لە گردعازەبانەوە قانع فەرمووی: گرتن و لێدان و كوشتن عامیلی ئازادییە

فەرمان سادق:


سەردەشتی هاوپیشەم! كاتێك وتت / بەدبەختی و كڵۆڵی ئەو پیاوە بچووكانەی دەسەڵات ئەوەندەیە كە پێیان وایە لەبەر ئەوەی دەتوانین قسە بكەین كەواتە ئازادی هەیە/. بەڵام ئەوان ئەو شانازییەیان بەخۆیان رەوا نەبینی و ئازادییان تیرۆر كرد.
ئەگەر بە مێژووی شاخی ئەو حزبانە بچینەوە، دەگەینە ئەو راستییەی لەوێش هەر خەریكی تیرۆركردنی ئازادی و ئەو دەنگانە بوون كە پێیانی دەگوتن / نــــا /، وەرە با مولازم موحسینەكانی ناو شارەكانی كوردستان بژمێرین، بزانین چەندیانیان كوشتووە بە بەراورد بە سەردەشت و كاوە و ویدادەكانی شاخ!
10 ساڵە خوێن لە جەستەی نیشتمان دەچۆڕێ و دادگا كەڕ و كوندە، ئاخر لە قوتووی چ عەتارێك ئەوە دەدۆزیتەوە كە دەسەڵات خۆی خۆی دادگایی بكات؟ مەگەر ئەوان دادگایان بۆ پەردەپۆش كردنی تاوانە قێزەونەكانیان كردووە بە بەردەباز، چی نەما بە جەستەی نیشتمانی نەكەن، كەسیشمان نەدی و نایبینین كەلەپچەی لە دەست بكرێت.

پێش تۆ، سۆرانی مامە حەمە لە 2008، دوای تۆش، كاوە گەرمیانی لە 2013، ویدات حوسێن لە 2016 ، ئامانج بابانی و هاوسەری لە 2019. تیرۆری رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی بە سپۆنسەری دەسەڵاتێكی بێباك بەردەوامی هەیە، ئێستاش بۆیان بگوزەرێت دەست نا پارێزن لە تیرۆری جەستەیی رۆژنامەنووسان، ئەوەتا لە جێی تیرۆری جەستەیی، تیرۆری فكری و هەڕەشەی جۆراوجۆر جێگەی گرتۆتەوە و كڵۆڵی پیاوە بچووكەكانی دەسەڵات دووپات دەكەنەوە، بەڵام ئێستا بە ڤێرژنی نوێ، بە ڤێرژنی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن، هەر پۆستێكی سۆشیال میدیا بە هەڕەشە لەسەر خۆیان بزانن، بەو یاسایە راپێچی تەوبە كردنی دەكەن.
قانعی شاعیر دوای ئەوەی چەند جارێك لە سلێمانی و دواتریش لە ساڵی لە زیندانی قەجەر لە تاران، شیعرە بەناوبانگەكەی دەنووسێ (ئاخرین ماڵم كونجی بەندیخانەیە)، لەو شیعرەدا دەڵێ، قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە، گرتن و لێدان و كوشتن عامیلی ئازادییە.
دوای 60 ساڵ، بە خەیاڵی كێدا دەهات ئەو هۆنراوەیەی قانع كە بۆ دوژمنی نووسیوە و بوو بە سیمبولی شۆڕشی و زۆرێك لە شۆڕشگێران، بە دەستی خۆمان بە رووی حكومەتی كوردی بەرزی بكەینەوە!

لە یادی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان، بە پەرلەمانی كوردستان و ئەندامانی پەرلەمان دەڵێم، هەرچی زووە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن، هەموار بكەنەوە. ناكرێت ئەو یاسایە جێگەی فیشەك بگرێتەوە و دەسەڵات كەی ویستی و كێی مەبەست بوو لەنیوە شەودا هەڵكوتێتە سەر ماڵیان و بەو یاسایە راپێچی زیندانی بكات، دەبێت بە دەق بنووسێت، رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی یاسایەكەیان لەسەر جێبەجێ ناكرێت و ئەوان دەبێت بە یاسای كاری رۆژنامەگەری لە دادگاكان مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.
سەردەشتی جوانە مەرگ! ئەوان هێشتا لەوە نەگەیشتوون، قەبرستانی گردعازەبان و گڵكۆكەت دەبێتە سیمبولێك لە دڵی رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان، ئێستا ئێمە لە هەموو شارێك سیمبولێكمان هەیە، لە گەرمیان، كەركوك، دهۆك و سلێمانی!

لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەپێی راپۆرتی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، زیاتر لە هەزار و 80 پێشێلكاری دژ بە رۆژنامەنووسان ئەنجام دراوە، كەسیش رووبەڕووی سزا نەكراوەتەوە، ئەوە پەیامێكی روونە لەلایەن دەسەڵاتەوە كە باوەڕی بە ئازادی، میدیای ئازاد، رۆژنامەنووسی ئازاد و دەستەمۆ نەكراو نیە.
دوا ئاماری پێشێلكارییەكان دژ بە ئێمەی رۆژنامەنووسان بەپێی راپۆرتی سەنتەری میتڕۆ بۆ 2019، 231 پێشێلكاری جۆراوجۆر دژ بە رۆژنامەنووسان ئەنجام دراون. هەرچی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە لە راپۆرتەكەیدا دەڵێ، 66 حالەتی پێشێلكاری تۆمار كراون. سەرنج بدە ژمارەكان، دڵنیابن سەدان پێشێلكاری تریش هەبوونە و تۆمار نەكراون.
هەموو ئەو پێشێلكارییانەی ئەنجام دەدرێن، هێزی چەكدار بە ئیعازی حزبی ئەنجامی دەدەن، بەڵام یەك راپۆرتم پێ بڵێ یەك چەكدار لەسەر ئەو پێشێلكارییانە سزا درا بێت!

سەردەشتی هاوپیشەم.. دۆسیەی تۆ و ئەوانی تریش، لای ئازادیخوازان كراوەیە، پەیامی ئەمساڵمان كە لە رێگەی ڤیدیۆیە، دڵنیام بە بەشداری زۆرێك لە رۆژنامەنووسان، ئەو پەیامە بە گوێی دەسەڵات دەدات كە سیناریۆكانتان باوەڕ بە رای گشتی ناكات. نەك تەنیا سیناریۆكانیان بۆ دیزەبەدەر خۆنە كردنی دۆسیەی رۆژنامەنووسان، بەڵكو سیناریۆكانیان بۆ پەردەپۆش كردنی شكستی سیاسی و ئابووری حوكمڕانیان، بەو رۆژەی گەیاندن كە رای گشتی پێیان بڵێ موچەكەی بەغدامان دەوێت، ئەمەش بە دیوەكەی تر، حكومەتەكەیان دەكاتە كابینەی حەواڵە كردنی موچەی فەرمانبەران!

سەردەشت، وتارەكانت لەبارەی جیاوازی چینایەتی و نا دادپەروەری و گەندەڵی، وەك ئەوە وایە بۆ ئەمڕۆ نووسرا بێت، ئەو دەسەڵاتە بێباكە، دوای ترۆركردنی تۆ، نەك هەر بەخۆیدا نەچۆتەوە، بەڵكو ملهوڕانەتر بە گژ ئازادی و دەنگە ئازادەكان دەچێت، ئەوەتا سەدان پەیجی لە سۆشیال میدیا بە پارەی داهاتی گشتی هەیە بۆ ناوزڕاندنی ئازادیخوازان، ئەمەش جۆرێكی ترە لە تیرۆری ئازادی، لە جێگەی برەودان بە میدیای ئەهلی، چەندان كەناڵی زەبەلاح بە پارەی گشتی دامەزراندووە كە ئەركی سەرەكیان شێواندنی راستییەكان و رای گشتییە، بەڵام ئێستا رای گشتیش تێگەیشتووە و ئیتر باوەڕیان پێ ناكات.

لە یادی تیرۆركردنی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان قسە زۆرە بكرێت، ئێمە تێدەگەین دۆسیەكە بۆ یەكلایی نەكراوەتەوە، لەو هەوڵ و گوشارانەش دەگەین بۆ سەر رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی، بەڵام وەك شێركۆ بێكەسی مەزن دەڵێ، نەهاتە دی و نایشێتە دی، ئەوەی هەرگیز پێیان ناكرێ سڕینەوەی ئازادییە لە ڕۆحمانا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.