دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز هەژار کاکەیی پارێزەر و چاودێری سیاسی، سەبارەت بەدەهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان

هەژار کاکەیی: لە هەرێمی کوردستان هەر تاوانێک کە ئەنجامدەدرێت لە ماوەی کەمتر لە بیست وچوار کاتژمێر تاوانباران دەستگیر دەکرێن، تەنیا ئەو تاوانانە نەبێت کە دەسەڵات بۆ خۆی ئەنجامدەری تاوانەکەیە و خۆی نەخشەی بۆ تاوانەکە داڕشتوە…
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز هەژار کاکەیی پارێزەر و چاودێری سیاسی، سەبارەت بەدەهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان.

بۆپێشەوە: سەردەشت عوسمان بەدوای وتاری” من عاشقی کچەکەی بارزانیم” کە دیمەنی نابەرابەری کۆمەڵگەی چینایەتی دەخاتە ڕوو، سەرەتا تووشی هەرەشە و پاشان تیرۆر دەکرێت، کەواتە کەیسەکە دیارە و نەخشە دارێژەرانیشی ئاشکران… کەچی دادگا و داواکاری گشتی هیچ ڕۆڵێک ناگێڕن… ئەمە چۆن لێک دەدەنەوە؟
هەژار کاکەیی: سەردەشت عوسمان یەکێک بوو لەڕۆژنامەنووسە بوێرەکانی باشوری کوردستان. ئەو بە نووسینەکانی وێنەی ژیانی شاهانەی بەرپرسان و بە تایبەتی مالباتی بارزانی نیشانمان بدات، و بەراورد لەگەڵ ژیانی کولەمەرگی خەڵکی زەحمەتکێش و نیشتیمان پەروەری کوردستان کە لەسەردەمی شۆرش و بەرخودان خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە تێکۆشانن، بەڵام لە سایەی حوکمڕانی بنەماڵەکان ئەو خەڵکە تێکوشەرە فەرامۆش کراون لە بری ئەوان جاش و مستەشارو پیاوانی بەعس لە قیمەی دەسەڵاتن .
لە هەموو دونیا هاوڵاتی مافی خۆیەتی لەکەس وکاری فەرمانڕەواکان بکۆلێتەوە و شێوازی ژیانیان بزانێت، ئەوە نە تاوانە و نە کوفرە، بەڵام هەموومان دەزانین کە بنەماڵەی بارزانی خاوەنی سیستەمێکی خێڵەکی و دواکەوتوون لە کۆمەڵگە، بۆیە باسکردنی شێوە مجازیەکەی عشق لای ئەوان گەورەترین تاوانە. ئەمە لە کاتێکدا کە نە سەردەشت عوسمان کچی مەسعود بارزانی دیوە، و نەکەس دەزانێت ئایا مسعود بارزانی کچی هەیە یاخود نا. بەڵام شێوازە عیشقە مەجازیەکەی سەردەشت بۆ خستنە ڕووی کۆمەلێک ڕاستی بوو لەسەر بنەمالەی بارزانی.
بەداخەوە شەهید سەردەشت چاک دەیزانی بە ناوهێنانی کچانی ئەو بنەماڵەیە ژیانی دەکەوێتە مەترسیەوە، چاکیش لە شێوازە داخراوەکانی ژیانی بنەماڵەی بارزانی تێگەیشتبوو، بەڵام بۆ بەردەوامبوون لە بەرگریکردن لە مافی تەواوی چین و توێژەکانی کوردستان سور بوو لەسەر دەستبردن بۆ نووسینی بابەتێکی تەنز ئامێزی لەو شێوەیە.
بۆپێشەوە: دوای هەموو کردەوەیەکی تیرۆریستی، دەسەڵاتی سیاسی سیناریۆی ساختە وەردەخات، کەسانێک وەکو تۆمەتبار دەخاتە ڕوو، لەهەموو ئەو سیناریۆیانەشدا مایەپوچ دەبێت، کەچی دەستبەرداری ئەم سیناریۆ پوچانە نابێت… چۆن دەڕواننە ئەم مامەڵەیە؟
هەژار کاکەیی: لە هەرێمی کوردستان هەر تاوانێک کە ئەنجامدەدرێت لە ماوەی کەمتر لە بیست وچوار کاتژمێر تاوانباران دەستگیر دەکرێن، تەنیا ئەو تاوانانە نەبێت کە دەسەڵات بۆ خۆی ئەنجامدەری تاوانەکەیە و خۆی نەخشەی بۆ تاوانەکە داڕشتوە. شەهید سەردەشت لەلایەن خودی دەزگای پاراستنی پارتیەوە تیرۆرکرا ئەوە پێویستی بە خستنە ڕووی بەڵگە نییە، چونکە تاوانبارەکە کە خودی سەرۆکی ئەو کاتی دەزگای ئاسایش و زانیاری پارتیە. بەداخەوە لەو کەیسانە دادگاکان سەربەخۆ نین چونکە ئاشکرایە کە زۆربەی زۆری دادوەرەکان یەکسەر پشتگیری حزب دەکەن، و بێ هیچ بنەمایەکی زانستی کراون بە دادوەر. بۆ لەو کەیسانە دادوەرەکان و دادگاکان ئەلقە لەگوێی حزبەکان دەبن، و ناوێرن بڕیارێک بدەن کە حزبەکانیان ناڕەحەت بکات. بۆیە ئەگەر بمانەوێت دەسەڵاتێکی تەندروست و سیستەمێکی دیموکراسی لە کوردستان بێتە کایەوە؟ دەبێت سەرەتا دادگاکان سەربەخۆ بکرێن. پێموابێت دادگاکانیش سەربەخۆ نابن، تا ئەو پێگە گرنگە لەو دادوەرە حزبیانە پاک نەکرێنەوە، و کەسانی سەربەخۆ و شایستە نەهێنرێنە ناو دەسەڵاتی دادوەری.
دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەمیشە لە دوای ئەنجامدانی کارە تیرۆریستیەکانی، هەوڵدەدات سیناریۆی درۆینە بۆ کارە تیروریستیەکەی دروست بکات. بەڵام پێش ئەوەی سیناریۆکان نمایش بکات، هەموو لایەک لەو سیناریۆیانە تێگەیشتوین تەنانەت شێواز و چۆنیەتی نمایشەکەی دەسەڵات پێش خۆیان خەڵک باسی دەکات، وەک چۆن لە تیرۆرکردنی شەهید سەردەشت و پاشان هێنانی چەند کەسێک بۆ سەر ڕاگەیاندنەکان گوایە ئەوانە بکوژی شەهید سەردەشت عوسمانن، هەروەک چۆن شوکری زینەدین لە ئامێدی تیرۆر دەکرێت پاشان وا بڵاوی دەکەنەوە گوایە بەراز خواردویەتی، یان ویداد حسین کە لە دهۆک تیرۆر کرا، یان سۆرانی مامە حەمە کە لە کەرکوک تیرۆر کرا، ئەوانە هەر هەموویان لەلایەن خودی پارتی و دەزگای پاراستنی ئەو حزبەوە تیرۆر کراون، وەک چۆن کاوە گەرمیانی لەلایەن یەکێتیەوە تیرۆر کرا. ئەوانە کەسیان خیانەتی نیشتیمانی یان تاوانیان ئەنجام نەداوە، بەڵکو هەموویان لەسەر بیروڕای جیاواز تیرۆر کراون. ئەوەش مشتێکە لە خەرمانی تاوانەکانی ئەو حزبانە لە باشوری کوردستان .
بۆپێشەوە: دیمەنی تیرۆری کەسایەتییە سیاسیەکان، نووسەران و ڕۆژنامەنووسان، تا ڕادەیەکی زۆر ئاشکران، کەچی دەسەڵاتی سیاسی بە ئاشکرا ئەم دیمەنانە، دەشارنەوەو فایلسازی درۆینە دەرخواردی کۆمەڵگە دەدەن، ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟
هەژار کاکەیی: هەرچەندە دەسەڵات هەوڵدەدات کە دیمەنی تیرۆری کەسانی سیاسی و ڕۆژنامەنوسان پەردە پۆش بکات و بیان شارێتەوە، بەڵام ئەوە کارێکی مەحاڵە. بە پێچەوانەوە کەیسی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و سیاسی و ئازادیخوازان بۆتە پەڵەیەکی ڕەش لە مێژووی فەرمانڕەوایی ئەو دوو بنەماڵەیە لە ناوەندە جیهانیەکان. ئێستا سەردەمی تەکنەلۆجیا و دونیای سەردەمە، دەنگمان دەگاتە هەموو ناوەندە جیهانیەکان و پەرلەمانی وڵاتان و ڕێکخراو و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان. بۆیە بە بەردەوامی لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باسی ئەو تاوانانەی پارتی و یەکێتی دەکرێت و لە زۆربەی دیدارەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم سەرکۆنەی ئەو تاوانانەیان دەکرێت، تا وای لێهاتووە لە هەرێمی کوردستان دەزگایەکی تایبەت بکرێت بۆ وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان کە زۆربەیان باس لە پێشێلکردنی مافی ئازادی دەکەن لە هەرێمی کوردستان .
کەیسی ئازادی ڕۆژنامەنوسان و شەهیدانی قەڵەم بوە بە دۆسیەیەکی نێودەڵەتی، و بەردەوام قسەی لە بارەوە دەکرێت، تەنانەت لە ئێستادا بەرپرسانی هەرێم کە سەردانی ئەوروپا، یان ئەمریکا دەکەن جورئەتی ئەوەیان نییە بە ئاشکرا بڕۆن، چونکە هەمیشە بە وێنەکانی سەردەشت عوسمان و تەواوی شەهیدانی قەلەم ڕیسوا دەکرێن و دەکەونە بۆسەی خەباتی مەدەنی ئازادیخوازانەوە.
لە کۆتایی دا دەمەوێت بڵێم هەمومان عاشقی کچەکەی بارزانین و دەمانەوێت ببینە هاوەڵزاوای سەرۆکی هەرێم.

Leave A Reply

Your email address will not be published.