سەردەشت – ئەنتۆنیۆ گرامشییەکەی ئێمە

سیروان عەبدول:
دە ساڵ پێش ئێستا، لەم چەند کاتژمێرەدا، چەند کەسێک، دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر، بە ڕقێکی زۆرەوە سەردەشتیان کوشت.

لەو ساتەوە، دە ساڵ ڕۆیشتووە و هێشتا سەردەشت دادپەروەریی بۆ نەگەڕاوەتەوە. وە پێدەچێت جارێ ماوەیەکی زۆرتریش تێپەڕێت پێش ئەوەی فەرماندەران و ئەنجامدەرانی ئەو کوشتنە ئەو قەرزەیان لێ وەربگیردرێتەوە کە کەوتۆتە لایان. ئەمە ئەگەرچی بۆ هیچ کەسێک سەخت نییە بەدڵنیاییەکی زۆرەوە بتوانێت بزانێت کێ فەرماندەری سەرەکیی ئەو قەتڵەیە.

٭ ٭ ٭

ئەمڕۆ هەوڵم دا بیهێنمە پێش چاوی خۆم ئەبێت سەردەشت چۆن مامەڵەی لەگەڵ مەوقیفەکەدا کردبێت کاتێک بینیویەتی لەبەردەستی ڕفێنەرەکانیدایە و زانیویەتی بۆ ئەوە دەیبەن هەڕەشەکەیان بگەیەننە جێ.

بۆ ئەمە گەڕامەوە بۆ خوێندنەوەی ئەو دەقانەی ناو سایتەکەی کە لەو سەردەمەدا نوسیونی کاتێک هەڕەشەکانی لێکرابوو. ئەو دەقانە باوەڕم پێ دەهێنن کە سەردەشت لەو کاتەشدا منەتی بە بکوژەکانی نەبووە و هیچ پەشیمانییەک بە دڵیدا گوزەری نەکردووە.

ئینسان کە دەقی «یەکەمین زەنگی کوشتنم لێیدا» دەخوێنێتەوە و ئەوە دەبینێت کە ئەو دەقە لە چی سیاقێک و لە چی سەردەمێک و لەسەر چی پارچە ئەرزێک نووسراوە، هیچی بۆ نامێنێتەوە جگە لەوەی بحەپەسێت لەئاست ئەو هەموو جورئەت و سووربوونەی کە ئەو کوڕە لەبەرامبەر دەسەڵاتداران و پیاوکوژەکانیاندا پیشانی دەدات.

لەو دەقەدا ئاشکرا دیارە کە ئەو تەواو تێدەگات خۆی یاریی بە چی ئاگرێک دەکات و، ملی ناوە بە چی ڕیسکێکەوە و، بۆی هەیە بە زوویی چی ڕووبدات، کەچی یەک هەنگاو ناڕواتە دواوە.

ئەو کاتێک کە خۆی دەنووسێت ئامادەیە گەورەترین باجە مومکینەکە بدات کە مەرگی خۆیەتی، دیارە کە ئەو دێڕانەی هەروەک پڕکردنەوەی ئەو چاوەڕوانییە کولتورییە نانووسێت کە لە کولتوری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا باوە، بەڵکو سایکۆلۆجییەتی پشت دێڕەکان ئەوە پیشان دەدەن کە ئەو چاک دەزانێت مەرگی نزیک بۆتەوە، بۆیە خەریکی بژاردنی ئەو عاقیبەتە نەخوازراوانەیە کە مردنی خێرای خۆی دەیبێت. بڕوانە لەم دێڕەی خوارەوەدا بیری بۆ ئەوە دەڕوات کە زۆر ناڕێکیی تری بینیەوە و پلانی هەبووە ڕەخنەیان بکات:

• «تاكه ‌هۆكاری نیگه‌رانی من له‌م هه‌ڕه‌شانه ‌ئه‌وه‌یه ‌كه ‌هێشتا زۆر شت ماون قسه‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین و هه‌ر ئاوا به‌جێیان ئەهێڵین.»

