یادێک لە سەردەشت

نەرمین نجم الدین مامۆ :

 

شەهید سەردەشت..
ئەو لاوە خوێنگەرمە کوردەی بە ژیانی خۆی بە گژئاگردا چووەوە و دواجار بە مەرگی خۆی نرخەکەی دا..!

وا ۱۰ ساڵ بە سەر ڕفاندن و تیرۆر‌کردنیدا تێپەڕی .. ئەستووری زوڵم و ستەم، بە هەماهەنگی زۆرداری دەسەڵاتی فاشستی و خێڵەکی ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو هەڵکشان دەچوو . ستەم ناحەقی پاوانکردن و نا دادپەروەری پڕ بوو و جام لێی ڕژا.. سەردەشت بڕیاریدا ئەو ستەمە قبووڵ نەکات.. ئەو بەزمانی ئەدەب و ڕۆژنامەنوسی ئازارەکانی گەلی چەوساوە و بەشخوراوان دەینووسی.. خاوەن چەک و جبەخانە و لەشکرو پاسەوان نەبوو، تەنها مرۆیی و خامەکەی هەبوو لەپاڵ بەخشینی گیاندا.. دیکتاتۆرە خێڵەکییەکان بەرگەی قەڵەم و ڕەخنەی سیاسی و ئەدەبی لاوێکیان نەگرت، لاوێک بەهزر لەنێو چەوسانەوەدا دەژیا گەرچی خۆی بیویستایە لەسایەی ڕژێمی نا عەدالەتیدا دەبووە خاوەن ئۆفیس و بژێو و ژیانی خۆی، هەر بۆیە تاریک پەرستان جگە لەمەرگی سەردشت و پاکتاوکردنی جەستەیی و تیرۆری ڕۆحی هیچی تریان بۆ نەمایەوە..

سەردەشت لاوە کوردەکە پاش هەلوەسەی نۆکەرانی وڵاتان و خێڵی خۆسەپێنەر بەسەر گەلدا بە دڕندانترین شێواز تیرۆرکرا.. جەستەی ئەو لەو ڕۆژەدا گەیشتە بارەگای ئاسمان، لەو هەرێمەی کە گوللەی دەستەڵاتداران لە گەڵ قەڵەمی ئازادیخوازان خراونتە سەر تای تەرازوویەک، لە بەرامبەر هەر دێڕێک گوللەیەک قەرزبار دەبیت..! ئای سەردەشت گیان، بمانبوورە ئێمە هەر وا تەماشاکەرین و هیچمان نە بۆخۆمان نەبۆ تۆش پێکرا..! دە ساڵ پێش ئێستا لە ڕێکەوتی ٤ی ئایاری ۲۰۱۰ رۆژنامەنووسی لاو سەردەشت عوسمان بەدەستی دەستەوتاقمی دژە گەل جوانەمەرگ دەکرێت. سەردەشت لە بەردەم زانکۆی سەلاحەدینی پایتەختەکەی هەرێمی شاری قەڵاومنارە لەبەردەم زانکۆی خوداپێدراوان لە لایەن چەند کەسێکی نە ناسراوەوە ڕفێندرا ، دوو ڕۆژ دواتر لە ٦ / ٤ تەرمەکەی لە دەوروبەری موسڵ بە قۆڵبەستراوی دۆزرایەوە.. هەواڵ هات و بە پرتاو وەک کۆست خۆیکرد بە ماڵی باوکیدا و زیڕە لە دڵ و هەناوی دایکی هەڵسا.. ئیدی لەو ڕۆژەوە لە لایەن گەلەوە سیگناڵ و زەنگی مارشی ئازادی لێدرا و نازناوی دایکی شەهیدێکی شۆرشگێڕی ئازادی و دەنگە ئازادەکانی بە دایکە میهرەبانەکەی بەخشی..!

