سەردەشت قوربانیەکی لەبیرنەکراو

هیوا سەید سەلیم:

لە ئەزموونی گەلانی دونیادا، زۆرن ئەوانەی وەک نموونەی قوربانی بوارە جیاجاکان هەژماردەکرێن و ریزیان لێدەگیرێت، لە زانایان بگرە، تا نووسەر و هونەرمەند و بیرمەندان، وە هیچ کۆمەڵگەیەکیش نیە قوربانی لەو جۆرەی پێشکەش نەکردبێت، بە کۆمەلگا پێشکەوتووەکانیش.
لە کومەڵگای کوردەواریش لە دێر زەمانەوە شاعیر لەسەر قەسیدەیەک ناچار کراوە زیدی خۆی جێبێڵێت، هونەرمەند سوکایەتی پیکراوە، و نووسەر لەسەر نووسینێک تیرۆرکراو و گوڕانیبێژ لەسەر گۆرانیەک خراوەتە کونجی زیندان.
هەموو ئەمانە ئەگەر لەسەردەمانێک کە داگیرکەران حوکمی کوردستانیان دەکرد بە ناچاری قەبوولکراوبن، ئەوا دوای راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ خەڵکی کوردستان، بە تایبەت چین و توێژە رۆشەنبیرەکەی چاوەڕوانی ئەوە نەبوون کە لە کوردستانی ئازاددا، یەکەمین زیندانی سیاسی تێکۆشەرێکی پێشمەرگەی کورد بێت لەسەر نووسین بخرێتە کونجی زیندان.
لە دەستپێکی سالانی ڕاپەڕین کاتێک (شەهید رەئوف کامل ) خرایە زیندان دەبوو ئیستێک بکەین، و تیبگەین ئێمە هەڵەین و کوردستان هێشتان نە بۆتە ئەو مێرگەی ئازادی، تا قەلەمە ئازاکان چۆنی بیانەوێت بینووسن و کیماسیەکان بدەنە بەر رەخنەی قەلەمەکانیان.


دوای ئەوەی تەمی شەڕی نەگریسی ناوخۆش باڵی بەسەر هەرێمی کوردستان دا کێشا، ئیدی بە تەواوی دەمامکەکان کەوتن و ئازدی و دیموکراسی بۆ هەموو لایەکمان بوون بە سەڕاب، ئەوەی لە کوردستان وەک ئەوان بیری نەکردبایەوە و بە هەوەسی ئەوە نەینوسیبایە و دەنگی دەنگێکی زوڵاڵ بایە تۆمەتە ئامادەبوو بۆ ئەوەی بیدەنگی بکەن، دوای ئەوەش بە تۆمەتبەخشین نەوستان پەنایان بۆ تیرۆر برد.
سەردەشت عوسمان، ئەو گەنجەی کە خەونی گەورەی هەبوو، ویستی بە چەند سەر قەلەمێک رووبەڕووی دیموکراسیەتی نا دیموکراسی و ئازادی ناکامڵ و عەقڵی دواکەوتووی کۆمەڵگای کوردی ببیتەوە، کەچی نەیزانی دەبیتە قوربانی و سەری خۆی لەسەر دادەنێت.
دوای تیرۆری سەردەشت، دەسەلاتدارنی هەرێمی کوردستان دەبوو هەڵوەستەیەک بکەن، و تیبگەن کووشتن وتیرۆرکردنی رۆژنامەنووس، چ نەنگیەکی گەورەیە، چەند خراب لەسەریان دەکەوێتەوە، کەچی نەک هەر ئەویان نەکرد، بگرە دوای سەردەشت کاروانی تیرۆر و تۆقاندنی رۆژنامەنووسان لە کوردستان درێژەی هەبوو.
وەک ئەوەی بڕیار بێت تیرۆر رۆژنامەنووسان لە کوردستان دەبێت تەواوی ناوجەکانی ئەو هەرێمە خێر لە خۆنەدیوە بگرێتەوە، دوای تیرۆری سەردەشت لە هەولێر، لە سلێمانی شاعیر تیرۆرکرا، هەروەها لە گەرمیان کاوە گەرمیانی تیرۆر دەکرێت، لەوێوە تیرۆر بۆ کەرکووکی بریندار دەگواسترێتەوە و عەبدوستار تاهیر تیرۆردەکرێت و ئینجا سۆرانی مامە حەمە دەکرێت ئامانج، پاشان لە بادیانان ویداد شەهیددەکرێت.


هەریەک لەو قوربانیانەی قەلەم لە کوردستان لەگەڵ ئەوەی دەبنە سونبلێک بۆ ئازادی کاری رۆژنامەنووسی، لە هەمان کاتدا پەڵەیەکی رەشیش دەبێت بە نێوچاوانی ئەوانەی ناتوانن بەرگەی زمانی قەلەم بگرن و پەنا بۆ تیرۆر و تۆقاندن دەبەن.
دواجار دەڵێین سەردەسشت عوسمان و تەواوی سەردەشتەکان بوونە قوربانی، وەلێ ئەوان قوربانیەکی لەبیرنەکراون، ئەوەنیە کۆمەڵێک قەلەمی ئازا یادەکانیان بەرز ڕادەگرن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.