تاوانباران و كوژراو

نەبەز گۆران:
دونیاكە ئاوەژوو بووەتەوە، ئەوەی تاوانبارە لەسەر كورسی دەسەڵات دانیشتووە، ئەوەی بكوژە بەهەمان شێوە، بێ تاوان و كوژراویش دەخرێنە گۆشەی تاوانبار و گوناهبارەوە! حیزبی كوردی باشوور، بەجۆرێك بیمار و نەخۆش كەوتووە، تەنها سیستەم نا، بەڵكو لەگەڵ خۆیدا وردە وردە تەواوی كایەكانی ژیانیش نەخۆش دەخات و، نەخۆشییەكانی خۆی دەخزێنێتە ناو بچوكترین خانە كۆمەڵایەتییەكانەوە.
ڕەنگە هیچ پێویست نەبێت پەنجە ڕاكێشین بۆ تاوانباران، پیسخۆرەكان، دەسەڵاتی ڕانتە سیخورەكان، چونكە زۆر ناسراون و هەموو تاكێكی ناو ئەم كۆمەڵگەیە دەیان ناسێت. ئەگەرچی دەنگە دەنگی ناو شاشە دونیای واقیعی ناگۆڕێت و ئیدی تەواوی كردەكانی ناو واقیع لە دۆخی _تاوێك وەستان_دان و كردەكە بوەتە دەنگ و گوازراوەتەوە بۆ ناو شاشەكان ، بینەرو بیسەرێكی فرە شوماریش پەیدا بوون، هەمیشە داواكارییەكانیان دەبەستنەوە بە دەنگی ناو شاشەوە! ئەم گواستنەوەیە دوو دیوی هەیە، دیوێكی هێشتا قسە كردن و پشت بەستن بە دەنگی شاشە بە ئومێد دەزانێت! ئومێدێك ناوی ناوە: بێدەنگ نەبوون! لەوانەشە وزەبێت، وزەیەك هێشتا كۆمەڵگە هێزە گەورەكەی خۆی لەدەست نەداوە و توانای بەرگری هەیە لە بەرامبەر دەسەڵاتی ڕانتەكان، بەڵام كێشەی گەورەی دونیای شاشەكان لەوەدایە فیگەرە ساختە و ڕووكەشەكان زەمینەیەكی گەورەیان بۆ دروست دەبێت، لەناو ئەم زەمینەیەدا جۆرێك لە ڕاستی ساختە، حەقیقەتی ساختە بەرهەم دەهێنن، كە خزمەت بە دەسەڵاتە پیسخۆر و ئایدۆلۆژیا نەخۆشەكەی حیزبەوە دەكات.
دیوێكی دیكەی خەسار كردنی تەواوی وزە لەناو دونیای شاشەكان، گواستنەوەی كردەیە بۆ قسە، شێواندنی دەنگی ڕاستە بۆ دەنگی ساختە، دروستكردنی فەزایەكە، كە ئەم فەزایە پەرێشانی زۆر بۆ دەسەڵات دروست ناكات، بەڵكو خۆی دنە دەریان دەبێت تا هەموو دەنگە ڕاست و ساختەكان بەسەر یەكدا تێك بڕژێن و جۆرێك لە بێ‌ متمانەی دروست بێت. ئەم بێ متمانەیە لە ڕێگەی شاشە ساختەكانی حیزب و دەسەڵاتەوە كار دەكەن لەسەر زهینی بینەر و بیسەر، كار دەكەن لەسەر شێواندنی وێنە ڕاستەقینەكان بۆ وێنەیەكی ئاوەژوو، بۆیە زۆرجار دوركەوتنەوە لەم جیهانەی شاشە هێندەی بەرگریكردنە لە وێنە ڕاستەقینەكە، ترسان نییە لە دەسەڵاتی ڕانتەكان. بە نمونە لە دیمەنی گەورە و مەزنی (زەردەشت) تا دیمەنی تیكۆشەرانی (بادینان) زۆر بە باشی دەرك بەم شێواند و ئاوەژوو كردنەوەیە دەكەین و بەشێكی ساختەكان و خزمەتكارانی ڕانتەكان، خۆیان دەكەن بە بەرگریكاری ئەم دەنگە ڕاستەقینانە!
