سەردەشت.. شکاندنی قەڵەمێک لە تاریکییدا
لە درەنگانێکی شەودا بۆ یەکەمجار زەنگی مەرگ لە ڕێی مۆبایلەکەیەوە لێدەدات، زەنگێک کە زۆر نابات لە دەرگای ماڵەکەشی دەدات و بۆ هەمیشە لەبەر چاوەکان ونیدەکات، بەڵام بۆ هەتا هەتایە لەناو مێژوودا دەیهێڵێتەوە و هەرکات باسی ئازادیی کرا، ئەو وەک چرایەک لەولاوە ڕۆشن دەبێت.
سەردەشت عوسمان، ئەو قەڵەمە بوێرەی کە لە تاریکییدا شکێندرا، چرایەک کە لە نیوەی ڕێدا کوژێندرایەوە، ١٠ ساڵە هێشتا برینەکەی لەدڵی ئازادیخوازانی باشووردا ساڕێژ نەبووە، خوێنەکەی بە شەقامەکانی هەولێرەوە وشک نەبووەتەوە، قەڵەمێک کە لەناو مەرگدا بۆ ئازادیی و لە تاریکییدا بۆ ژیان دەگەڕا.
سەردەشت.. قەڵەمێکی بێباک
جیاواز لە قەڵەمەکانی دیکە، سەردەشت بە تەمەنێکی کەم و لە نزیکەوە جاڕی شکاندنی بتەکانی دا، بە دەنگی بەرز هاواری ئازادیی دەکرد، هەمیشە خۆشحاڵ بوو كه شتێكی هەبوو بۆ وتن و كهسانێك نەیاندهویست بیبیستن، ههركاتێك ئەو بە چپه قسەی دهكرد، ئهوان گوێچكهكانیان نائارام دهبوون.
بە ماوەیەکی کەم لە دوای نووسینێکی تەنز ئامێز، کە دەیەوێت نیشانی بدات دەسەڵاتدارانی هەرێم چۆن لەڕێگەی بەکارهێنانی پلەو پۆستەوە جیاوازییەکی گەورەی چینایەتییان دروستکردووە و بۆشاییەکی زۆریان لە نێوان خۆیان و خەڵکدا دروستکردووە، تاقمێکی دیاریکراو دەکەونە وێزەی گیانی سەردەشت و شکاندنی قەڵەمەکەی، ئەو قەڵەمەی کە وەک تەورەکەی ئیبراهیم دەیویست بتەکانی کوردستان بشکێنێ و بچێت بەگژ قولەی قافدا.
سەردەشت بەو نووسینەی، خاڵی کۆتایی لەنێوان خۆی و دەسەڵاتخوازانی دوای ڕاپەڕین داناو کردی بە پەڵەیەکی ڕەش بەنێوچاوانیانەوە، ئێستا هەرکات ئازادیخوازان دەگەنە ئەو خاڵە، دەستبەجێ قەڵەمەکانیان بەبێ شەرمانە دەشكێندرێ و بژاردەیەکی دیکەیان جگە لە مەرگ و هەڵهاتن بۆ ناهێڵرێتەوە.
هەرچەندە نووسینەکەی سەردەشت هەوڵێکە بە ئاڕاستەی تواندنەوەی ئەو بەستەڵەکەی لەنێوان نەوەی نوێ و دەسەڵاتدارانی دوای ڕاپەڕین دروستبووە، کەچی لە دوای خۆی ئەو بەستەڵەکە نەک هەر ناتوێتەوە، بەڵکو بەیەکجاری دەبێتە شاخێک و هێندەیتر بۆشایی لە نێوان ئەو دوو نەوەیەدا دروست دەکات.
فیشەک لە بەرامبەر قەڵەم
سەردەشت لە دوای ئەو نووسینەی کە بەناونیشانی “من عاشقی کچەکەی بەرزانیم” بڵاویکردەوە، تێدەگات کە ئێرە ئەم وڵاتەیە كە نابێت بە سەرۆكەكەت بڵێى مووچەكەت چەندە؟ بۆچی كوڕ و نەوە و خزم و كەسوكارت ئەم هەموو پۆستە سەربازىی و حكومییەیان پێدراوە؟ نەوەكانت ئەم هەموو سامانەیان لەكوێ بوو؟.
تیدەگات ئەگەر یەكێك بوێریی ئەوەى كرد و ئەم پرسیارانە بكات، ئەوا سنوورى ئەمنى قەومى وڵاتەكەى بەزاندووە و دەكەوێتە بەر ڕەحمەتى تفەنگ و نووسینی قەڵەمەكانى ئەوان، بۆ ئەویش كە لەیەكێك لە نووسینەكانیدا ناوى كچەكەى بەرزانی هێناوە، ئەوە یەكێك لە هێڵە سوورەكانى وڵات و ئەخلاق و ئەدەبیاتى ڕاگەیاندنی بەزاندووە.
