کەسمان سەردەشت نەبووین!

بەرهەم لەتیف:

بەدرێژایی ٢٩ ساڵی تەمەنی، دەسەڵاتی کوردیی کاری لەسەر بێ ئیرادەکردنی تاکی کورد کردووە، هەر تروسکاییەک لە ئومێد و ئازادیی سەریهەڵدابێت ئەمان خێرا هەوڵی خامۆشکردنیان داوە، تا بڵێسە نەسەنێت، چونکە ئەوان باش لەوە تێگەیشتوون، ئەوە دیکتاتۆر نییە بێدەنگیی دروست دەکات، ئەوە بێدەنگییە دیکتاتۆر دروست دەکات.

مێژووی ئەم دەسەڵاتە نامۆ نییە بە تیرۆری کەسانی ئازادیخواز، لە ڕەئوف ئاکرەییەوە تا عەبدولستار تاهیر شەریف و بەدوایدا لە سۆرانی مامەحەمەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ سەردەشت عوسمان، هەر بەوە ناوەستن، دڵی کاوە لە کەلار لە لێدان دەخەن و پەنجەکانی وەدات لە دهۆک دەشکێنن و دەیپشکوێنن.

تا ئێستاش بکوژەکان وەک باسکی بانان قوتاریان بووە و ئەو یاسایانەی کە لە جەوهەری خۆیان دەرهێندراون و کراونەتە قەڵغانی پاراستنی بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران، نەیانتوانیوە تاکە کەیسێک یەکلابکەنەوە و سزای بدەن، خۆ ئەگەر شتێک هەبووایە بەناوی دادپەرەوەریی و سەروەریی یاسا، ئەوا نەک هەر بکوژەکان، بەڵکو دەستەکانی پشت ئەو تیرۆرانەش دەشکێندران، بۆ ئەوەی هیچ کەس جورئەتی ئەوە نەکات لوولەی تفەنگەکەی ڕوو لە ڕۆژنامەنووسان بێت، کە ئەمەش نەکراوە، بێ شک دەبێت بچینەوە سەر ئەو قسەیەی کە دەڵێت: لە هەر تاوانێکدا ئەگەر بکەرەکە نادیار بوو، ئەوە دەسەڵات ئەنجامدەرییەتی.

خۆ ئەگەر ئێمەش سەردەشت بوونیایە، دەبوو هەر لە تیرۆرکردنی ڕەئوف ئاکرەییدا کارتی سوورمان بەڕووی ئەم دەسەڵاتەدا بەرزکردایەتەوە و نەمانهێشتایە خوێنی عەبدولستار تاهیر شەریف بڕژێت، ئەگەر ئێمە لەسەر ڕێبازەکەی سەردەشت بووینایە، دەبوو ببووینایەتە قەڵغان بۆ سۆرنی مامەحەمە، بۆ ئەوەی کوڕە عاشقەکەمان “سەردەشت” لە مەعشوقەکەی جیانەکرێتەوە، چونکە عەشقەکەی سەردەشت نەیدە‌هێشت جەستەی کاوە لە ئامێزی دایکیدا سارد بکرێتەوە و پەنجە بزووتەکانی وەدات بشکێندرێن تا چیتر داستانی پڕ لە تاوانی دەسەڵاتی کوردیی نەنووسێتەوە.

بەڵام حەیف ئێمە سەردەشت نەبووین، ئەگەر سەردەشت بووینایە نەمان دەهێشت هەر ڕۆژەی ڕۆژنامەنووسێک لە زیندان بئاخندرێت و هەر ساتێک تیرۆری کەسایەتیی ئازادیخواز بکرێت و قەڵەمێک بشکێندرێت.

 

حەیف ئێمە ئەو سەردەشتە نەبووین..

Leave A Reply

Your email address will not be published.