خەون بینینێک ، یوسفی کرد بە پێغەمبەر و سەردەشت عوسمانی دا بە کوشت ..

پێشڕەو حەمید:
دیار نیە لەدوای عەبدولستار شەریف ، سۆرانی مامە حەمە ، سەردەشت عوسمان ، کاوە گەرمیانی ، ویداد ، کێی تر دەکوژن ؟ کەس نازانی چەندی تر تیرۆر دەکەن و لاشەکانیان لەکام تاریکیدا دەشارننەوە .
ئێستاش لەسایەی دەسەڵاتە ملھوڕەکەی ھەرزە سیاسەکان و مەمللەکەتی تەورری بنەماڵەکان ، تادێت برسێتی و قوت بڕین بەرەو ھەڵکشان دەڕۆن و ئازادیەکانی تاکی کوردی زیاتر پێشێل دەکرێن و ئیھانەکردن و ڕفاندن لەپەرەسەندندایەو کەسیش جورئەت ناکات بە دواداچونێک لەسەر پاڵەوانەشاراوەکانی لیژنەکانی کوشتنی و ڕفاندنی حیزب بکات و دۆسێی تیرۆرکردنی ( سەردەشت و سۆران و کاوە ، ویداد ) و چەندانی تر ھەڵبداتەوە .. حیزبە کوردیەکانی ئەمڕۆ ئەو حیزبانەبوون کە لە ” شاخ ” یشدا بەشوێن بەھێزکردنی جەبەروتیەتی خۆیانەوە بون بۆیە جێگەی گومان نیە کە لە ژێرناوی تردا لە ئێستای” شار ” دا شەرعیەت بەو لیژنانە بدرێت و کێ یان بوێت لە نەیارانی خۆیان بەڕۆژی ڕوناک بیرفێنن و دواتر بیان کوژن ، وەک چۆن بەرامبەر بە سەردەشت عوسمان کردیان ، ئەوان کێیان بوێت ناشرینی دەکەن و ناچاری ملشۆڕکردنیش دەکەن ، کوشتنی سەردەشت لەسەر خەون بینینێک نەبوو ، بەڵکو لەسەر خەونی زۆری ئەو گەنجەبوو کە بەتەنھا دەیبینی و کەس وەک ئەو نەبوو ، کوشتنی سەردەشت و سۆران و کاوە ، سەرەتای وانە دان و وفێرکردنی خەڵکی بوو لەسەر فەلسەفەی ” کڕوکپ ” کردن .. ھێشتا تاک و تەرا ھەن خەون دەبینن ، خەونێک پێش ئەوەی بیگێڕنەوە بۆمان وەک خونچە ھەڵدەورێن ..
لە ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان دا سڵاو بۆ ئەو ڕۆحانەی بە ناحەق شەھید کران .. دروود بۆ ئەو پێنووسانەی بەخوێن دەنوسنەوە و لەسەر وتنی جوانی و ڕاستی ناودەمیان پرکرا لە گوللـەی غەدر ..
Leave A Reply

Your email address will not be published.