خوێنی سەردەشت لە جەستەمان دەچۆڕێت

بەڵێن عزەت میکە:

ئەم ڕۆژانە دەرگیربووین لەگەڵ چەند یاد و ڕووداوێکی جیاوازدا، کە سەرجەمیان ئەوەیان بیردەخستینەوە، خوێنێک لە ئێمە دەچۆڕێت و ئەو خوێنەش خوێنی جەستەیەکە کە دە ساڵ پێش بوو بە قوربانیی بۆچوونەکانی.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دوای سێ جار لە دەستگیرکردن هێمن مامەند ئازادکرا، هەر ئەوکات ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بوو، دوای ئەوەش ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەوانیی و ئێستاش یادی شەهیدبوونی سەردەشت عوسمانە.

دە ساڵ پێش ئێستا بوو، بە فیشەکێک کە نرا بە گەرووی سەردەشتەوە، بە هەموومان وترا بێدەنگبن، بە هەموومان وترا ئازادیی یەکسانە بە مەرگ، ئێستا کاتی ئەوەیە بپرسین بۆچی خوێنی ڕۆژنامەنوسان هەرزانترین کاڵایە لای دەسەڵات؟ بۆچی کاری ڕۆژنامەوانیی وەکو مەترسیی لەسەر خۆیان سەیردەکەن؟

دوای شەهیدبوونی سەردەشت عوسمان، ئەنجامدەرانی ڕاستەقینەی تاوانەکە هیچ سزایەک نەدران، هیچ لێپێچێنەوەیان لەگەڵ نەکرا و هەوڵی بەلاڕیدابردنی کەیسەکە درا، ئەمە بووە هۆکار بۆئەوەی هەمووان بە ئاسانیی لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس بڕوانن، ئەو عەقڵیەتە گەشەیکرد و ئێمە ڕۆژانە لەسەر شەقامەکان و لەناو کۆبوونەوە و لە کاتی کارکردندا بەری دەکەوین.

ئێمە خوێنێکی بەردەوام لە جەستەمان دەچۆڕێت، چوونکە بەردەوام ئەو عەقڵیەتە بەرامبەرمان وەستاوە کە خوێنی سەردەشت و سۆران و کاوە و ویدادی ڕشت، لەگەڵ عەقڵیەتێکدا دەرگیر دەبین کە ڕۆژنامەنوس وەکو مەترسیی بۆسەر خۆی سەیردەکات.

لە جیهاندا دەسەڵاتە گەندەڵ و ستەمکارەکان بۆئەوەی تاوانەکانیان ئاشکرا نەبن، کەمترین دەرفەت بە ڕۆژنامەنوسان دەدەن دەستیان بە زانیارییەکان بگات، ئەمەش بۆ شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی تاوانەکانیانە.

بەو واتایەش، هەرکات دەسەڵات ئازادیی ڕۆژنامەوانیی بەرتەسککردەوە و ڕۆژنامەنوسی تیرۆرکرد ئەوە نیشانەیە بۆ بوونی ستەم و گەندەڵی زانیاریی شاراوە کە هاوڵاتیان نایزانن.

لێرەوە دەکەوینە ناو ئەو هاوکێشەیەی کە خوێن و شکۆی ڕۆژنامەنوس لەلایەکییەتی و لایەکەی تری خواستی دەسەڵاتە گەندەڵەکانە، دەسەڵات خوێن و شکۆی ڕۆژنامەنوسان دەکاتە قوربانیی بۆ پاراستن و مانەوەی خۆی، ئەمەش وادەکات کە شکۆ و بەهایەکی ئەوتۆ بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی نەمێنێتەوە چوونکە هەموان کە دەبینن دەسەڵات هەرکات بیەوێت مافی ڕۆژنامەنوس پێشێلدەکات و دژایەتییان دەکات و تیۆرۆیان دەکات، ئەوکات چیتر بەها و شکۆی ئەو کارە لای هاوڵاتیان کەمدەبێتەوە و کەس سڵناکاتەوە کە پێشێلکردنی مافەکانی و دەستبردن بۆ ئازادییەکانی.

پۆلیسێکی سەر شەقامەکان، کارمەندێکی پرسگەکان، بەرپرس و پەرلەمانتار و وەزیرەکان، سەرجەمیان یەک تێڕوانینیان هەیە بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی و سەرجەمیان لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسێکدا وەکو نەیار مامەڵە دەکەن و ئەمەش بەردەوام ئازیی ڕۆژنامەوانیی و گرنگیی کارەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئەم دۆخە گشتییە بەهۆی ئەوەوە دروستبووە کە سەردەش تیرۆر دەکرێت و ئەنجامدەرانی تاوانەکە سزانادرێن، سۆران و کاوە و ویداد تیرۆر دەکرێن و دادگا ڕۆڵی خۆی نابینێت، بە سەدان پێشیلکاریی دژمان دەکرێت و کەسی لەسەر محاسەبە ناکرێت، ئەمەش وادەکات ئێمە بەردەوام دەستبردن بۆ مافی ڕۆژنامەنوسان بەئاسانیی سەیردەکرێت.

بۆیەش ئێمە جەستەیەکی بریندارین کاتێک کە وەکو ڕۆژنامەنوس کاردەکەین، خوێنمان لێ دەچۆڕێت کە ڕووبەڕووی ئەوانە دەبینەوە وەکو نەیار سەیرمان دەکەن، ئەو خوێنە خوێنی سەردەشت عوسمانە، خوێنی سۆران و کاوە و ویدادە، ئەو خوێنەیە کە دەسەڵات لێی بێباکە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.