یادی 11 ساڵەی تیرۆركردنی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان

ئێمە وەك ڕێکخەرانی یادی یانزە ساڵەی تیرۆركردنی شەهیدی قەڵەم (سەردەشت عوسمان) و ڕۆژنامەنوس و چالاکانی هەولێر، لێرە و لەپاڵ گۆڕی شەهید سەردەشت بەڵێن دووپات دەكەینەوە، كە قەڵەمەكانمان لە جاران تیژتر دەبێت، تاوەكو ئەو رۆژەی فەرمانكەرانی ئەم تیرۆرە مەزنەی نێو گۆڕەپانی میدیایی كوردی، كە ئێستا بەجیهاندا دەگەڕێت، لە دادگایەكی سەربەخۆ و بێلایەن و دوور لە ئەوامری حزبی دەگەیەنینەبەر سزایەكی حەق، بەئومێدی هاوشێوەی سزای ئەو دیكتاتۆرانەی مێژوو خستنیە بەر دادگا و سزای خۆیان وەرگرت.

یانزە ساڵە، تیرۆریستان بەخەیاڵی خۆیان قەڵەمێكیان لێبردین، بەڵام بێ‌ ئاگا لەوەی بەدەیان قەڵەمی بوێرتر و نوكتیژتر و دلێرتر هاتوونەتە مەیدانەكە، ئەم سوربوونەی ئێمە لەكاتێكدایە كە هەوڵێكی جدی و پڕ مەترسی هەیە، بۆ كپكردن و لەباربردن، تا ئاستی تیرۆركردنی دەنگە ئازاكانی بادینان، دەمانەوێت ئەوەش بیر ئەم دەسەڵاتە بهێنینەوە، بەسزادان و زیندانیكردنێكی حزبیانە و بەجێهێنانی مەرامی شەخسی ناتوانرێت بۆ یەك چركەش ساردمان بكەنەوە و هەرگیز دەستبەرداری كەیسی تیرۆركردنی (سەردەشت عوسمان) و كاوە و سۆران و وەدات و دەیانی تر نابین.

ئێمە لە سیناریۆكانی شەهیدانی قەڵەم، ناخ و ئەفعالەكانی تیرۆریستان و مافیاكانی كۆمەڵگای كوردی تێگەیشتووین، بۆیە وەك چالاکوان و رۆژنامەنووس و ئازادیخوازانی هەولێر، پێمانوایە هەموو ئەگەرێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەم دەسەڵاتە چاوەڕوان کراوە، بۆ کپکردن و كوشتنی دەنگی ئازادیخوازانی هەولێر، وەک درێژکراوەی کوشتنی دەنگە ئازا و بوێرەكانی براکانمان لە بادینان. ئێمەش ئەو دەسەڵاتە دڵنیادەكەینەوە كە هیچ باكمان بە سیناریۆكان نییە، چونكە خۆشبەختانە تەواوی تاكی كودی پاكیی ئێمە و پیسیی ئەوانیان لا ڕوون بۆتەوە.

هیوادارین هەواڵی بڕیار لێدانی دادگای تاوانەكانی هەولێر لەلایەن دادگای پێداچونەوەی كوردستان، بە زۆرینەی 3 ئەندام لە كۆی 5 ئەندامی ئەم دەستەیە، لە كەیسی چالاكوانانی بادینان راست نەبێ، چونكە ئەگەر دەسەڵات و دادگا ئەم شەرمەزاریە بە بەرخۆیاندا ببڕن، ئەوا پاشەكشەیەكی ئێجگار گەورە لە رێرەوی دیموكراسیەت و پێشێلی بەهاكانی مرۆڤ و هاوڵاتیبوونجارێکی تر زۆر گەورەتر لە جارانلە نێوچەوانی ئەم حکومەتە دەنەخشێ.

تێپەڕاندنی ئەم بڕیارەی حیزب لەلایەن دادگای تەمیزەوە، رۆژێكی رەش و وەرچەرخانێكی ترسناك لەروی بەكارھێنانی دادگا بۆ سزادانی بیروڕای جیاواز، ناوبانگی ھەرێم زیاتر ناشیرین دەكات و بەتەواوەتی كۆمەڵگەی كوردی دەكەوێتە ژێر مەترسیەكانی تیرۆری فكری جەستەیی.

لەم یادە مەزنەدا، دەڵێین سەرۆ، هەندێ‌ بەناو داكۆكیكار و قەڵەمی ئازاد تا دوێنێ خەجەریان تیژبوو بەرامبەر بەم دەسەڵات و بكوژانی خوێنی تۆو شەهیدەكانی تر، بەڵام ئێستا هەر رۆژەی بەناوێكەوە دەچنە باوەشی دەسەڵاتداران، بۆیە بەڵێنی ئەوە دەدەین هەموو ئەو گورگانەی لەپێستی مەڕ خۆیان حەشارداوە، ڕووی ڕاستەقینەیان بۆ یەك بە یەكی خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكەین.

لەیادی یانزە ساڵەی تیرۆكردنی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان، دەڵێین داكۆكیكاری قەڵەمە راست و بوێرەكانی بادینان دەبین و پشتیوانی تەواوی ئازادی رادەربڕین و قەڵەمی ئازاد دەبین.

هەزاران سڵاو لە یادی پڕ شکۆی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان..
هەژار ئەنورەر/
ڕێکخەرانی یانزەمین ساڵڕۆژی شەهید سەردەشت.

٢٠٢١/٥/٥

Leave A Reply

Your email address will not be published.