لێدانی یهكهمین زهنگی كوشتن
له ٢٣ بەهاری تەمەنیدا، سەردەشت بۆ یهكهمجار لە دوای نووسینە تەنز ئامێزەکەی، پێیدەڵێن کە ’تهمهنی چهندی نهماوه، یان بهگوتهی خۆیان مۆڵهتی ههناسهدانی له هەولێردا نهماوه’، بهڵام بێ ئاگان لەوەی کە ئەو نه باكی بهمردنه و نه ئازاردان، بەڵکو لهچاوهڕوانی كۆتاییهاتنی مۆڵهتهكهیەتی تا دیداری بكوژهكانی بکات.
نووسینەکانی سەردەشت پڕن لە بوێریی و کۆدی پڕ مانا، دەیەوێت نەوەی نوێ تێبگەیەنێت کە گۆڕانکاریی بە گیان فیدایی دەبێت، ژیانی خۆی بۆ سەندنی ماف لە بەرامبەر مەرگدا دەگۆڕێتەوە، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو هەمیشە نزا دەکات کە مردنێكی تراژیدیاشی پێببهخشن كه شایستهی ژیانه تراژیدیاكهی بێت.
سەردەشت ئهم قسانه دهكات تابزانن گهنجهكانی ئهم وڵاته چ هۆلیسۆسێكن و مردن سادهترین ههڵبژاردنیانه، بۆئهوهی تێبگهن كه ئهوهی ئەوان دهترسێنێت بهردهوامی ئهم رۆژگارهی ئێستایه بۆ نهوهیهكی داهاتوو، نهك مردنی خۆیان.
سەردەشت لەو ماوە کەمەی لەبەردەمیدا ماوە، زۆر بە قوڵی گوزارشت لە هەستەکانی خۆی دەکات و بەوپەڕی بڕوا بەخۆبوونەوە دەڵێت، “ئەمە ههنگاوێكه ناومهو ئازارهكهشی خۆم ئهیگرمه ئهستۆ”.
تاكه هۆكاری نیگهرانیشی لەو دەمەدا ئەوەیە کە هێشتا زۆرشت ماوە قسهیان لهسهربكات، بەڵام دیارە خۆی لە کۆتایی ڕێگاکەی دڵنیا بووەتەوە، بەڵام پێیوایە تا ئەوکاتەی کە ماوە دەبێت قسە بکات، لهو شوێنهش كه تهمهنی كۆتاییهات، داوا لە هاوڕێکەی دەکات خاڵێكی بۆ دابنێت و ببێته سهردێڕێكی نوی و سهر لهنوی دهست پێبكاتهوه.
سەردەشت پاش ئەوەی لە بێباکی زانکۆکەی لە ئاست نە پاراستنی ژیانی دڵنیا دەبێتەوە، وەک خۆی دەڵێت، ههرگیز تووشی شۆك نهبووە، چونكه دهمێكه زانیویەتی زانكۆی ئهم وڵاته ماڵی ئاسوودهیی ئەوان نییە، بەڵام ههرچی بێت ئەو بڕیاری خۆی لەبارەی مانەوەی لە شارەکەی خۆی دەدات و لهچاوهڕوانی دیداری مردنی خۆی دادهنیشێت.
دیاردەی سەردەشت عوسمان
لەو دەمەدا کە توڕەیی لە هەموو پانتاییەکی ئەم هەرێمە بەرامبەر خراپی سیاسەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵات دەباری و لە بەرامبەریشدا ئەشکەنجە و کوشتن گەیشتبوونە لوتکە، سەردەشت وەك كوڕێكى بێ موبالاتى شەقامەكانى هەولێربەدیار دەکەوێ كە یاخییە لەو هەموو بت و پەیكەرانەى سوڵتەى ئەم وڵاتە و وەك ئیبراهیم چاوەڕوانى دەرفەتێك دەکات تا هەموویان خاپووربكات.
بەشدار عوسمان برای سەردەشت لە نوسینەوەی وێستگەکانی ژیانی سەردەشتی جوانەمەرگدا دەنوسێت، نووسینەوەی ژیاننامەی گهنجێك کە هێشتا ٢٣ بههاری تەمەنی تهواو نهكردبێت،دهبێت چیبێت و چی بنووسرێتەوە؟!
لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لە هەگبەی یاداشتەکانیدا ئێستا بەجێماوە، بۆ هەمیشە دەوترێنەوە و دەبنە شاهید لەسەر دۆخێک کە تیایدا براکان پەنجەی یەکتریان لەناوخۆدا شکاند و هەموو شتێکیان لە دوای خەباتی شاخ و ڕاپەڕین کردە قوربانیی بەرژەوەندیی و مانەوەی نفوزی خۆیان.
