وازبێنن لەتیرۆرکردن،هەرگیز ناتوانن تاسەر بێدەنگمان بکەن

ئاوارە ئازاد:

ئەوەی ئێوە ئەیکەن پێخستنە گواوو چڵکاوی ئەمریکاو ئەورووپایەو دوبارەکردنەوەی مێژووی ئەوانە لەسەر ئێمە. ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێمە ئەگوزەرێت لە ساڵان وسەدەکانی ڕابردوودا لە ووڵاتانی ئەورووپاو ئەمریکا ڕوویانداوەو دواجار دەسەڵات ملی کەچ کردوە بۆخواست و داواکانی کۆمەڵگەو داوای خەڵک سەپاوە بەسەر دەسەڵاتدا. لە دووساڵی پێشوودا لە کۆلیج مامۆستایەکی ئەڵمانیمان هەبوو باسی مێژووی ووڵاتانی ئەورووپاو بەڕیتانیای بۆمان ئەکرد، ئەیووت لە زوودا لە ووڵاتانی ئەورووپا هەرخوێندکارێک ئەگەر وەزیفەکانی کەپێی درابوو سەعی تێدا نەکردایە لە ڕۆژی دواتردا مامۆستاکەی قەنافزی ڕائەکێشاو لەسەر یەک قاچ ڕایئەوەستاند لای سەتڵی خۆڵەکە، بەڵام ئێستا ئەو ڕەوشتە مەمنووعە بۆ مامۆستایان. وە ئەیگێڕایەوە ساڵانی زوو لە ووڵاتانی ئەورووپا ئافرەت لەسەر شەرەف ئەکوژرا، بەڵام ئێستا ئەوکارە سزای هەیە. وە ئەیگێڕایەوە ساڵانی زوو ئازادی وەک ئێستا نەبوو بۆ ڕۆژنامەنووسان، بەڵکو ڕۆژنامەنووس تیرۆر ئەکرا لەلایەن دەسەڵاتەوە لە ئەورووپا.

واتا ئەوەی من بینیوومەو ئەیبینم لە عێراق و کوردستان و زۆربەی ووڵاتانی ئاسیا دووبارەکردنەوەی ئەو مێژووە قێزەونەی ووڵاتانی ئەورووپاو ئەمریکاو بەڕیتانیایە، بەڵام دواجار ئەبێ دەسەڵاتدارانی ئێمەش وەک دەسەڵاتدارانی ووڵاتانی ئەورووپا سەروو ملیان شۆڕبکەن لەئاست داوای گەل و ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەن کە ناتوانن تاسەر بێدەنگمان بکەن. بەڵام جیاوازییەک هەیە لەنێوان ئێمەو میللەتانی ووڵاتانی ئەورووپا، ئەوان وەک ئێمە خۆخۆر نەبوون و وەک میللەتی ئێمە بەوڕادە کۆیلە نەبوون. بەڵکو زۆرینە یەکگرتووبوون و زووتر لە ئێمە بەداواو خواستەکانیان گەیشتوون.

٥ی ٥ی ۲۰۱۰ ڕۆژی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.