سەردەشت، چیرۆکی ستەمکارانەی ئەو دەسەڵاتەی دواین ڕۆژەکانی بەڕێدەکات
سەردەشت، تارماییەک بەگەردنی بکوژانیەوەتی، کەیسی سۆران و سەردەشت و کاوە هیچ کات داناخرێن و نمونەی زوڵمی دەسەڵاتێکی ستەمکارن تا ئەو کاتەی تەواوی ئەو کەسانەی لەو دۆسیانەوە تێوەگلاون دەخرێنە قەفەسی تاوانبارییان… لای من هەموو کات کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ستەمکارانەی پارتی و یەکێتی تەنیا پەیوەستە بەکاتەوە، ئەگینا هەموو پایەکانی ئەو دەسەڵاتە ڕووخاون… ئەواش دادگاییکردنی بکوژانی ئەو سێ ڕۆژنامەنوسە پەیوەستە بەکاتەوە…
ڕۆژێک دێت، ئاهو ناڵەو فرمێسکەکانی مام عوسمان و دایە سێوێ و دایکی سۆران و کاوەو شیرین، دەبن بەفرمێسکی شادی و دوعاکانیان گیرا دەبن…
١٢ ساڵ، تێدەپەڕێت بەسەر ئەو ڕۆژە کە سەردەشتیان تێدا ڕفاند، ئەو بەیانییە، لەزەنگی تەلەفۆنی یەکێک لە دراوسێکانی ماڵی سەردەشت خەبەرم بویەوە، پێی وتم ئیبراهیم سەردەشت ڕفێنراوەو ئەستەمە بەزیندویی بگەڕێتەوە، چونکە وتارەکانی کە لە کوردستان پۆست بڵاودەکرانەوە زۆر توند بوون…
لەدوای ئەو تەلەفۆنە، دڵە خورپەمگرت و بیرم کەوتەوە جار جار هەڵگورد باسی سەردەشتی دەکرد کە چ گەنجێکی بوێرەو لە کۆڵانەکانی حەی عومال پەروەردە بووە کە هەمان ئەو گەڕەکە بوو، کە ماڵی هەڵگورد سەمەدی لێبوو…
من ئەو ڕۆژە لەسلێمانی بووم، بەتەلەفۆن لەگەڵ هەڵگورد قسەمکرد، ئەویش وتی سەردەشت، شەهید دەکرێت، من ڕوبەڕوو سەردەشتم نەدیتبوو، بەڵام بەشێوەیەک ڕفاندنەکەی خەمباریکردم وەک ئەوەی کەسێکی زۆر نزیکم ڕفێندرابێت، لەو کاتەدا بۆم دەرکەوت کەیسی ئازادیخوازان، ئەوانەی لەپێناو عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا بەهەر میکانزمێک تێبکۆشن، یەک خێزانن لەهەر کوێیەکی ئەم دنیایەبن…
نەتەوەو سنورە جوگرافیاکان بە لای منەوە دوو شتی درۆینەن، لەو جیهانەدا دوو بەرە هەیە، بەرەک ستەملێکراوانن و بەرەیەکیش ستەمکارانن، کەیسی هەر کەسێکی ستەملێکراو بەکەیسی خۆم دەزانم…
ئیدی چیرۆکی سەردەشتیش بوو بەچیرۆکێکی نوێی ستەمکاری دەسەڵاتی کوردی، هاوشێوەی کوشتنی سۆران و دەیان کەیسی دیکەی ستەمکاری ئەو دەسەڵاتەی دواین ڕۆژەکانی بەڕێدەکات.