سەردەشت هەمیشە وەک ئازادیخوازێک لە نووسینەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، له ههر شوێنێكدا بزانێت دهنگی ئەوانیان پێویسته، پڕ به گهرووی هاوار دهكات، له ههر جێگایهكیشدا زانی شوێنی ئەو نییه، لێدهگهڕێ تا پیاوه حیزبییهكان یهكتری تێدا سووك بكهن.
سەردەشت لەناو یادەوەری شەقام و دڵی هاوڕێکانیدا
نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنوس لە یادی تیرۆری سەردەشت عوسمان باس لەوە دەکات، سەردەشت لە دوای تیرۆرکردنییەوە بووە سیمبولێک کە ئەمڕۆ زۆرێک لەوانەی ڕۆژنامەنووسن و دەیانەویت بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانەو بوێرانە کار بکەن، ئەو دەکەن بە سەرمەشق و نمونەی خۆیان.
نیاز پێیوایە سەردەشت گوزارشتە لە نەوەی دوای ڕاپەڕین، ئەو نەوەیەی کە لەسەر دەستی حوکمڕانی خۆماڵی کوردی ڕووبەڕووی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و شکست بوویەوە.
ئەو ڕۆژنامەنوسە دوپاتیدەکاتەوە، کە سەردەشت بە خوێنی خۆی، گوڕو تینی بە جوڵەی شەقام بەخشیەوە و خاڵێکی بۆ ئەو عەقڵیەتە پاوانخوازە دانا کە چارە سەدەیەکە خێر و بێری ئەم هەرێمە هەڵدەلوشێ و باکی بە نەبوونی کەس نییە.
سەردەشت.. خوێنێکی بە ناهەق ڕژاو
دوای ١٠ ساڵ لە کوشتنی سەردەشت و بەلاڕێدا بردنی کەیسەکەی وەک ئەوەی ڕۆژنامەنوسان و کەسوکارەکەشی دووپاتیدەکەنەوە، جارێکیتر دۆسیەکەی دەهێنرێتەوە بەر باس، بەڵام ئەمجارە نە لەلایەن دادگا و نە لەلایەن کەسوکارەکەی، بەڵکو لەلایەن یەکێک لە هەستیارترین دەزگا ئەمنیەکانی ئەم هەرێمە و بە ئاشکرا پەنجەی تۆمەت بۆ بنەماڵەی بارزانی و سەرۆکی ئێستای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم درێژ دەکات.
بەکر عوسمان، برای سەردەشت لەمبارەیەوە تیشک دەخاتە سەر ڕاگەیەندراوێکی مانگی ئازاری ئەمساڵی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتیی، کە بەرامبەر پارتی و سەرۆکی حکومەت وتبووی، “مەسرور باسی سەروەری و جێبەجێکردنی یاسا دەکات، ئێمەش پێمان باشە یاسا سەروەر بێت و هەموو ئەوانەی کاری لاساریی و کوشتن و بەرتیلخۆری ئەنجامدەدەن، بچنە بەردەم یاسا، بۆنمونە جەنابی برا گەورە لەسەر دۆسیەی سەردەشت عوسمان و باوکی لەسەر دۆسیەی ۳۱ ی ئاب و باپیریشی لەسەر دۆسیەکانی کوژرانی محەمەد هەرسین و فاخر مێرگەسوری و سولەیمانی موعینی و د.شڤان دادگایی بکرێن”.
برای ئەو ڕۆژنامەنووسە لە نوسینێکیدا سەبارەت بە دۆسیەی تیرۆری براکەی دەڵێت، ئەو تۆمەتبارکردن و تاوانبارکردنە فەرمیەی دەزگایەکی ئەمنی لە ئاستی ڕاگەیاندنی فەرمیی، پشتڕاستکردنەوەی گومانەکانی پێشووتری ڕۆژنامەنووسان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە.
ورژاندن و هێنانەوە بەرباسی ئەم پرسە لەلایەن یەکێتییەوە بەرامبەر پارتی، هەرزوو داخرا و دووبارە بێدەنگی لێکرا، کە دەبوو ڕایگشتی و ڕۆژنامەنوسان لێ نەگەڕێن چیتر دۆسیە شاراوەکانی دادگا دیزە بەدەرخۆنە بکرێن و وەک چەکێک بۆ ترساندنی یەکتر ئەو دوو حزبە بەرامبەر یەکتر بەکاریان بهێنن بۆ مانەوەی خۆیان.
سەرچاوە:ئاژانسی رۆژنیوز