فیشەک، نە دەم دادەخات و نە پەنجە دەشکێنێت ..!

شنا فایەق:

١٠ ساڵ تێدەپەڕێت و هاواری وشەکانی سەردەشت بەرزتر دەبنەوە، ئەو ڕۆژگارەشی سەردەشت تیایدا دەژیا و لێی دەترسا بەردەوامە، هێشتاش ڕێ هەڤاڵانی سەردەشت لە چاوەڕوانیی دەرفەتێکدان بۆ شکاندنی ئەو بت و پەیکەرانەی سەردەشت لەرێگاییدا گیانی بەخشی.

١٠ساڵ تێدەپەڕێت ئازاری لەدەستدانی سەردەشت بەسوێتر و ئێمەش ڕقمان ئەستوورتر دەبێت لەبەرانبەر ئەو مافیایانەی هێشتا لەسەر کورسیی لە خوێن هەڵژەندراوی دەسەڵات دانیشتوون و دەستیان لەسەر گوێکانیان داناوە، تا گوێبیستی وشەکانی سەردەشت نەبن. دڵمان ژان دەکات، دوای ئەو هەموو ساڵە بکوژانی سەردەشت و سۆران و کاوە و وەدات، نەک بە سزای خۆیان نەگەشتوون، بەڵکو هێشتا حوکمی ئەم وڵاتە دەکەن و تاوان و تاڵانیی زیاتر ئەنجام دەدەن، زیاتر و زیاتر میلـلەت دەچەوسێننەوە و سەرکوتی دەکەن، لە هەرکاتێکیش زیاتر لەبۆسەدان بۆ لەداردانی ئازادیی و کپکردنی دەنگی ئازاد و تیرۆرکردنی ئازادییخوازان. ئەوەشی زیاتر خوێ بەم زامەدا دەکات، ئەوەیە دەبینین بەشێک لەوانەی لە ڕابردوو بانگەشەیان دەکرد و دەیانوت کەیسی تیرۆری دەنگە ئازادەکان دەبەینە پەرلەمان، ڕاستگۆنەبوون و موزایەدەیان بە خوێنی سەردەشتەکانەوە کرد، تا چنگیان لە کورسیی دەسەڵات گیربێت و ببنە پاسەوانی بتە گەورەکان. ئەگەر سەردەشت لەژیاندا بوایە، یەخەی دەگرتن و لێیدەپرسین، ئەرێ ئێمە ڕەقیبێکی جدیی نەبووین وا ئێوە تووشی سەرەڕۆیی و لەخۆباییبوون بوون؟، ئەرێ ئێمە نەمانتوانی ئازارەکانی خەڵکتان بۆ مانیفێست کەین، وا پشتتان تێکردین و شانتان نا بە شانی دەسەڵاتەوە؟! هەرخۆشیی پێی دەوتن، ئێوەش تووشی غرور بوون، ئێستا کاتی ئەوەیە دادگاییتان کەین لەسەر ئەوەی بوونە شەریکە تاوان!.

خەممان گەورەیە، بەڵام سەردەشت دڵنیای کردین، کە لە کۆتاییدا ڕاستییەکان دەگەن، فێریشیکردین، نەفەس درێژبین، تا ئەو شوێنەی ماوین قسەبکەین و پڕ بە گەوروومان هاوار بکەین. ئێستا ئیتر هەر وشەیەکی سەردەشت بۆ ئێمە ئومێدی بڵێسەی شۆڕشە و ئەمڕۆ یان سبەی هەڵدەگیرسێ، هەر ئەمەشە بووەتە مۆتەکەی جەلاد و مافیاکان و هەرچەندی تاڵانیی دەکەن، ترسیان زیاتر و هەرچەندی خوێنی زیاتر دەڕێژن لەپێناو مانەوەیان، نائارامییان زۆرتر دەبێت و کابووسی کۆتاییهاتنیان یەخەیان بەرنادا. زامەکەمان قوڵە، بەڵام دڵخۆشین ڕشتنی خوێنی سۆران و کاوە لەبەرچاوی دایکیان، مەزڵومیەتی دایکانی گۆڕی بۆ ئیرادە، فیشەکنان بە دەمی سەردەشتەوە، دەمی دانەخستین و فێری هاواری کردین، شکاندنی پەنجەکانی وەدات قەڵەمەکانی پێ فڕێنەداین و فێریکردین بە خەتێکی گەورەتر بنووسین ‘ئازادیی، دیموکراسیی و دادپەروەریی’. بەڵێ، سۆران و سەردەشت و کاوە و وەدات بوون بە هێڵی تێکۆشانی دیموکراسیی و ئێمەش بووین بە ڕێ هەڤاڵیان، وەک سەردەشت پێیوتین ‘تا ئەو شوێنەی ماوین قسە دەکەین و بەرد دەگرینە ئەو توحفەیەی، کە کەسانگەلێک ماچی دەکەن’.

 

2\5\2020

Leave A Reply

Your email address will not be published.