٭ ٭ ٭

دروست نییە پێمانوابێت سەردەشت هەر تەنها لەسەر ئەوە کوژرا کە کچەکەی بارزانیی کردە فیگەرێکی ناو دەقێکی ساتیرانەی خۆی و بەوە دەماری دواکەوتووانەی خێڵێکی پاتریارکیی گرت. کارێکی وا ئیختیزالکردنی ئەوە بۆ کەسێکی موجازەفەکەر تەنها لەپێناو ئیستیفزازدا کە لەبەر ئەوەی بەحەزەر نەبوو، تووش بوو. کارێکی وا لابردنی فۆکەسە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە ئەو لەسەر ڕەخنەی سیاسیی کوژرا. سەردەشت کەسێکی خاوەن دۆز بوو، دەیزانی بۆچی ڕەخنە دەکات و چۆن مومکینە ووشە دۆخێکی ناڕێک بگۆڕێت. هەر لەو پێناوەشدا دەستی بۆ ئەو تاکتیکە برد و، لە دواییشدا پێداگریی لەسەر کرد و ووتی هیچ پەشیمان نیم.

باسکردنی کچی بنەماڵەیەک ڕۆڵی هەبوو لە تووڕەکردنیاندا، بەڵام ئەگەر سەردەشت هەر ئەوەندەی بووتایە و ئەو توانا گەورەیەی پیشان نەدایە لە داڕشتنەوەی ڕەخنەکەدا لە فۆرمی ساتیرێکی کاریگەردا، بە ئیحتیمالی زۆر دەقەکە بۆ ڕۆژی دوایی باسی نەدەما.

ئەوەی لە سەردەشتدا تووڕەکەرانە بوو بۆ ئەوانەی بەر ڕەخنەی کەوتبوون، یەکگرتنی چەند تایبەتمەندییەک بوو لەو کوڕەدا:

ئەو هەم توانایەکی دانسقەی هەبوو لە دۆزینەوەی فۆرمی سەرنجڕاکیش بۆ گەیاندنی ناوەڕۆکی قسەی خۆی و لە دروستکردنی وێنەی ئەدەبییدا بەدەوری پەیامی ناو ڕستەکانیدا، هەم چاونەترسییەکی گەورەی هەبوو لە دەربڕینی ڕای خۆیدا، وە هەمیش سەر بە ترادیشیۆنێکی جیاواز بوو لە ڕەخنەکردنی دەسەڵاتدا. ڕەخنەیەکی تەواو جیاواز لەو ڕەخنە باوەی ناو فەزای گشتیی لە کوردستاندا کە موناسەڕەی حیزبێک یان بەرپرسێک یان بەرەیەک لەبەرامبەر بەرەیەکی تردا پاڵنەری نوسینیانە.

دەقی «من عاشقی کچەکەی بارزانیم» بخوێنەرەوە و ببینە چی هێزێکی گەورەی جازبییەتی بۆ خوێنەر تیایە و، چۆن خوێنەر بەدوای خۆیدا کێش دەکات و دێڕ بە دێڕ، ڕەخنەی ڕەق و توند لە گەندەڵیی، لە فۆرمێکی نەرم و شیرین وەک پەشمەک، دەخاتە بەردەستی. سەردەشت پرۆژەی هەڵکەوتنی ئەدیبێکی بەتوانا بوو کە لە سەردەمی چرۆکردندا قرتێندرا.

