سەردەشت عوسمان، سمبولی ئازادی لە فەرهەنگی مێژووی کورددا

ئاری جەمال:
‎لە مانگی دوازدەی ساڵی 1993 کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیاری ژمارە 48/432 ، ڕۆژی 3 ی مانگی پـێنجی وەک ڕۆژێکی جیهانی بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری پەسەندکرد. لەگەڵ ئەم یادە، لە 5 ی هەمان مانگ لە ساڵ یادێکی تراژیدیادا، ڕۆژی تیرۆرکردنی قەڵەمێکی ئازاد و دەنگێکی دلێر کە سنووری عەقڵە دۆگماکان و داپڵۆسکارە ڕزیوەکەی دەسەڵاتی بڕیبوو، ئەو خامە سپیەی بە ئازادانە لە دژی حوکمی ستەمکارانەی دەسەڵاتێکی خێڵەکی وەستایەوە، ئەو ئازادیخواز و سمبولی ئازادیەی ڕۆژنامەنووس ( سەردەشت عوسمان)ە، ئەو بە قەڵەمە بڵندەکەی بانگی شکاندنی بتەکانی دەدا و بە دەنگی بەرز هاواری بۆ ئازادی دەکرد، ئەو تەنها بە نوکی قەڵەمێک بەرەنگاری چەتەکان دەبۆیەوە و مافیاکانی دەسەڵاتی وشە باران دەکرد، ئەو شەهیدە جوانە مەرگەی کە دەستی جەلادەکان نەیانهێشت بەهاری تەمەنی پڕبکات لە خەیاڵی ئازادییەکانی، ئەو ئایکۆنێک لە توخمی جوامێرییە، تاکوو ئەمڕۆ لەهەر شوێنێک باسی ئازادی ڕۆژنامەگەری و هەڵوێست و جوامێری بکرێت، ناکرێ ناوی ئازادیخوازان، سەردەشت عوسمان و سۆران و کاوە و وەدات نەهێنرێت، بەڵام خەیاڵی پوچیانبوو لە بری سەردەشتەکان سەدان سەردەشت لەدایک دەبێت، بۆ ئەو حوکمە چینایەتیەی هەرێمی کوردستان، کە تەمەنی کورتیان لە مێژووی ڕەشیان بە ڕوونی درکی پێدەکرێت، هەمیشە دەسەڵاتی کوردی دروشمی پیرۆزی ئازادی ڕۆژنامەنوسی بەکاردەهێنێ بۆ درێژەدان بە زیادکردنی مێژووی ڕەشیان و ماکیاژ کردنی ڕووی ناشرینیان،
‎ئەو عەقڵە خێڵەکی و چینایەتیەی کە خۆیان لە سەروو یاسا دەبینن، حزب جێی حکومەتی گرتووە و حزب هێزی چەکدار و دەسەڵاتی پارە و دەزگای ئاسایش و هەواڵگری و میدیا و ڕۆژنامەوانی کۆنترۆڵ کردبێ، ئەبێ چ ناوێکی لێبنرێت, کە دیکتاتۆر شایستەیە بۆ وەسفی ئەم جۆرە حکومڕانیە،
‎ئەمڕۆ کە 12 ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر شەهید سەردەشت، لەسایەی دەسەڵاتی کوردیدا و لەپەنای پەرلەمان و دادگاو قەڵاو کونسوڵخانەی وڵاتانی بیانیدا لەبەردەم کۆلێژەکەیدا ڕفێنراو پاشان تیرۆرکرا، کە تا ئەمڕۆش
‎ئازادی ڕۆژنامەوانی لەهەرێمی کوردستان تەنها دروشم و درۆیەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەکرێت و خەڵکی پێ لە خشتە دەبەن، بۆ داپۆشینی مێژووە پڕ لە شەرمەزارییەکانیان کە تاکوو ئەم ئێستایەش دەسەڵات، ڕۆژنامە و میدیاکان بەکاردەهێنێ بۆ خوێندنەوەی مانشێتە هیچەکانیان بە ئامانجی سڕینەوەی ئەو وێنە ناشرین و مێژووە پڕ شەرمەزاریەیان بەرامبەر ڕۆژنامەوانان و تاک بە تاکی خەڵکی خێر لە خۆی نەدیوەی ئەم گەلەمان دەکرێ، تا ئێستاش حکومەتی خۆسەپێن بە ناوی ئازادیەوە بەندینخانەکانی پڕن لە ڕۆژنامەنوس و چالاکەوان و ئازادیخوازان، ئەگەر ئازادی هەیە بۆ تاکوو ئێستاش سەردەشتەکان تیرۆردەکرێن و دەگیرێن، بۆ تا ئێستاش بکوژان داڵدە دەدەن،
‎دوای 12 ساڵ لە تیرۆرکردنی سەردەشتدا، هێشتا جەلاد و مافیاکانی سەر بە دەسەڵات، لە دیوەخانەکانیان بە ئازادی دەسوڕێنەوە و بەردەوامن لە ستەم و خۆسەپێنیان,
