حەلیم ە جوانەکەی وڵاتی من تیرۆر کرا

نامەیەک لە ڕەنگ و بۆنی بەهارێک بۆ سەردەشت گیان .

حەلیم ەکەی وڵاتی ئاورینگم ڕۆحت باش . کۆڕی ئەمشەوی تۆو کاوە و سۆران و ئەوانی تریش باش . حەلیمە جوان و ناسکەکەی ووڵاتی زبرم .. هەندێ جار سەیری گۆرانیەکانی عەبدول حەلیم حافزی میصری دەکەم و پێش ئەوەی نەحۆش بکەوێت گەنجێکی زۆر جوان و ڕۆح سوک و شیرین بوو .. کاتێک لەگۆرانی اول مرة دەگەڕێتەوە بۆ لای دایکی و دڵخۆشە بەوەی یەکەمین جار عاشقەکەی دەبینێ . تۆم بیر دەکەوێتەوە . هەست دەکەم دایکت لە نیوەڕۆیەکی بەهاری شاری هەولێردا ئاورشێنی بەردەرگا دەکات و چاوەڕێی هاتنی تۆیە . بۆنی ئاوڕشێنەکە دەکەم . حەلیم چەند بەناوبانگ بوو تۆش ئەوەندە لەدڵمان ناوبانگی تۆ بوو . ئەی کوڕە ڕۆح شیرینە خێر لەخۆ نەدیوەکەی نیشتمانی زبر و ڕەق . ئەو نیوەڕۆیە بۆ پێت لەسەر ئاوڕشێنی بەردەرگا دانەناو نەگەڕایتەوە ؟. ئەی هاوارت کرد ؟ ووتت با جارێکی تر دایکم ببینمەوە ؟ وتت مەکێشن بە دڵما با دایکم ئازاری نەگات . چونکە کوڕان دایکیان یەکەم عاشقە لە دڵیان دای ئەنێن . ئازیزی من دڵخۆش بەو دونیا پڕ بکە لە هیوا بەڵام جارێکی تر نەمن نە تۆش عاشق نابینەوە ، چونکە مسته کۆڵە درا لە دڵمان .. ئەی ڕۆح شیرینەکەی نیشتمانی قوربەسەرا کراوم تۆ خۆ ڕەخنەت لە تۆڵستۆی و بێکێت و جان بوڵ سارتەر نەگرت تا بە وشە وەڵامت بدەنەوە . ئەوەندە ڕۆح شیرین و دڵ پاک بویت وات ئەزانی وشەی نوسراوی جوانی تۆ نابێتە خوێن ؟
سەردەشتە جوانەکەم لێت ناشارمەوە بەخوا ئێستا هەمومان وەک تۆ بێ سەروشوێن بوین . بەس دانی پێدا نانێین . دێمەوە و کۆتای و خاڵێک دائەنێم و پاشان سەری دێڕ . حەلیم ی دەنگ خۆشی میصر نەخۆشی کوشتی .. حەلیم ی قەڵەم جوانی ڕۆح شیرینی کوردستان تیرۆر کرا . ناوی سەردەشت عوسمان بوو .

کاروان چێوار

Leave A Reply

Your email address will not be published.