بۆ یادی سەردەشت عوسمان..

ئەنوەری ڕەشی عەوڵا/ نووسەر و ڕووناکبیر

هەر خوێندنەوەیەک بۆ روحی راچەنیووی سەردەشت بکرێت، ئەوە ئێمەین لەبارەی ئەو رۆحە دانەسەکناوەوە دەدوێین، نەک خۆی!

ئێمە بەم قسە هاتنانەمان.. بەم شیعاردانەمان.. بەم هەڵوێستانەمان.. بەم هاودەردییەمان.. بەم مەرام و بەم لێکدانەوە جیاوازانەمانەوە، بێ ئەوەی هۆشیار بین بەوەی ئەوەی دەینووسین و دەیکەین، سەر بە کوێووە دەنێت و چ ئاشێک دەگێڕێ!
لایەنی کەم خراپ نیە؛ ئەوەمان لە بیر بێت، خوێنی سەردەشت وەک مرۆڤێک، رۆژنامەنووسێک، یاخیبووییەک لە ئەستۆ دەگرین و بە نێو برینەکانیدا گەشت دەکەینەوە.
هەتا بگەین بەو سەرچاوەیەیەی ئەو یاخیبوونەی سەردەشتی گەیاندە ئەوەی، سەری خۆی لە پێناودا دابنێت.

هەڵبەت ئەو برینانەی بە رۆحی سەردەشتەوە بوون، هەر وەکو بۆشناخیەکەی رێکپۆش و تەڕپۆش بوون، لە ئان و ساتی دنیایەکی سیاسی وەهادا کە زۆرێک لە عەیش و نۆشە
حیزبیەکاندا وەک پلە و پایە سەرخۆش و گەوج بوون پێی و شانازیشی پێوە دەکەن. بێ ئەوەی ( ئەوەی لە هەقیقەت تێناگا گێلە، ئەوەی لێی تێدەگات و خۆی لێ لا دەدات تاوانبارە)
موچڕکێکی بە گیانیاندا هێنابێت!
کەچی سەردەشت بەشێوەی خۆی زوڵمەتەکانی دەبینی و هەستی پێدەکرد، کە بەژێر پێستی کۆمەڵگادا دەهاتن و دەچوون.
سەردەشت ئۆباڵی ئەو حاڵ و ئەحواڵە شەرمهێنەرەشی دەخستە سەر شانی ئەوانەی خۆیان بە دەمڕاستی نەتەوە دەزانی.
هەڵبەت ئەو بڕوایەشی بۆیە لە لا دروست ببوو چونکە ئەو دەسەڵاتانە، هەموو شکۆمەندییەکی مێژووییان بە خۆیانەوە بەند و گیرۆدە کردووە و، بە ناوی ئەو سەروەرییانەشەوەیە، خۆیان با دەدەن بەسەر تەواوی نەتەوەدا، و ئەوەی ئەوانیش
وەک میدیا و بەرنامەیان دەیڵێن، گەر کەسێک یاخود گروپێکی دیکە لەدەرەوەی
ئەو جوغزەوە وەها نەڵێتەوە، لایەنی کەم و لە پێشدا، هەر بەو کەسایەتیە خەسیووانەی ناو خۆیان دەمکوتیان دەکەن و، یانەخۆ دەیانسڕنەوە.
ئەمە چۆن دەبێت..؟ پەنجە درێژ کردنی ناوێ! سەردەشت خۆی قوربانی ئەو جۆرە ڕوانینە داخراوەیە، کە پێیوایە: مادام دەتوانێ بە ناوی مێژووەوە بدوێت، کەواتە هەرچیەک بکات مافی خۆیەتی، تەنانەت بە سڕینەوەی جەستەی فرزەندەکانیشی.
سەردەشت بۆ ئەوان یەکێک لەو مناڵە چەقاوەسوو دەم درێژ و لاسارە بوو، هەموو رێساکانی گەورە و بچوکی بەزاندووە، بۆیە دەبێ تەمێ بکرێت بۆ خۆی و ئەوانی تریش.
ئیتر ئەمە چەندێک لەگەڵ پێودانگ و عورفی ئینسانیانە و نیشتمانیانە و ئاییننامەی کۆمەڵگادا سازگارە..؟
بۆ ئەو دەسەڵاتە پرسیاری جیدیی نیە. چون ئەو دەسەڵاتانە، بەوەی کە دەیکات، لە گۆڕەپانی کۆمەڵگادا، پێماندەڵێتەوە، خۆی نمایندەی ئینسانی کورد و، خۆی نمایندەی هاونیشتمانیانی کوردستان و، هەر خۆیشی جێنشینی تەریقە ئایینزاکانی کوردەواریشن.
ئەم بێخەیاڵیە سیاسیە، ئەم بێدەربەستیە، لەوەی ئێمە سەردەشت تەمێ دەکەین و چی دەبێ با ببێ، رەگی بەو ئیگۆ حیزبیەوە هەیە!


بۆیە ئەم کارەساتە، زەنگێک بوو بۆ هەموو نەتەوە، بەوەی دەتوانین چەندبارەشی بکەینەوە.
ئەم تیرۆر کردنەی سەردەشت، هەڵەیەک و غەفڵەتێک نەبووە لە دەستمان دەرچووبێت.
بنواڕن.. دەتوانین چەندین کەسایەتیتان پیشانتان بدەین: عەبدولستار تاهیر شەریف تەمەنی چەندێکیش گەورە بووبێت.. کاوە گەرمیانی با لە خێزانی ئەنفالیش بووبێت..
سۆرانی مامە حەمە چەندێک لە بەهاریی لاوێتیشدا بێت. بەکر عەلی با شاعیریش بێت، دەتوانین لە نەخشەی نیشتماندا تەفروتوونایان بکەین.
هەڵبەت لە کەوانەیەکدا ( بە دەستی ئەوانەی سەر بە رۆحی باڵای نەتەوەن نین، بەڵکو گزگلی حیزبین)!
لێرەوە سەردەشت هیچی نەکردبێت، پێی گووتین: خۆشحاڵم بە خۆم، کە من، لەو خێڵی لەلە و رۆحی گزگلانە نیم، و ناچمەوە سەر ئەو جۆرە ئەقڵیەتانەی نەتەوە دەکەن بە قوربانی حیزبەکەیان و حیزبیش دەکەن بە قوربانی سەرکردەکانیان.
بەڵێ.. من وەک مناڵێکی دەم درێژ و چەقاوەسوو و لاسار، بە قەولی ئەوان.
خۆشحاڵم ، کە ناتوانم وەهابم، لەبەر هیچ نا، تەنها لەبەرئەوەی: بنەچەی روحی باڵای من،
ناتوانێ لەو سنوورە بەرتەسکانەدا بە کامی دڵ لە شەققەی باڵی بدات.
بەڵێ.. دەمەوێ لە ئاسمانی راستەقینەی خۆمدا بفڕم.. لەوانەیە ئەمەش تاوانەکەی من بووبێت..!؟
بەڵام چیبکەم، کە من ئەوە بم و لەگەڵیدا تا مردنیش راستگۆ بووبم..؟!
بۆیە دڵ و ئەقڵێکی ئاوا، لە ناوماندا هەر ئاوەدان و هەر سەرفراز بێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.