كێ‌ تاوانبارە؟ كێ‌ بكوژە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ ئەو كەیسانەی پەیوەستن بە پرسی ئازادییەوە لای دادگا نییە، دادگا خۆی لەناو سیستەمی ڕانتە سیخورییەكاندا خۆی دەژیەنێت، بوەتە بەشێك لە پارێزەری سیستەمەكە. بە هەمان شێوە وەڵامی ئەم پرسیارانە لای واعیزەكانیش نییە، چونكە واعیزەكان سایكۆلۆژییەتێكی دەسەڵات پەرستیان هەیە، ڕەگوڕیشەكەیان چۆن بەرهەمی هێناون بۆ خزمەتكردنی سوڵتانەكان، بەهەمان شێوە لەگەڵ ئەو سایكۆلۆژیایەدا تێكەڵ دەبن و هەمیشە پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان واعیز و دەسەڵاتدا هەیە و تەواوكەری یەكدین. بۆ پرسی ئازادی و گەڕان بە شوێن وەڵامی پرسیارەكاندا، ڕەنگە وەستان لەسەر كۆمەڵێك دەق لە ئێستادا هاوكارمان بێت، تا تێبگەین بۆچی دەنگێكی گەوەری وەك (زەردەشت) دەبێت بكوژرێت و، بكوژەكەكانیشی دەبێت لە سەر كورسی دەسەڵات دانیشن، بۆچی تێكۆشەرانی (بادینان) دەبێت شوێنیان زیندانبێت و پیسخۆر و ڕانتەكانیش لەناو كۆشكەكان.
شانۆ نامەی (دوژمنی گەل) (1) پزیشكێكە سەرچاوەی ئاوی شارێك كەشف دەكات كە ئاوەكە پیسە، ئەم كەشف كردنە دەبێتە هۆی ئەوەی ببێتە دوژمنی گەل، چونكە سیستەم و خەڵكەكە نایانەوێت بۆیان كەشف بێت، سەرچاوەی ئاوەكەیان پیسە و دەبێتە هۆی نەخۆش خستن و لەناو بردنیان، دەیانەوێت لەو وەهمەدا بژین باشترین خەڵك و پاكترین خەڵكن و سەرچاوەكانی ژیانیان هیچ كێشەیەكی تێدا نییە. هەمان دۆخی ئەم شانۆ نامەیە، بۆ ئێستای كۆمەڵگەی باشوور دروستە. گرێ دانێكی پتەو لەنێوان سیستەمە بیمارەكە و بەشێكی كۆمەڵگەی حیزبیدا هەیە، هەركەسێك بە وێنەی پزیشكەكە بێت كەشفی بكات سەرچاوەی ژیانیان پیس بووە، دەخرێتە ناو چوار چێوەی دوژمنەوە. وەك دوژمنێكی گشتی تەماشا دەكرێت و وێنەكەی لە بەرگریكاری ڕاستەقینەوە دەگۆڕێت بۆ دوژمنێك، ئەوەشی بچێتە ناو سیستەمەكەوە و دەست تێكەڵ بكات لەگەڵ پیسخۆرییەكە دەبێتە دۆست و هاوكار و هەندێكجاریش بە وێنەی پاڵەوانێك پیشانی دەدەن، ئەمما لە واقیعدا پاڵەوانێكی ساختە و بێزراوە.