سەیری ئەم وێنە شیعرییانە بکە لە وتارێکی تریدا بۆ ڕەخنەکردنی ئەزموونی حوکمداریی هەرێم و بۆ پرسیاردروستکردن لەسەر ئەو شتانەی پیرۆز کراون و ڕازینەبوونی نەوەی تازە بە پاکانە کۆنەکان دروستیان دەکات:

• «ئێمه‌ به‌دیار به‌ردێكه‌وه‌ دانیشتووین و چاوه‌ڕوانی هه‌ڵهێنانیشین. خه‌ریكه‌ عومری نه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێ ده‌كه‌ین جورئه‌تی ئه‌وه‌ ناكه‌ین‌ ده‌ست بۆ ئه‌م توحفه‌یه‌ ببه‌ین تا بزانین ئایه‌ به‌رده‌ یان هێلكه‌، چونكه‌ پێمانوایه‌ زۆر ناسكە و له‌وانه‌یه‌ بشكێت. به‌ڵام ئێستا نه‌وه‌یه‌ك حەز ده‌كات ماهییه‌تی ئه‌م توحفه‌یه‌ كه‌شف بكات كه‌ میلله‌تێكیان پێوە سه‌رقاڵ كردووه‌.»

ورد ببەرەوە، لەم چەند دێڕەی خوارەوەدا چی ئینتیگریتییەکی شەخسیی و چی شەخسییەتێکی ڕەخنەگری بێمنەت و چی وربینییەکی بۆ دۆخی سیاسەت لە هەرێمدای تیا دەبینیت:

• «هه‌میشه‌ پێموابووه‌ ئه‌وانه‌ی ئێستا ده‌یانه‌وێت ستایشیان بكه‌ین، به‌یانی داوای جنێو و شه‌ڕی ئه‌وانی دیكه‌مان لێده‌كه‌ن. له‌وانه‌شه‌ بۆ ئه‌وان كارێكی ئاسایی بێت كه‌ هه‌موو رۆژێك ئاوازێكی ناشیرینتر له‌ دوێنی بچڕن. به‌ڵام بۆ نه‌وه‌یه‌ك كه‌ جوامێری له‌ ئیراده‌یه‌تی مانای شه‌رمه‌زارییه‌. »

٭ ٭ ٭

سەردەشت بەو توانا زۆرەیەوە لە داڕشتنەوە و ڕێتۆریکدا زۆر ئاسان دەیتوانی لەناو ئەو شەڕە ئیعلامییە بێسەروبەرەدا کە حیزبەکان و بەرەکان لەنێوان خۆیایاندا هەیانە و لەو شەڕەیاندا تەواو موحتاج بە توانای داڕشتنەوەی قەڵەمبەدەستانن، دەیتوانی بچێتە پاڵ بەرەیەکیان و لەژێرەوە سەرچاوەیەکی داهاتی باش بۆ خۆی و خانەوادەکەی بەدەست بێنێت. سەردەشتیش دەیتوانی نووسینی ستوونێک بۆ ڕۆژنامەی «باس» یان هەر ڕۆژنامەیەکی تر بگرێتە ئەستۆ و، بۆ تەبریرکردنی ئەو کارە ناپەسەندەی خۆی، خۆی لە گێلیی بدات و پڕۆفیشناڵیتیی ڕۆژنامەکانی دەزگای پاراستن یان دەزگای زانیاریی، بشوبهێنێت بە پرۆفیشناڵیتیی ڕۆژنامەی «گاردیان»ی بریتانیی.

٭ ٭ ٭

هۆکاری ئەوەی کە سەردەشت ئامادە نەبوو بەو ڕێگەیەدا بڕوات کە نزیک بە سەرجەم نووسەران و ئەکادیمیستان و قەڵەمبەدەستان و «ڕۆژنامەنوس»انی ناو ناوەندی رۆشنبیریی کوردیی پێیدا چوون، بە ئیحتیمالی زۆر ئەوە بوو کە سەردەشت، بە جیاواز لەوان، ڕەخنەکردنی گەندەڵیی و سەرکوتگەریی دەسەڵاتبەدەستان لەڕێگەی بەشداربوون لە پەتکێشیی و حەساسییەتگۆڕینەوەی نیوان حیزبەکاندا فێر نەببوو، بەڵکو لەناو خێزانێکدا پەروەردە ببوو کە تیایدا باو بوو لە ڕوانگەیەکی چەپانەوە سەیری دەسەڵاتدارێتیی و ئیدارەی دەوڵەتیی بکات. بۆیە سەردەشت لە ترادیشیۆنێکی ڕەخنەیی تەواو جیاواز لە ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسانی ترەوە هاتبووە ناو فەزای گشتییەوە.

