لە یادی ١٠ ساڵەی ھەڵھاتنی خۆرێکدا

تحسین قادر:

قوڕیان بەسەر کە تۆ جاران گوڵێ بووی

چرایێ بووی رووناکی کۆمەڵێ بووی

ئێستا بوویتە خۆرێکی ئەم ئاسمانە


شەوقت دەگا بە گشت ئەم کوردستانە

 

ئەو کۆپلەیەم لە شیعرێکی مامۆستا خالید دلێر خواست کە بۆ شەھید ئارام محەمەد کەریم-ی پارێزەری نووسی، پاش گوللەبارانکردنییان لەگەڵ ھەردوو خوێندکار و ھاوڕێی کۆمەڵە، شەھیدان ھیوا و سەردار دا لە ١٧ ی دیسێمبەری ١٩٨٥دا.
پێشکەشی دەکەم بەو تیشکی خۆرەی شەھیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان, ماوەی ١٠ ساڵە ئاسمان و خاک و بیر و ویژدانی کوردستانییانی پێ رووناک دەکاتەوە.
شەھید ئارام و ھاوڕێکانی، تێکەڵی کاری رێکخراوەیی نھێنی و شۆڕشگێڕی بوو بوون. رژێمی سەدام حوسێن بێ دادگاییکردن، لەسەر کاری پێشمەرگانەی ناو شار لەبەر چاوی خەڵکەوە شەھیدیان کردن.

شەھید سەردەشت، گەنجێکی دوای راپەڕین بوو، جگە لە قەڵەم و خەیاڵی پڕ لە فەنتازیا و رەخنەی تەنزئامێز و خەونی پرتەقاڵی بۆ ھێنانەدی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی ئازاد و یەکسان، مێشولەیەکی ئازار نەدا بوو.
بەڵام لەسەر ئەو خەون و خەیاڵانە، ستەمکارانی ناوخۆی خراپتر لە بەعس، مافیائاسا لەبەر دەمی زانکۆدا لە ھەولێری پایتەخت فڕاندیان، لە تاریکیدا گوللەیان نا بە دەمییەوە و بوختانی “ئەنسار”بوونیشیان بۆ ھەڵبەست!

مامۆستا گۆرانی مەزن لە ساڵی ١٩٥٢ لە شیعری (لە بەندیخانە) دا دەڵێت:
ئەی تیشکی رۆژ! ئەو وڵاتەی کۆمەڵی پاکە،
ئەندامێکی وەک منی تیا ئازاد و چاکە؛

ئەو کۆمەڵەی خوا پێداوە، خاوەن بەھرەی فەن

بۆ پیا نازین بەخێو ئەکا، نەک ریسوایی و پەن

 

بلبلێ بووم ئامادە بووم ھەتا بمێنم

بە نانی وشک، بەرگی پەڵاس بۆ گەل بخوێنم

 

مامۆستا گۆران نەکوژرا، بەڵام بەو ھەموو بەھرەیەوە جگە لە زوڵمی عێراق، دووچاری زوڵمی ناوخۆش بوو، زیندان و نەخۆشی و نەبوونی زۆری چەشت، بۆیە دەگاتە تینی و دەڵێت:
ئەی تریفەی مانگی سپی دەرکی دەلاقە،
با پیس نەبی، خۆت مەدە لەم کوردی عێراقە!

وڵاتەکە داگیرکراو، نەتەوە دیلە،
باو لای دوژمن نامەردێتی، مەردی زەلیلە!

کای لەبەر سەگ دانراوە، ئێسقان بۆ ئەسپە،
سەر لە جێی کلک بەند کراوە، کلک لەسەر چەسپە!

سەردەشت عوسمان دەبوایە چەندین خەڵات لەسەر خەون و خەیاڵەکانی وەربگرێت گەر لە وڵاتێکی خواپێداو بژیایە کە ژیری دڵسۆز تیایدا سەرۆک و باوک بوایە، وەک ئەوەی مامۆستا گۆران داوا لە مانگ دەکات سەری خۆی بۆ ئەوێ ھەڵگرێت:

ئەی مانگی بەرز، سا ھانا بێ، مل بنێ بۆ دوور،

بۆ وڵاتێک جێی نیظام بێ و سەربەست و ڕووسوور،

بۆ وڵاتێک ھاونیشتمان تیایا ئازاد بێ،

ژیری دڵسۆز باوک بێت و گەلیش ئەولاد بێ!

ھەر ئەندامە بەپێی بەھرە و لێھاتنی خۆی،

ماوە و جێگای فرمان کردن رێک خرا بێ بۆی

……
ئا لەو خاکە پرشنگ رێژیی پرچی زێڕینت،

ئەی مانگی جوان سەنگین ئەکا نرخی بینینت!…

ئاخۆ دەبێت شەھید سەردەشت پاش دەستگیرکردنی لەسەر خەون و خەیاڵە ئینسانییەکانی، چی بەو دڕندە مرۆڤکوژانەی کوردی عێراق وتبێت، کە گوللەیان نا بە دەمییەوە بۆ بێدەنگ کردنی ئەو و نەوەکانی دوای راپەڕین؟

نەیانزانی جاران شەھید سەردەشت تەنھا گوڵێک و چرایەکی ناو کۆمەڵێ بوو، بەڵام بە شەھیدکردنی..
بووە خۆری ئاسمان و روناکی دەداتە ھەموو کوردستان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.