای ئەویش چەندین رۆژنامەنووسی دیکە لەژێر سایەی دەسەڵاتی کوردی تیرۆر کراون و بکوژەکانیشیان یان نادیارن یانیش بە ئازادی دەسووڕێنەوە.
نووسینەکانی سەردەشت عوسمان بەشێکیان بەدواداچوون و بەشێکیشیان وەرگێڕانن، بەشێکی دیکەشیان باس لە جیاوازی چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات، ئەو جیاوازییە کۆمەڵایەتییانەی نیو سەدەش دەبێت سەرچاوەکەیان کۆمەڵگەی کوردی کوێر بوەتەوە.
لە نووسینی (یهكهمین زهنگی كوشتنم لێیدا) زۆر بە ئاشکرا هەست بەو خەم و نیگەرانییەی دەکرێت لەدژی ئەو جیاوازییە چینایەتی و کۆمەڵایەتییە، بۆیە بە رستەیەک ئەو نیگەرانییە دەردەبڕێت و دەنووسێت “ئهوهی ئێمه دهترسێنێت بهردهوامی ئهم رۆژگارهی ئێستایه بۆ نهوهیهكی داهاتوو، نهك مردنی خۆمان.” لێرەدایە کە ئەو رۆژنامەنووسە وەکو چاوێکی تیژ کە بە ڕوونی ئایندە و داهاتووی لێ دیار بێت نیگەرانی خۆی رادەگەیەنێت.
لە لایەکی دیکەشەوە بە روونی ترسی خۆی لەو دەسەڵاتە دەردەبڕێت لەوەی کە ئەم دەسەڵاتە هێندە بێباکە کە كه باكی بهمردنی نهوهكانی خۆی نییه، لێرەوەیە کە دەنووسێت “بهدبهختی ئهم دهسهڵاته ئهوهیه، كه باكی بهمردنی نهوهكانی خۆی نییه.”
هەروەها لە هەمان نووسین پەیامی ئەوەشمان پێدەدات کە مەترسی زۆر لەسەر گەنجانی ئەم وڵاتە هەیە و دەنووسێت “ئهزانم ئهمه یهكهمین زهنگی مردنی خۆمه كه لهكۆتاییدا دهبێت بهزهنگێک بۆ گهنجهكانی ئهم مهملهكهته”. هەر واش دەرچوو کە بووە زەنگێک بۆ گەنجانی ئەم مەملەکەتە و دوای ئەویش سۆران و کاوە و وەداتیش لە سایەی هەمان هزر و لە جوگرافیای جیاوازدا هەمان چارەنووسیان هەبوو، بەڵام ئەمجارەیان بە ئاشکرایەنتر و بە رۆژی رووناک.
لەگەڵ ئەوانەشدا هەستی بەوە کردووە نووسینەکانی ژمارەیەک کەس و بەرپرسانی دەسەڵات نیگەران دەکات، هەرژەندە بە چرپەش قسە بکات، کاتێک دەنووسێت: “ههركاتێك ئێمه بهچرپه قسه دهكهین ئهوا ئهوان گوێچكهكانیان نائارام دهبن” سەلمێنەری راستیی قسەکەیەتی کە ئەو وەکو رۆژنامەنووسێک دەستی خستوەتە سەر ژێ و وەتەرە هەستیارەکانی دەسەڵات.
کە دەگاتە ئەو بڕوایەی ئیتر هەر دەبێت بەردەوام بێت و بڕیاری ئەوە دەدات کە دەنگ هەڵبڕێت دەنووسێت: “تا ئهو شوێنهی كه ماوین ئهبێت قسهبكهین.” منیش پێموایە رۆژنامەنووس تا ئەو کاتەی دەمێنێت پێویستە قسە بکات و بێدەنگ نەبێت.
04.05.2020
سەرچاوە: وێبسایتی لڤین