ئەوان لێرەن . . .

ئەوان لێرەن . . .
کە دەڵێن تەتەرو مەغۆل
ئەم خاکەی داگیر کردوە
رابردوو نییە، ئێستایە ئێستا.
ئێستا ئەوان لێرەن,
لەناوماندان،
لەخەونماندان،
لەنێو نەخشەو جوانییەکانی ژیانماندان
لەنێو ئاوو، هەواو خاکدان
لەنێو ناوو، شورەتماندان
لەنێو دەماری لەشماندان
بەئەسپایی دێن و دەچن
سڵ لەهیچ شتێک ناکەن
نە لەگەورەیی پاکی یەزدان
نە لەرژانی خوێنی گەشمردووان
نە لەجوانییەکانی خاکی کوردستان
نە لەئازاری باوک و دایک
کەلەسەر نیشتیمان چەشتویانە
نە لە ماندوبونی پێشمەرگە
کە بەدەستی بەعسییەکان بچڕیویانە.
ئەوان تەتەرو مەغۆلی کوردین،
لەسەر ئاودانی گوڵەکانی پیرەمێرد
سۆرانی مامەحەمەیان پیت خنکێن کرد.
لەسەر ئازادکردنی کۆترەکانی قەڵا
سەردەشت عوسمانیان بەمنارەی چۆلیدا هەڵواسی.
لەسەر بە کۆڵەوەگرتنی روباری سیروان
کاوە گەرمیانیان تیر باران کرد.
لەسەر ماچکردنی پەپولەی ئازادی
وویدات حوسێنیان کردە نێو ئاگردان.
لەسەر ووتنەوەی مارشی بەئاشتی
خۆپیشاندەرانی ١٧ شوباتیان خوێنڕژێنکرد.
لەسەر داگیرساندنی مۆمی خوێندن
مامۆستایانی خۆپیشاندەریان شەقوەشێنکرد.
ئەوان ئێستا لەناوماندان
ئەوان ئێستا لەگەڵماندان
دەستیان لەبین و ژینماندان،
ئەوان چەتەی نیشتیمانین
وا خەریکن دەمانخنکێنن.
ئاگرخۆشکاری تەندوری نانن،
وا خەریکن، یەک بەیەکمان،
لەنێویدا، دەسوتێنن.

٢٤ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠

زمناکۆ ئیسماعیل – سلێمانی

Leave A Reply

Your email address will not be published.