چۆن یادێک بۆ سەردەشت؟

بێریڤان محەمەد:

ساڵێکی تر بەسەر تیرۆری رۆژنامەوانی بوێر وئازادیخواز سەردەشت عوسماندا تێدەپەڕێ، بەداخەوا ئەمساڵ بەهۆی کرۆناوە نەمانتوانی بەکۆمەڵ ساڵیادی بەرێ بکەین، هەربۆیە لێرەوە دەڵێم یادی هەمیشە زیندوە و لە کوێدا سەردەشت خاڵێکی لەسەر تێکۆشانەکانی دانا ئێمە لەسەر هەمان رێباز بەردەوامی پێ دەدەین.
ئاشکرایە تیرۆری رۆژنامەوا سەردەشت عوسمان لە سۆران مامەحەمە و بەڵکو پێشتریش عەبدولستارەوە دەستپێدەکات تا سەرکردەی سیاسی و قەڵەمبەدەستی پێشەنگ شەهید دیار غەریب درێژ دەبێتەوە، ئەمەش دەرئەنجامی ئەوەیە کە هەمان ئەو دەسەڵات و دەسەڵاتدارانەی لە باشورری کوردستانن تائێستا لە رێگەی توندوتیژی و خۆسەپاندن و ملهوڕیەوە بەردەوامن لە حوکمی قەرەقوشیانە و بەڕبەڕیانەیان، سورن لەسەر ئەوەی کێ گەوەرەترین بکوژە خەڵات بکرێ و لە لوتکەی حوکمڕانی بێت ، سورن لەسەر دژایەتی تەواوی ئازادیەکان و گەندەڵی و دزی و نادادپەروەری و قوڵکردنەوەی چینایەتی و سەرکوتکردنی گەل بە بە هەموو ئامرازەکانی توندوتیژی تا دەگاتە تیرۆر و تەنانەت سورن لەسەر پشتیوانی داگیرکارانی کوردستان و دژایەتی تێکۆشەرانی وڵات.

هەموو ئەمانەش بە رێگای یاساو بە دەزاگا بەرێوەدەبرێت و بەم هۆیەشەوە گەلەکەمان لەناو برسێتی و لەژێر سەکوتکاری و ژێردەستەیی لە نێوسەخترین دۆخدا دەژین.
لە بەرامبەر بەم سیستەم و دەسەڵاتدارە ستەمکار و خێڵەکیانە، لە هەولێر سەردەشتەکان و لە کەرکوک سۆرانەکان و لە بادینان وەدادەکان و لە گەرمیان و سلێمانیش کاوە، پێشەنگایەتیان لە تێکۆشانی ئازادیدا کردوە، بوێرانە دژ بە گەندەڵی و نادادپەروەری و ستەمکاری و خیانەتکاری دەسەڵاتداران وەستانەوە و رۆحی خۆیان کردە قوربانی، ئێستا هەرچەندە کەمیش بن بەڵام هێشتا بە دەیان سەردەشت لەنێوو ئەم کۆمەڵگایە لە ناو تێکۆشانێکی بێوچانن و بوێراننە بونەتە دەنگی هەموو کۆمەڵگا.

ئەوەی کە جێگەی پرسیارە بۆچی وێرای ئەم تێکۆشانە مەزنەی پێشەنگانی قەڵەم بەدەست ئەو قوربانیە مەزنەی بە ژیانی خۆیان دایان و هێشتا رۆژانە هاوکارەکانیان قوربانی دیکە دەدەن، لە پێنا و ئازادی و گەشتن بە ژیانێکی شایستە، کەچی هەمان سیستەمی چەوسانەوە و چەوسێنەر بەردەوامە و بکوژەکان لە بری دادگایی و بەندکردنیان لە بەرزترین پلەی حوکمرانی ئەم کۆمەڵگایەدان و درێژە بەهەمان سیستەمی چەوسانەوە و برسیکردن وتیرۆر و تۆقاندن دەدەن.

گومانی تێدا نیە بەشێکە لە سروشتی دەسەڵات و دەسەڵاتدار لە بەرامبەر بەو کۆمەڵگایانە نەیەک بێدەنگە و دەستبژێرێک کە لە پەنجەی دەست تێناپەڕن تێکۆشان دەکەن، واتە کۆمەڵگایەکی بێدەنگ و بێ رێکخستن کە خۆی نەگەیەنێتە ئاستی بەشداربوون لە بریاردانانی سنور بۆ ملهوڕی دەسەڵات، دەرئەنجام ئەو کەسانەی نەخۆشی دەسەڵاتیان هەیە دەبنە دەسەڵات و لە جێگەی ژیان کۆمەڵگا دەکەنە جەنگەڵ.

لەم یادکردنەوەیەدا دەکرێت بە رۆحێکی رەخنە لە خۆگرتن و تێپەراندنی هەڵەکان یادێکی شایستە بە سەردەشتەکان بکەینەوە واتە ناکرێ بڵین یادی سەردەشت دەکەینەوە و بێدەنگ بین لە بەرامبەر کۆی ستەمکاریەکان، ناکرێ کۆمەڵگا و ئازادیخوازان پەرتەوازە و بێرێکخستن بێت و دەسەڵات ڕۆژ دوای ڕۆژ لەسەر خوێنی ئازادیخوازان خۆی گەورە بکات و زنجیری ستەمکاری گەورەتر بکات و هەر ڕۆژ هەواڵی تێرۆر و چەوسانەوە هەرەشەی سەر ڕۆژنامەوان و ئازادیخوازی ببیستین
بەکورتی یادی سەردەشت پێویستی بە بەڵێندانە بۆ سووربون لەسەر ڕێبازی سەردەشتەکان لەپێناو ئاواکردنی دادپەروەری و ژیانێکی ئازاد و دیموکرات و بەکەمەتدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.