زانکۆی سەڵاحەدین بەبێ سەردەشت

دلێر عەبدولخالق

هاوژینی (٢٢) ساڵ، لە هاوڕێ نزیکەکانی خوێندکار و رۆژنامەنووسی تیرۆرکراو سەردەشت عوسمانە. ئەو ساتەوەختی کردنەوەی دەرگاکانی زانکۆی سەلاحەدین بەڕووی خوێندکارانیدا، دەبەستێتەوە بە کولانەوەی زامی لەدەستچوونی سەردەشتی هاوڕێیان.
رۆژ، سێشەمەیە. بەروار: ٤ی مایسی ٢٠١٠.کات: بەیانییەکی زوو. شوێن: بەردەم کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین، ناوەندی هەولێری پایتەخت. لەو چوارچێوە زەمەنییەدا چەند چەکدارێک سەردەشت عوسمانی خوێندکاری دوا قۆناغی بەشی ئینگلیزی دەڕفێنن و لە پارێزگای موسڵ بە مەرگی دەسپێرن.
هەرچەندە پێشتر ئاماژەی بە “لێدانی زەنگی مردنی” کردبوو، بەڵام تەمەن کۆمەکی سەردەشتی کرد، تا لە ئاهەنگی دەرچوونی خۆی و هاوڕێکانی بەشدار بێت، ئەم خۆشبەختییە درێژە ناکێشێت، واتە ئەو ناگەیەنێتە دوایین تاقیکردنەوەی خوێندنی زانکۆیی، هەربۆیە قەدەر ناو و ژمارە و کۆنمرەی لە ڕێبەری دەرچوانی خولی (٢٩)یەمینی زانکۆی سەلاحەدین (٢٠٠٩ _٢٠١٠) تۆمار نەکرد، بێ سەردەشت (٤٦٧٩) دەرچوو بە بڕوانامەوە گەڕانەوە ماڵەکانیان.
سەردەشت (٥) رۆژ بەر لە (١٩٨٨)، لە کۆتایی کانونی یەکەمی (١٩٨٧) وەک هەشتەم منداڵی خێزانەکەی لەدایکبووە. بە تەمەنی (٥) ساڵییەوە چووەتە قوتابخانە و تا شەشەمی ئامادەیی هەموو قۆناغەکانی بە سەرکەوتوویی بڕیوە، تا ئەوەی بە ئارەزووی خۆی لە بەشی ئینگلیزی زانکۆی سەلاحەدین وەردەگیرێت و بە ئومێدەوە پێدەنێتە زانکۆوە.
هاوژین کۆیی، خوێندکاری دەرچووی بەشی کوردییە، چوار ساڵی تەمەنی زانکۆی وەکو هاوڕێی سەردەشت بەسەربردووە و وەک خۆی دەڵێت”لە یەکەم هەفتەی ساڵی خوێندنەوە بوومە هاوڕێی”.
“خۆشەویستەکەی لە بەشی ڕاگەیاندن بوو”
لەبارەی تایبەتمەندیی خوێندکارییەوە، هاوژین وتی:”خوێندکارێکی زۆر هێمن بوو، جگە لە زیرەکییەکەی بەدەم گرفتی زۆربەمانەوە دەهات، ئەو بەوە ناسرابوو زانیاریی دەرەکیی هەبوو، ئەوەی ئێمەی زۆر کۆدەکردەوە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر خوێندنەوەی کتێب، بەتایبەت لە سەرچاوە ئینگلیزییەکان زۆر هاوکارمان بوو”.
ئەو هاوڕێ کچەی سەردەشت ئەوە ئاشکرا دەکات، سەردەشت پەیوەندیی لەگەڵ خوێندکارە کچەکان زۆر ئاسایی بووە، لەبارەی پەیوەندیی سۆزداریشەوە رایگەیاند:”خۆشەویستەکەی لە بەشی راگەیاندن بوو، تا کۆتاییش پەیوەندییان بەردەوام بووە”.
سەردەشت لە دووەم ساڵی خوێندنی زانکۆوە، بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی رۆژانەی پشتی بە پاداشتی چەند رۆژنامە و بڵاوکراوەیەک بەستووە، بەهۆی بەردەوامیی لە کاری ڕۆژنامەوانیی، چەند ڕۆژێک بەر لە تیرۆرکردنی، چەند هاوڕێیەکی لە مەترسیی و هەڕەشەکردنی گیانی ئاگادار دەکاتەوە، لەژێر کاریگەری ئەو هەڕەشانەدا بە چاونەترسییەوە دوایین پەیامی بۆ دوای مەرگی بڵاودەکاتەوە.
دەنووسێت:”تا ئەو شوێنەی ماوین دەبێت قسە بکەین، لەو شوێنەش، کە تەمەنم کۆتایی هات، با هاوڕێکەم خاڵێکم بۆ دابنێت و بێتە سەردێڕێکی نوێ و سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە”.
کاردانەوەکانی دوای تیرۆرکردنی، سەلماندی زۆربەی رۆژنامەنووسان خەریکی تەواوکردنی ئەو دێڕەن، کە ئەو دەیویست تەواو بکرێت.
بەشدار عوسمانی برای سەردەشت، لەبارەی ژیانی خوێندکاریی بۆ (پەیک) وتی:”ئەو زۆر پەیوەست بوو بە خوێندنەکەیەوە، ئارەزووی زۆریشی هەبوو قۆناغی ماستەر لەدەرەوە تەواو بکات، بۆ بژێویی ژیانیشی تەنیا بە پاداشتی رۆژنامەکان ژیاوە، تەنانەت بەو بڕە پارە هاوکاریی بەشێک لە هاوڕێکانیشی کردووە”.
زانکۆی سەلاحەدین بووەتە بیرەوەرییەکی تاڵی خێزانی سەردەشت، بەشێوەیەک دوای تێپەڕبوونی (٦) مانگ بەسەر تیرۆرکردنی، ئەندامانی خێزانەکەی نەیانتوانیوە نزیکبنەوە لەو کۆلێژەی کوڕەکەیان (٤) ساڵی تەمەنی تێدا گوزەراندووە.

