تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفا لەسەر مەزاری سەردەشت عوسمان دانرا

بە مەراسیمێکی سنووردار و بەدانانی تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفا لەسەر مەزارەکەی، یادی شەهیدی قەڵەم ‘سەردەشت عوسمان’ کرایەوە و خانەوادەکەی جەختیان کردەوە، لە خوێنی بەناحەق ڕژاوی’سەردەشت خۆش نابن.

ئەمڕۆ ١١ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس’سەردەشت عوسمان’دا، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، یادکردنەوەی شەهید سەردەشت سنووردار کرا و تەنیا بەشێک لە ئەندامانی خانەوادەکەی و بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، بەدانانی تاجە گوڵینەی ‘ڕێز و وەفا’ لەسەر مەزارەکەی، لە گۆڕستانی گردعازەبانی هەولێر، ئامادەی مەراسیمەکە بوون.

دوای دانانی تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری ‘سەردەشت عوسمان’، بەهزاد موحسین، یەکێک لە ڕێکخەرانی مەراسیمەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، هۆکاری سنووردارکردنی مەراسیمەکەی خستەڕوو و وتی”باری تەندروستیی خەڵک بۆ ئێمە گرنگە و نامانەوێت لەم مەراسیمەدا تووشی ڤایرۆسەکە ببن”.

بەهزاد موحسین، باسی لەوەش کرد، کە یادە سەرەکییەکە لەڕێگای ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت و لە کاتژمێر ٠:٩ی ئەمشەو بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە ماڵپەڕی ‘سەردەشت عوسمان’، پەیامەکان دەگوازنەوە.

دواتر، هەژار ئەنوەر، ڕاگەیەندراوی ڕێکخەرانی مەراسیمەکەی خوێندەوە، کە تیایدا هاتبوو” ئێمە وەك وەک ڕێکخەرانی یادی یانزە ساڵەی تیرۆركردنی شەهیدی قەڵەم (سەردەشت عوسمان) و ڕۆژنامەنوس و چالاکانی هەولێر، لێرە و لەپاڵ گۆڕی شەهید سەردەشت بەڵێن دووپات دەكەینەوە، كە قەڵەمەكانمان لە جاران تیژتر دەبێت، تاوەكو ئەو رۆژەی فەرمانكەرانی ئەم تیرۆرە مەزنەی نێو گۆڕەپانی میدیایی كوردی، كە ئێستا بەجیهاندا دەگەڕێت، لە دادگایەكی سەربەخۆ و بێلایەن و دوور لە ئەوامری حزبی دەگەیەنینەبەر سزایەكی حەق”.

ئەوەش هاتبوو” ئێمە لە سیناریۆكانی شەهیدانی قەڵەم، ناخ و ئەفعالەكانی تیرۆریستان و مافیاكانی كۆمەڵگای كوردی تێگەیشتووین، بۆیە وەك چالاکوان و رۆژنامەنووس و ئازادیخوازانی هەولێر، پێمانوایە هەموو ئەگەرێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەم دەسەڵاتە چاوەڕوان کراوە، بۆ کپکردن و كوشتنی دەنگی ئازادیخوازانی هەولێر، وەک درێژکراوەی کوشتنی دەنگە ئازا و بوێرەكانی براکانمان لە بادینان”.

لە کۆتاییشدا، هاتبوو”لەم یادەدا دەڵێین، داكۆكیكاری قەڵەمە ڕاست و بوێرەكانی بادینان دەبین و پشتیوانی تەواوی ئازادیی ڕادەربڕین و قەڵەمی ئازاد دەبین”.

پاشان، نوێنەری ڕێکخراوی ‘سی پی تی، (تیمی ئاشتیپارێزی کرستیان- Christian Peacemaker Teams) وتارێکی بە زمانی ئینگلیزیی پێشکەش کرد و وتی:”ئەمڕۆ ئێمە یادی گرنگترین ژیان دەکەینەوە، ژیانی کەسێک کە بووبە سروش و ئیلهام بۆ چەندین کەس لە ڕێکخراوی سی پی تی”.

نوێنەرەکی سی پی تی، ڕاشکاوانە وتی:”ئەو کەسانەی سەردەشتیان تیرۆرکرد بە ئازادیی دەسوڕێنەوە، ئەوانەی شەڕ لەپێناو ئازادییدا دەکەن لە زینداندان، ئێمە لێرە یادی زیندانیانی بادینان دەکەینەوە، یادی ئەو دێڕانەدەکەینەوە، کە ئەوان دەیاننووسیی و ئێستا ڕاگیراوە”.

هیواشی خواست، دێڕەکانیان نەوەستێندرێت و بەردەوام بن، “داوای ئازادیی دەکەین بۆ زیندانیانی بادینان، ئەوەی لە دادگای تەمیز بینیمان، چیتر ناتوانین متمانە بە دادگاکان بکەین و داواشیان لیناکەین، زیندانیانی بادینان ئازاد بکەن، داوای ئازادییان دەکەین، بەس داوا لە دادگاکان ناکەین”.

لەکۆتاییشدا، وتی:”سوپاس بۆ بەردەوامبوون لە هەنگاوەکانی سەردەشت، سوپاس بۆ ئەو خانەوادانەی پشتیوانیی لە زیندانیانی بادینان دەکەن”.

کۆتا وتاریش، لەلایەن بەشدار عوسمان، برای ‘سەردەشت عوسمان’ وە پێشکەشکرا، کە وتاری خانەوادەکەی بوو.

بەشدار عوسمان، وتی:” ١١ ساڵ لەمەوبەر کاتێک تەرمی سەردەشتمان لێرەدا ناشت، بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە بەڵێنیان بە ئێمە و خەڵکی کوردستان دا، بکوژانی سەردەشت و نەخشەداڕێژەرانی ئاشکرا و دادگایی بکەن، بەڵام  بەداخەوە دەزگا ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەریی و هەموو دەزگا حکومەییەکان بەکارهێندرا، بۆئەوەی بکوژانی ڕاستەقینەی سەردەشت ون بکرێن و بکوژی خەیاڵیی دورست بکرێت”.

دووپاتیشیکردەوە”لە خوێنی بە ناحەقڕژاوی سەردەشت خۆش نابین و دەبێت بکوژان و ئەوانەی لەپشت تیرۆرەکەوەبوون و سیناریۆی گاڵتەجاڕییان دروستکرد، دادگایی بکرێن”.

لە کۆتاییشدا، وتی”دڵمان لەگەڵ زیندانیانی بادیناندایە، بە بڕیاری سزادانی ئازادیخوازانی بادینان، دەسەڵاتی دادوەریی مۆرێکی ڕەشی تری لە مێژووە ڕەشەکەی خۆی دا، هیوادارین بە بڕیارەکەی خۆیدا بچێتەوە”.

سەرچاوە:
https://rojnews.news/%d9%83%d9%88%d8%b1%d8%af%d8%b3%d8%aa%d8%a7%d9%86/%d8%aa%d8%a7%d8%ac%db%95-%da%af%d9%88%da%b5%db%8c%d9%86%db%95%db%8c-%da%95%db%8e%d8%b2-%d9%88-%d9%88%db%95%d9%81%d8%a7-%d9%84%db%95%d8%b3%db%95%d8%b1-%d9%85%db%95%d8%b2%d8%a7%d8%b1%db%8c-%d8%b3%db%95/?
fbclid=IwAR3vpBvrYYHyVOIF6VRbpFibLwEMpuIwb9RbM9XxiSrCU3eVKqKkJoDJazA

Leave A Reply

Your email address will not be published.