یادی سەردەشت عوسمان رۆژی وەستانەوەیە لەدژی سەرکوت و تیرۆر لەکوردستان!

131چوار ساڵ لەمەوبەر، لەنێو جەرگەی شاری هەولێر و لەبەر دەم کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سلاحەددین، بە رۆژی رووناک و لەبەرچاوی خەڵکی شار، خوێنکاری زانکۆ و رۆژنامەنوسی بوێر ( سەردەشت عوسمان ) بە پیلانیکی پیشوەخت داریژراو لەلایەن تاقمێکی چەکدار بەزۆر راپێچی نێو سەیارە کرا و رفێندرا. دوایی ڕۆژێک لە شوێنبزرکردنی لە رۆژی( ٥-٥-٢٠١٠) لاشەکەی بەبێ گیانی لە شاری موسڵ دۆزرایەوە و بەگوللەیەک لەنێو دەمی تیرۆر کرابوو.

 تیرۆری رۆژنامەنوسی گەنج( سەردەشت عوسمان)ی ٢٣ ساڵ، وەحشیگەری دوژمنانی دژی ئازادی گەیاندە لوتکە. نەک ئیتر ئیدعاکانی دەسەڵاتی کوردی لەبارەی مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسی بەتاڵ کردەوە، بەڵکو پییگوتین کە ئیتر خەون و خەیاڵ بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و یەکسان، هێنانەدی دەسەڵاتێکی مەدەنی و دامەزراوەیی، هەوڵدان بۆ کۆتایهێنان بەگەندەڵی و نادادییەک کە لەکۆمەڵگای کوردستاندا لە لوتکەدایە، مەرگی بەدواوەیە !

سیناریۆکانی پێک هێنانی لیژنە لەلایەن سەرۆکایەتی هەریم و ئەو ئەنجامەی کە بۆ کۆمەڵگەی راگەیاند بوونە جیگای گاڵتەجاری خەڵک و ئەوەیان سەلماند کە دەسەڵاتی دادوەری و ئەمنی نەک لەژێر کۆنترۆڵی حزبدایە، بەڵکو دەسەڵاتداران دادگا و دەسەڵاتی قەزائیان کردۆتە شوێنی ناشیرن کردنی کەسانی نارازی و ئازادیخواز و جێگەیەک بۆ پاراستنی تاوانبارانی راستەقینەی تیرۆری خەڵکی ئازادیخواز. بۆیە هەر زوو ئەو سیناریۆیانە لەلایەن رۆژنامەنوسان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چاودێرانی نیو دەوڵەتی و خانەوادەی سەردەشت و خەڵکی کوردستان رەتکرایەوە.

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ئەم دەسەڵاتە چەندین جاری تر دژی ئازادی بوونی خۆی و وەستانەوەی بە دژی هیوا و ئاواتی گەنجان دووپات کردەوە ، بەردەوام ئەوەی سەلماند کە هەر هیوا و ئومیدێک بەوەی کە لە سایەی دەسەڵاتی ئەودا بکوژانی سەردەشت ڕۆژێک لە ڕۆژان سزابدرین لە خۆشخەیالیەک بەولاوە هیجی تر نیە ، بە پیچەوانەوە ئەم دەسەڵاتە تا سەرئیسقان لە دژی ئازادی خەڵک دەوەستێتەوە و بەردەوامی بە بار و دۆخی تیرۆر و سەرکوت دەدات و تاوانبارانی سەربەخۆی دەپارێزێت .  بە بینینی کاردانەوەکانی ئەم دەسەڵاتە لە بەرامبەر بە ناڕەزایەتیەکانی ئازادیخوازان و گەنجان بە تیرۆری سەردەشت عوسمان ، دروست کردنی بارو دۆخی سەرکوت و فشار هینان بۆ خانەوادەکەی ، تەقە کردن لە خۆپیشاندەرانی ١٧ ی شوبات و رۆژانی دوایی ، تیرۆر کردنی کاوەگەرمیانی و  بەلاریدا بردن و سات و سەودای سیاسی بە کەیسی کاوەگەرمیانی ، بەردەوام ئەم راستیانەی لەسەر نیازی دەسەڵات بۆ خەڵکی کوردستان سەلماندەوە .

دوای چوار ساڵ لە تیرۆری سەردەشت و تەقە کردن و کوشتنی خۆپیشاندەرانی ١٧ ی شوبات و تیرۆری کاوەگەرمیانی بەڵگەکان هێندە رۆشنن، کە ئەگەر دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی و دادوەر هەبوایە، بەئاسانی دەتواندرا بکوژان و ئەوانەی لەپشتەوەی تیرۆرەکانن دادگایی بکرێن. بەڵام تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی حیزبی و میلیشیایی و خێڵەکی و بنەماڵەیی حکوم بکات بێگومان ئەو کارە ئەنجام نادرێت و کەیسی سەردەشت و ئەوانی تر بەکراوەی دەمێننەوە و رۆژ لەدوای رۆژیش لەلایەن خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان پێداگری زیاتر دەکرێت لەسەر داواکاری دادگایی و بەسزاگەیاندنی بکوژەکانیان و ئەوانەی لەپشتەوەی بوون. لیژنەکانی سەر بە دەسەڵاتیش کە بە نیازی بەلارێدابردن و وونکردنی بکوژانی راستەقینە لەبەرچاوی خەڵک و هەوڵی دورستکردنی سیناریۆ دادەنرێن ، لە لایەن خەڵکەوە بە بەشێکی سەرەکی لە تیرۆر و پلانگێڕی لەدژی رۆژنامەنوسان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دادەنرێن.

 ئێمە وەک ڕیکخراوی سەردەشت عوسمان لە ساڵرۆژی تیرۆرکردنی سەردەشت دا، بانگەوازی رۆژنامەنوسان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، هێز و لایەنە سیاسیەکان، هونەرمەندان و خەڵکی ئازادیخواز دەکەین. بەهەڵوێست و ڕێزگرتن بە مەراسیم و کۆڕ و سیمینار یادی سەردەشت عوسمان بەرز رابگرن.  وەک وەڵام بەدەسەڵاتدارانی کوردستان کە ترس و تۆقاندن ناتوانێ کۆتایی بەخەونی سەردەشت و سۆران و کاوەکان بهێنێت بۆ دەستڕاگەیشتن بەژیانێکی ئازاد و یەکسان.

سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامەحەمە و کاوە گەرمیانی، لای ئێمە رەمزی ئازادی کوردستانن. ئەوان لەسەر نوسین و هەڵویست و بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بەدڕندانەترین شێوە تیرۆرکران.  یادی ئەوان و ڕێزگرتن لە یادیان دەکەینە رۆژی وەستانەوە لە دژی ئەو زوڵم و زۆردارییە.

بەرز و بەریزە یادی سەردەشت
نەفرەت لە دوژمنانی ئازادی

رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی

http://www.sardashtosman.com

E-Mail: serdasht.osman@gmail.com

١-٥-٢٠١٤

Leave A Reply

Your email address will not be published.