“زانکۆ هەستێکی پڕ ئازاری ئێمەیە”

بەشدار دەڵێت:”زانکۆ هەستێکی پڕ ئازاری ئێمەیە، پێشتر یەکێکمان هەبوو چاوەڕێی گەڕانەوەمان دەکرد، بەڵام ئێستا لەو شوێنە هەست بە دەنگ و تارمایی ئازار و ئەشکەنجە و رفاندنی سەردەشت دەکەین، بۆیە تاکە داوامان لە زانکۆ ئەوەیە، لە شوێنی رفاندنەکەی ڕێگە بدەن پەیکەرەکەی دابنێین”.
تیرۆرکردنی سەردەشت، شەقامی کوردیی جووڵاند، پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی تا ئاستی پێکهەڵپرژان ئاڕاستە کرد، فشاری دەوڵەتیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە. دوای چەند مانگێک ئەو لیژنەیەی بە بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەیسە پێکهاتبوو، لە (١٥ی ئەیلولی ٢٠١٠) گەیشتە ئەو ئەنجامەی گرووپی (ئەنسارولئیسلام) دەستی لە تیرۆرکردنیدا هەبووە، بەڵام دەرکەوتەکانی دوای ئەو ڕاگەیەندراوە، دەریخست رای گشتیی قەناعەتی بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە نەهێناوە.
کەمپەینی چالاکیی بێدەنگ نابین، پێکهاتوو لە ژمارەیەک دەزگای میدیایی و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی لە هەرێم و رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی(ئەمنستی ئینتەرناسیۆنال)، داوادەکەن لەلایەن لیژنەیەکی سەربەخۆوە سەرلەنوێ پێداچوونەوە لە کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشت بکرێت.
لە لایەکی تریشەوە، گاڤێن ئوریللی سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی رۆژنامە و گۆڤارە جیهانییەکان، کە نوێنەرایەتیی (٣٦) هەزار کەناڵی میدیایی دەکات، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانی، داوای لێکۆڵینەوەی جدیی لەو کەیسە دەکات.

لێدوانی هاوڕێکەی سەردەشت، دەبێتە دوایین پەرەگرافی ئەم ڕاپۆرتە. هاوژین بیرەوەرییەکانی زانکۆی سەلاحەدین و سەردەشت پێکەوە گرێ دەدات و وتی:”هەرکاتێک زانککۆمان بیردێتەوە، سەردەشتمان لەبیرە، بڕوام وایە زانکۆی سەلاحەدین یەکێک لە خوێندکارە زۆر سەرکەوتووەکانی لەدەستدا”.

پەیک
دەنگێکی تری زانکۆی سلێمانی
ژمارە(١) ١٧/١٠/٢٠١٠ زاینی – ٢٦/٧/٣٧١٠ کوردی

Leave A Reply

Your email address will not be published.