ئاخر سەردەشت ویستی کۆڵ نەدا دوای مردنی سیمبولی شۆڕشگێڕی بە بەرۆکی دایکە بوێرەکەی هەڵبواسێ چوونکە سەردەشت دەیزانی ئەگەر پەروەردەی دەستی ئەو دایکە نەبوایە ئەوا مەحاڵ بوو ئەمەکداری بکاتە داینمۆی ژیانی بۆ نیشتمانەکەی دایک..! دوای دەساڵ کەیسەکەی سەردەشت عوسمان ئەو لاوە خوێنگەرمەی بە جیاواز لە ئەوانی تر جەسورانە بە قەڵەمەکەی دەستی دەجەنگی و ڕەخنەکانی دەکردە چقڵی چاوی دەستەڵاتدارانی هەرێمە دووبەشکراوەکە و یەک لەدوای یەک لاپەڕەی گەندەڵییەکانیانی هەڵدەدایەوە.. لەو رۆژەوە تا ئێستاش هێشتا دادپەروەری بۆ نەگەڕێنراوەتەوە، بەڵکو لە تونێلێکی تاریکدا سیخناخ و پەستوویانەو پەنگی خواردوە..! ئاخر لەو هەرێمە گەردەلولاویەی (سەردەشت)ی لێ ببووە شۆڕەسواری قەڵەمی ڕاستی و ناڕەزایی. مەخابن ئەوەی نەبوو و تا ئێستاش هەر بوونی نییە دادپەروەرییە، تەنانەت ئەوەی باسی دادپەروەری‌ بکات بە دڵنیاییەوە بێ سێ و دوو بە زەبری تفەنگ و ڕفاندن و ئەشکەنجەدان بەرسڤ دەدرێتەوە..!

ئەوەی تا ئێستا من بیری لێ دەکەمەوە ئەوەیە چەتە و جەلاد و نۆکەرەکانی ئەو دەستەڵاتە چەقبەستووەی زۆرداری و پاوانخوای پاسەوان و جەردە بکوژەکانیان وەک خۆیان ترسنۆکن … هەر بەڕاستی زۆر ترسنۆکن! دەنا بۆ لە کاتی دۆزینەوەی تەرمەکەی سەردەشت قۆڵەکانی بەسترا بوون…؟! دیارە هەروەکو سەرۆک خێڵەکانیان ترساون سەردەشت بە مردویش شاڵاویان بۆبەرێت و مەردانە زیاتر لەسەریان بنووسێ و ناپاکیی و خیانەتەکانیان بخاتە ڕوو و لاپەڕە ڕەشە قەترانیەکانیان هەڵداتەوە..! کاتێک دەقەکانی سەردەشت’مان بۆ دەخەنەوە ڕوو گەر بە وردی بیخوێنینەوە و لێی ورد بینەوە تێدەگەین بوونی سەردەشت لە بەرچی ترسناک بووە لەو دەڤەرەی بە شەڕە پەڕۆی زەرد و سەوز گۆش کراوە …!! پاش ئەوەی هەڕەشەی لێی کرا سەردەشت بە ئاشکرا لە یەکێک لە دەقەکانیدا بە ناونیشانی ” یەکەمین زەنگی کوشتنم لێیدا ” دەریدەخات کە هیچ باکی بەو دەستەڵاتە نەبووە و بێ منەتانە چاوەڕێی‌ مردن بوو..! ئەو لە پێناو ژیانێکی دادپەروەرانەدا بۆ گەل بۆ ئێمە و هەموومان جەنگا و خۆی کردە قوربانی. چەند تێڕوانین و بلۆگێک هۆکاری تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان دەگەڕێننەوە بۆ وتاری ” من عاشقی کچەکەی بارزانیم ” لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئەرێ ئایا کچەکەی بارزانی کێیە؟! کەس زاتی ئەوەی کردووە کچەکەی بارزانی‌ ببینێ؟! خۆ کچەکەی بارزانی جگە لە شاژنێکی تاج لە سەری کراس درێژی ناو ئەفسانە و چیرۆکەکان هیچی تر نییە و کەس نازانێ سەندرێلاکەی بارزانی کێیە..! ئەگەر گریمان سەردەشت بۆ دەمارگیری عەقڵیەتی ئەوان نەبوو ئەوەی نووسی، گریمان بۆ ئەوە نەبوو سەرنجی خەڵک بە شێوەیێکی لۆژیکیانە و فوکس بۆ توانای لە ڕادەبەدەری لە دژی زۆرداری ڕاکێشی ، گریمان هەر بەڕاستی عاشقی کچەکەی بارزانی بوو، ئایا بۆ دەبێ ژیانی لێ بسەندرێتەوە..؟! ئایا عاشق بوون تاوانە؟! ئاخر عاشق بوون چۆن سنوور و هێڵی بۆ ڕادەکێشرێ؟!

