“رۆژێک دێت خاڵێک لەسەر هەموو رستە شێواوەکان دابنێین”

لەساڵیادی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان

“رۆژێک دێت خاڵێک لەسەر هەموو رستە شێواوەکان دابنێین”

کاتێک لە دیوارە بلۆکەکەی شورەی کۆڕەکەی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان نزیک دەبیتەوە و لەدوورەەوە دەرگا ژنگنە نیویەکەی ئارامگەکەی هێندە بەهێمنی داخراوە دڵت خورپە دەکات. هەرکە دەست بۆ سولجی دەرگا دەبیت دەرگاکە هێندە ئاسان دەکرێتەوە و لەسەر پشت وەک بڵێ فەرمووت لێ بکات و لەدوورەوە هەست بە باڵای پلکە سێوی دەکەی کە وەک دارێکی بەرز بەرز سێبەرەکەی هەموو حەوشەکەی داگیر کردووە و لەملاشەوە سەردەشتیش زۆر بەهێمنی لێی راکشاوەو چاوی بڕیووەتە فرمێسکەکانی دایکی.

لەگەڵ هەنگاوەکانت بۆ سەر گۆڕەکەی هەست بە بۆن سۆی چەرگە سووتاوەکەی پلکە سێوەێی رەش پۆش دەکەی کە کۆڵمەکانی سور بوونەتەوە و لەگەڵ هەرچاو هەڵهێنانێکی رووبارێک فرمێسک بەسەر کۆڵمە سورەکانی دێنەخوارێ کەم ویژدانی زیندووه هەیە خۆی بۆ بگیرێت و کزوو مات لەتەک گۆڕەکەی دانەنیشێت و دەست لەچۆکی وەرنەنێ و بەدیاریەوە هەناسەیەکی قوڵ هەڵنەکێشێ.

کاتێ سەیری وێنەکەی سەردەشت دەکەی لە پارچە شکاوەکانی دەوروبەری گوڕەکەی دەڕوانی زۆرباش لەوە دەگەی کە ئەوە ئارامگەیەکی سارد وسڕ نیە، ئەوە گوڕێکە دەسەڵاتە بە مردوویشی لێ بۆتە مۆتەکە، زۆر باشیش هەست بەوە دەکەی ئەو هەزار وسەدوو پەنجاو دوو ووشەیەی نێو دوو ووتارەکەی چەندە کاریگەر بووە تا ئاوا دەستیان بچێتە گیانی گەنجێکی قۆناغی چواری زانکۆ کە تازە خەریکە بەدوای ئاواتەکانی دەکەوێ تا وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی پێیان بگات، کەچی واعیزەکانی ئەو دەسەڵاتە پێی رەوا نابینین دەبنە داردەستەی ئەوانەی پلانی شکاندنی نووکی قەڵەمەکەی دەدەن.

ئەمساڵ هەرچەند لەبەر بارودخی تایبەتی دونیاکە تووشی کۆڕۆنا بووە لەنێو حەوشەی ئارامگەکە خەڵک نەدەبیندرا کە بێن بۆ دڵدانەوەی پلکە سێوی و دەستی مام عوسمانی باوکیشی بگریت، بەڵام زۆر بەروونی یەک بە یەک رووخساری هەموو ئەوانەت دەهاتەوە پێش کەوا لەدڵەوە ئەمڕۆ حەزیان دەکرد لەوێ بان.

کاتێ ئاوڕ لە مام عوسمانی باوکی سەردەشت دەدەیتەوە هەمیشە دەستێکی بە گۆچانەکەی گرتووە دەسەکەی دیکەی بە ریشە پیەکەیدا دێنیت و جار جارێکیش ئاو لەو سێبەرە دەداتەوە کە پلکە سێوی بۆ قەڵەمەکەی سەردەشتی کردووە بەو پەڕە سپیەیی کە هەمووان بتوانن تێدا بینەخشیێنن، مام عوسمانیش هەمیشە لەبەرە خۆی دەڵێت خودا هەڵیناگرێت و تۆڵەم لەو دونیا دەوێتەوە، ئەوکات زۆر باش لەوە دەگەی چەرگ سووتان هێندە ئاسان نیە چۆن ئاوا پشتت دەچەمێنێتەوە و دەستەکانت دەڵەرزێنت.

ئارامگەی سەردەشت لەگەڵ دارکانی دەورەبەری و باڵای پلکە سێوی وگۆچانەکەی مام عوسمان هێدە باڵای کردووە و بەیانینان لە گوندی گردعازەبانەوە چاوی بەرۆژە نوێیەکانی چاوەروانی هەڵدێنی کە لەقەڵاوە دەروانێتە گۆڕەکەی و ئێوارانیش لەگەڵ هەڵکێشانێکی هەناسەیەکی ساردی پڕ لەسۆ چاوەکانی دەچێتەوە هەمان ئەو سەرخەوەی کە بەنیاز بوو لەپاڵ قەڵەمە بوێرەکەی بەنیاز بوو وەک ئاگرێک بە باڵای زووڵم و ستەمدا بچتەوە و هەمیشە چاویشی بڕیووەتە سەری ئەو دێرەی کاتێ خاڵەکەی لەکۆتایی داناو هەزاران قەڵەمی دیکە لەدێرێکی تازەوە بە دەنگێکی بەرز سروودی ئازادی بۆ نیشتیمان دەڵێنەوە. منیش دەڵێم قەڵەمە بوێرەکەی هەولێر ئارام بنوو دڵیابە رۆژێک دێت دوا خاڵ لەسەر هەموو ئەو رستە شێواوانە دابنێن.

نەجات ئەحمەد

5/5/2020

Leave A Reply

Your email address will not be published.