رۆژی 5ی ئایار وەک رۆژی ئازادی لە کوردستان بەرز و بەڕێز ڕادەگرین!

sardasht osman (19)لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکیتر بەرەوڕووی یەکێک لە هێرشەکانی دەسەڵاتی کوردی بۆ سەر خەڵک بووینەوە. لە سەرەتا فشارهێنان بۆ دەستگیرکردن و دادگایی هەڵسوراو و بەشداربوانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات، دوابەدوای ئەوەش نمایشی قێزەونی سیناریۆی بەناو دادگایی دۆسیەی تیرۆری سەردەشت عوسمان. ئەوەی بەڕێوەچوو سیناریۆیەکی گالتەجاری بوو و بە توندی سەرکۆنە و شەرمەزاری دەکەین. تا ئەو کاتەی تاوانباران و بکوژان و ئەوانەی لەپشتی تیرۆری سەردەشت وەستاون، دادگایی نەکرێن و بەسزای عادلانە نەگەن، ئەو دۆسیە لای ئێمە و رۆژنامەنووسان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بەکراوەیی دەمێنێتەوە. رایدەگەیەنین کە کەیسی سەردەشت کراوەیە و هەر بە کراوەییش دەمێنیتەوە تاوەکو لە دادگایەکی بێلایەن و دوور لە فشاری دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت و بە ئەنجام دەگات. ئێمە لێرەدا بۆ وەستانەوەو پێشگرتن بە هێرشەکانی دەسەڵات بۆ سەر خەڵک و ئازادی، بانگەوازی رۆژنامەنوسان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، هێز و لایەنە سیاسییەکان، خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، کۆمیتەکانی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی و کۆمیتەکانی پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان….. تاد لە شارەکانی کوردستان و دەرەوە دەکەین، رۆژی ٥ ئایار وەک ڕۆژی ئازادی لە کوردستان بە مەراسیم و چالاکی جۆراو جۆر بەرز و بەڕێز ڕابگرن. ڕۆژی ٥ ئایار وەک یاد و ڕێز لێنان لە رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، ئەو ڕۆژە بکەینە بۆنەیەک بۆ داکۆکی لە ئازادی. هاوکات دەبێتە فشارێک بۆ پووچەڵکردنەوە و ڕیسواکردنی سیناریۆکانی دەسەڵات، ئەوەش هەنگاوێک نزیکمان دەکاتەوە لە دادگایی کردنی تاوانبارانی تیرۆری سەردەشتەکان و سۆرانەکان. گرینگە ئەم رۆژە وەکو (رۆژی ئازادی) لە کوردستان لەلایەن ئازادیخوازان دیاریبکرێت. هەوڵێکە بۆ بەستنی ئەو دەستانەی گوللە ئەنێن بەنێو دەمی گەنجان و ئەو رۆژنامەنووسانەی ڕاستی بە خەڵکی کوردستان دەڵێن. ئێمە لەکاتێکدا ئەم بەیاننامەیە رادەگەیەنین کە دەسەڵاتداران فشارەکانیان چڕتر کردۆتەوە بۆ سەر رۆژنامە و دەنگە ئازادەکان لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشت و دەیانەوێت جگە لە یارییە گاڵتەجاڕییەکەی ساڵی پاری لیژنەکەی ئاسایشی هەولێر یارییەکی دیکە بەم کەیسە بکەن و پەیامی دیکە ئاراستەی رای خەڵک بکەن، بەوشێوەیەی کە دەسەڵاتداران و حیزبەکان دەیانەوێت! بانگەوازی هەموو لایەک دەکەین بەیەکەوە لە ٥ ئایاردا بەیەک دەنگ کاربکەین بۆ :

 • گرتنی مەراسیمی ڕێزلێنان و یادی سەردەشت عوسمان.

 • سازدانی کۆڕ و سیمینار لەسەر ڕەوشی ئازادی لە کوردستان.

 • پێشانگای وێنەکانی سەردەشت و پێشانگای فۆتۆگرافی و کاریکاتێری.

 • سازدانی کۆبونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان لەبەردەم سەفارەتەکانی عیراقی یا ئۆفیسی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێم.

 • هەر کار و چالاکییەک کە خۆتان بە گونجاوی دەزانن…

رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی

2012-03-28

 

 

***     ***       ***

Leave A Reply

Your email address will not be published.