ئاخر عاشق بوون کوا خێڵگەرایی و ئاینگەرایی و نەتەوەگەرایی دەزانێ ، عاشق بوون کوا سنووری بۆ دادەندرێ کوا…! ‌ئەگەر بە دیقەتەوە بگەڕێینەوە بۆ وتە بە نرخەکانی سەردەشت دەبینین چەندە جەربەزانە و بە جورئەتەوە کەسایەتیێکی شارەزا و بوێر و لێهاتوومان ‌بۆ دەردەخات کە دۆخی سیاسی هەرێم دەخاتە بەر بێژنگ و لە بێژنگی دەدات ، لێرەدا زەقترین هۆکار دەبینین بۆ تیرۆرکردنی..!

چەند دێڕێک لە وتە نرخدارەکانی شەهید سەردەشت.

ٓ “ئێمه‌ به‌دیار به‌ردێكه‌وه‌ دانیشتووین و چاوه‌ڕوانی هه‌ڵهێنانیشین. خه‌ریكه‌ عومری نه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێ ده‌كه‌ین جورئه‌تی ئه‌وه‌ ناكه‌ین‌ ده‌ست بۆ ئه‌م توحفه‌یه‌ ببه‌ین هەتا بزانین ئایه‌ به‌رده‌ یان هێلكه‌، چونكه‌ پێمانوایه‌ زۆر ناسكە و له‌وانه‌یه‌ بشكێت. به‌ڵام ئێستا نه‌وه‌یه‌ك حەز ده‌كات ماهییه‌تی ئه‌م توحفه‌یه‌ كه‌شف بكات كه‌ میلله‌تێكیان پێوە سه‌رقاڵ كردووه‌”

“هه‌میشه‌ پێموابووه‌ ئه‌وانه‌ی ئێستا ده‌یانه‌وێت ستایشیان بكه‌ین، به‌یانی داوای جنێو و شه‌ڕی ئه‌وانی دیكه‌مان لێده‌كه‌ن. له‌وانه‌شه‌ بۆ ئه‌وان كارێكی ئاسایی بێت كه‌ هه‌موو رۆژێك ئاوازێكی ناشیرینتر له‌ دوێنی بچڕن. به‌ڵام بۆ نه‌وه‌یه‌ك كه‌ جوامێری له‌ ئیراده‌یه‌تی مانای شه‌رمه‌زارییه‌.”

• “ئه‌وه‌ كاری ئێمه‌ نییه‌ سه‌رینه‌كه‌مان هه‌ر رۆژه‌ و لای به‌رپرسێك جێبێڵین و خه‌ریكی میكیاجكردنی ناشیرینییه‌كانی ئه‌م و ئه‌و بین … ئەو شوێنەی ئه‌و پیاوه‌ ناشیرینانه‌ی لێ دابنیشێت هه‌زار میل لێی دوورده‌كه‌وینه‌وه‌ ” •
“کاری ئەوان لەم وڵاتە خوڵقاندنی مرۆڤی بێدەنگە و، دامەزراندنی ئەم مەخلوقەیە لە ڕێکخراوە بێدەنگ و بێکەڵکەکان.” •

“هه‌رچی به‌رهه‌می ئازادیی تفه‌نگ به‌ده‌سته‌كانه‌ بریتین له‌ كۆمه‌ڵێك ره‌عییه‌ت و له‌شكرێك له‌ پیاوی نۆكه‌ر.”•

“ووتنی ڕاستیی کارێکی شۆڕشگێڕانەیە. دەبێت قسە بکەین و ڕا بدەین. ئینسان لەڕێگەی ڕەخنەوە دەتوانێت کولتورێکی نوێی ژیانکردن دروست بکات.”•

سڵاو لە گیانی پاکی شەهید سەردەشت و شەهیدانی رێی ئازادی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.