سەردەشت هیچی پێنەگوتین، بەڵکو هەموو شتێکی پیشانداین

بەشدار عبدالرحمان:

 

سەردەشت هێندە ڕاستگۆ بوو لەگەڵ باوەڕی خۆیدا، دەکرێ بیکەین بە سیمبولی ئازادی نەک تەنها کورد،بەڵکو بۆ هەموو دنیا. سەردەشت کە نوسی دەمەوێ ببم بە زاوای بارزانی، ویستی پێمان بڵێ ئێوە لەژێر سایەی ئەو پیاوە بچوک و ئەقڵ بۆگەنانە تا ماون بە ژێردەستەیی دەژین، بۆیە ژیانی کۆیلەیی فڕێدا و بەپێکەنینەوە بەرەو ڕوی مەرگی خۆی ڕۆیشت. من شانازی دەکەم کە لەسەردەمێکدا ژیام سەردەشتی تێدا ژیا، جوانمێری و وەفا بۆ بیروباوەڕ لە سەردەشتەوە فێر بووم. من خوێنی سەردەشت وەک ئەو دۆڵە سەیر دەکەم کە لەنێوان من و دەسەڵاتی بنەماڵەکانی کوردستان دروست بوە، هەرگیز لەگەڵیان بەیەک ناگەم.

گەر خوێنی سەردەشت لەبیربکەم و دەست بخەمە ناودەستیان و خەباتیان لەگەڵ تێکەڵ بکەم، خۆم بە خیانەتکارێک دەبینم. ئەو خیانەتەی کە زۆرێک کردیان و ئێستا بێدەنگ و سەرشۆڕ لە دەرباری سوڵتانی بارزان دانیشتوون و حەز ناکەن هەر ناوی سەردەشت بهێنی لایان. ئەوانەی پێیان دەگوتین ڕادیکاڵ و توندڕەو ئێستا با ببینن ئێمە هەر گۆڕانخواز و پێداگرین لەسەر ئەوەی بەوەفا بین بۆ هەر شتێک کە باوەڕمان پێی هەبوە و بانگەشەمان بۆ کردوە. ئەوانەشی وەکو سیاسی دەرەجە یەک و حاسیبە و خاوەن ئەزموون دەناسێنران، ئێستا هەر حەساسیەتیان هەیە باسی سەردەشت و شەهیدانی تری ئازادیان لا بکەیت. سەربەرزی بۆ سەردەشت و هەموو شەهیدانی ئازادی لە کوردستانی باشور، سەرشۆڕیش بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەقڵ تەسک و ئەوانەشی ئێستا بوون بە جاشولکەی دەرباری سوڵتانی بارزان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.