‎هەموو کوردێک ئەو ڕاستیە دەزانن ئەوەی حکومڕانی دەکات دوو بنەماڵەی خۆسەپێن و مافیان، دوو گروپی گەندەڵ و دز و چەتەن، کە بە ناوی سیاسەت و لە سێبەری حکومەتەوە بەردەوامی ئەدەنە عەقڵێتە خێڵەکیەکەیان، لە ڕێگەی حزبەکانیان بە زەبری چەک و هێز کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتیان کردووە، لە ڕێگەی میلشیاکانەوە خۆیان فەرزکردوە بەسەر کۆمەڵگاوە، کە تاکوو ئێستاش دەیانەوێ ئەو دەنگە ئازادیخوازانە لە ناو کوچە و سوچی کوردستاندا کپ بکەن، خۆفەرز کردنەی دەسەڵاتی چەتەیی سەلمێنەری ئەو دۆسیە و کەیسانەی گیراوانی بادینانە، کە چنینەوەی ئەو مافیایەتیەی دەسەڵاتە بە نێوچەوانی حزب و هەڵوێستە دیکتاتۆریەت و ئەو خێڵەکیەی بەردەوامن لەسەری، لافی ئازادی لێدەدەن و پاساوی ڕەفتارەکانیان بە درۆی شاخدار هەڵدەکەن بۆ تیرۆرکردن و گرتنی دەنگی ئازاد و ئازادیخوازان، بەڵام خەیاڵ پڵاوی عەقڵێتە کۆنەپەرست و خێڵەکیەکەیان ناتوانن ڕەنجی سەردەشتەکان بە با بدەن، بە گرتن و تیرۆرکردنی هەر دەنگ و ڕەنگێک کاروانی ڕێی ئەم خەباتە فراوانتر و بڵندتر دەبێت، سوورتر دەبین و پێداگیرتر دەوەستین بەرامبەر ستەمکاری دەسەڵات تاکوو بەرهەمهێنانی خەباتی ڕێگای سەردەشت و دەنگەکانیان، تاکوو ئازادی دادگا و یاسای کوردستان، کە خەڵک و هەموو توێژێک شایەنی ئەو دەسەڵاتە مافیاگەری و خۆسەپێنەیان نییە،
‎دەسەڵاتی ماوە بەسەرچوو، لە ڕێگەی میدیا و گۆڤار و ڕۆژنامەکانەوە، ئاڕاستەی ڕای جەماوەر و بە لا ڕێدا بردن و بانگەشەی ئەو بابەتانەی کە دوور لەو دۆخەی خەڵکی تیادا ئەژین، کە ئامانجی سەرەکیان شۆردنەوەی مێشکی جەماوەرە، فۆڕمێکی پێ ئەدەن کە سەر و بنی زاری خەڵک ئامانجەکەی خۆیانبێت، خەڵکی لە بابەتە گرنگەکان دوور دەخەنەوە، دەرخواردی بابەتە پوچەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێنی خۆیانمان دەکەن، کە بیری ئازادی تەسک دەکەنەوە، هەوڵی بازنەیەک ئەدەن بۆ چەق بەستووی و دۆگمای کردنی بیرکردنەوەی تاک و کۆمەڵگا، هەروەها خۆبەدەستەوەدان و هەڵکردنی ئاڵای سپی لەبەردەم دەسەڵات،
‎ بۆیە (سەردەشت عوسمان) و هاودەنگە ئازاد و ئازاکانی ئەو ڕێگایەی گرتویەبەر، لای دەسەڵات هێڵی سوربوو، بەڵام نەیدەتوانی بێدەنگی هەڵبژێرێ و ئاڵای سپی هەڵبکات لەبەرامبەر کارە مافیاگەری و دیاردە نامۆ و نەشیاوەکانی دەسەڵات، ئەمەشبوو وایکرد (ئازادی ڕادەربڕین) وشە تیژەکانیبێت بۆ چاوی ستەمکار، ئامادە نەبووە مل بۆ هەڕەشەکانی دەسەڵات بدات و بەردەوام بووە لە ڕێچکە حەقبێژییەکەی خۆی، ئەو بیرکردنەوە ڕاستەکانی ژیانی فێری دەسەڵات دەکرد و ئامانجی گۆڕینی ژیانی تاک و کۆمەڵگا و بیری ژیانێکی باشتری دەکردەوە بۆ گەلەکەی، لە دوای شەهید بوون، وشەکانی بوونەتە پشکۆ بۆ گەشکردنەوەی بەرەنگاری ستەم، بوەتە ڕێچکەیەک کە هەرگیز ڕێبواری ڕێگای وون نابێت، بۆ هەمیشە ناوی بە بەرزی لە پەڕە زێڕینەکانی مێژوو دەمێنێتەوە، سەردەشت و ئازادی، وشەیەکی لێکدراوەن لە فەرهەنگ و کلتوری کوردستان، هەمیشە بە بەرزی دەمێنێتەوە، بۆیە دۆسیەیی سەردەشتەکان بە کراوەیی دەمێنێتەوە تاکوو ڕێگای ئازادیخوازان دەگەنە سزادانی تاوانباران و سەرانی بکوژانی دەنگە دلێرەکان.
5/5/2022
Leave A Reply

Your email address will not be published.