سەیری ئەم بێمنەتییانەی بکە لە ئیغرائاتی حیزبەکان و ئەم مەسخەرەکردنەی بەو ژمارە گەورەیەی ڕۆژنامەنووس و وتارنووسانەی ئیغرای بەشداربوون لە شەڕی نێوان حیزبەکاندا دەبن:

• «ئه‌وه‌ كاری ئێمه‌ نییه‌ سه‌رینه‌كه‌مان هه‌ر رۆژه‌ و لای به‌رپرسێك جێبێڵین و خه‌ریكی میكیاجكردنی ناشیرینییه‌كانی ئه‌م و ئه‌و بین … ئەو شوێنەی ئه‌و پیاوه‌ ناشیرینانه‌ی لێ دابنیشێت هه‌زار میل لێی دوورده‌كه‌وینه‌وه‌.»

• «کاری ئەوان لەم وڵاتە خوڵقاندنی مرۆڤی بێدەنگە و، دامەزراندنی ئەم مەخلوقەیە لە ڕێکخراوە بێدەنگ و بێکەڵکەکان.»

• «هه‌رچی به‌رهه‌می ئازادیی تفه‌نگ به‌ده‌سته‌كانه‌ بریتین له‌ كۆمه‌ڵێك ره‌عییه‌ت و له‌شكرێك له‌ پیاوی نۆكه‌ر.»

٭ ٭ ٭

ئەو جۆری بێمنەتییە لە مردن و، ئەو باوەڕهەبوونەی سەردەشت بە هێزی ووشە و ڕەخنەکردن، ئەو بێمنەتییە لە مردن و ئەو نەهجی گۆڕینەی کۆمەڵگا بە بیر ئینسان دەهێنێتەوە کە ئەنتۆنیۆ گرامشی لە زینداندا پیشانی دا و نووسی.

سەیری ئەم تەحەدییانە و ئەم فەلسەفەی گۆڕینانە بکە کە گرامشی پێش مردنی بەرچاویان دەخات:

• «ووتنی ڕاستیی کارێکی شۆڕشگێڕانەیە. دەبێت قسە بکەین و ڕا بدەین. ئینسان لەڕێگەی ڕەخنەوە دەتوانێت کولتورێکی نوێی ژیانکردن دروست بکات.»

• «هەموو کەس ڕۆشنبیرە، بەڵام کەم کەس لەناو کۆمەڵگادا وەزیفەی ڕۆشنبیر دەگرێتە ئەستۆی خۆی.»

• «ئەگەر پشت بە هۆشیاریی ببەسترێت، ئەوا من ڕەشبینم. ئەگەر پشت بە ویست و کردار ببەسترێت، ئەوا من گەشبینم.»

• «ئەوەی کە سەرکوتگەریی ئەنجام دەدرێت لەبەر ئەوە نییە کە ژمارەیەکی کەم خەڵک هەن دەیانەوێت سەرکوتگەریی ئەنجام بدەن، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵک لە کۆمەڵگادا بەرپرسیارێتیی پیشان نادەن و ڕووبەڕوو نابنەوە.»

سەردەشت عوسمانی ڕەخنەگر و گرامشی فەیلەسوف هەم لە جورئەتی ڕووبەڕووبونەوە و باوەڕ بە هێزی ووشە لە یەک دەچن، هەمیش لەوەی کە دەسەڵات بەئەندازەیەک بە قسەکردنیان سەغڵەت بوو کە چارەسەرێکی تری بۆیان نەبینی لەناوبردنیان نەبێت.

بەم مانایە، ئێمەی کوردیش گرامشییەکی خۆمان هەیە لە سەردەشت عوسماندا.

٭ ٭ ٭

Leave A Reply

Your email address will not be published.