لە شانۆ نامەی (بۆ دۆزەخ، ئەی بێ‌ گوناهان)(2) ئەوەی گوناهبار نەبێت لەناو فەزا گشتییەكەی سیستەمدا ڕێگەی نابێتەوە، بۆ ئەوەی شوێنێكت هەبێت پێویستە گوناهێكت هەبێت، بێگوناهان كەسانێكن دەكرێنە دەرەوەی سیستەمەوە و ناچارن یان بمردن، یان گوناهێك بۆ خۆیان دابتاشن تا شوێنێكیان هەبێت. سیستەمەكە پێویستی بە كارەكتەری بێ گوناه نییە، كارەكتەرێكی دەوێت بە گوناهێكەوە هاتبێت تا لەناو گوناهە گشتییەكاندا شوناسی خۆی دیاری بكات. بە قەولی ئایدۆلۆژیای حیزبی تیكۆشەرانی (بادینان) لە بێگوناهەكانن، بەشێك نین لە ستایشكەران، بەشێك نین لە پیسخۆری، ناچنە ناو ڕانتە سیخوڕەكانی بە ڕەگوڕیشە خێڵەوە، گوناهی گەورەی ئەم بێ گوناهانە ئەوەیە دۆستایەتی شۆڕشگێڕەكانیان كردوە، بێگومان زۆربەمان دۆستی شۆڕشگێڕەكانین، خاوەنی ئەم وتارە یەكێكە لەوانەی زۆر دۆستی ئەو شۆڕشگێڕانەیە تێكۆشەرانی (بادینان) لەسەری سزا دەدرێن. ئەگەر نزیك بوون لەو شۆڕشگێڕانەوە و خۆتەكاندنەوە لە سیستەمی ڕانتەكان و خێڵە ئایدۆلۆژییەكان دەرچوون بێت لە بێ‌ گوناهی، ئەوا بەشێكی زۆرمان لەو بێ گوناهانەین لە ناو سیستەمە گوناه بارەكەدا شوێنمان نییە و بە دیوێك لە دیوەكاندا وەك تێكۆشەرانی (بادینان) گوناهبارین، بەڵام كەمپەكەی ئێمە كەمێك گەورەترە لە زیندانەكەی ئەوان.
هەر چۆن مەزنێكی وەك (زەردەشت) دەبێتە ئەو دوژمنەی سەرچاوە پیسەكە كەشف دەكات و، كەشفكردنەكەی دەیكاتە دوژمن و دەبێت لەناو وێنەی دوژمندا لەلایەن ئایدۆلۆژیای حیزب و ڕانتەكاندا سەیر بكرێت و تا ئاستی كوشتنێكی تراژیدی بۆ دەستە بەر بكرێت، بەهەمان شێوەش تێكۆشەرانی (بادینان) لەلایەن سیستەمەكەوە سزا دەردێن، چونكە لەبری نزیك بوونەوە لە گوناهكاران، نزیك بوونەتەوە لە شۆڕشگێڕەكان، ئەو شۆڕشگێڕانەی نزیكبوونەوە لێیان شكۆمەندییە. لێرەدا تاوانبار و كوژراو، سیستەم ناتوانێت وێنە ڕاستەقینەكەیان بشێوێنی، ناتوانێت شكۆیان بشێوێنێت، بۆیە ناچارە بە هەموو هێزی خۆیەوە ناوێكی تریان لێ بێت، كە هیچ كاتێكدا ئەو ناوەی بۆیان هەڵدەبژێرێت نابێتە ناویان، بەڵكو لەبری ئەوە ناوی دیكەیان لێدەنرێت، كە ئەو ناوانەی لێیان دەنرێت تەواوی هەوڵەكەی سیستەمە ئایدۆلۆژییە حیزبییەكە و جیهانی ڕانتەكان پێی دەشێوێن و هەوڵەكەیان پوچەك دەبێتەوە. بەڵام لە كۆی گشتیدا دەبێت هەندێكیان تاوانبار بكرێن لەبەر بێ گوناهیان و، یەكێكیشیان دەبێت بەشێوازێكی تراژیدی بكوژرێت، چونكە سەرچاوە پیسەكەی كەشف كردوە.
_بگەڕێوە بۆ خوێندنەوەی شانۆنامەی(دوژمنی گەل) هێنریك ئیبسن، وەرگێڕانی: هاودەم ساڵەح
_بگەڕێوە بۆ خوێندنەوەی شانۆنامەی (بۆ دۆزەخ، ئەی بێ‌ گوناهان) نووسینی بەختیار عەلی.
Leave A Reply

Your email address will not be published.