لەیادی شەهید سەردەشت عوسماندا دەسەڵات و سیاسەت خاڵیی خاڵی لە مۆڕاڵ
تیرۆر وەک مۆتەکە بەسەر جەستەی شەقار شەقاری نیشتیمانی و ڕووحی نوسەرە بوێر و دەنگە زیندووەکانەوەیە و بەرۆکمان بەرنادا دیقەت بدەین” ڕۆژێک عەبدلخالق مەعرووف و ڕۆژیکی دیکە بەکر عەلی و ڕزگار محەمەد تادەگاتە سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و ویداد ” لەمێژە ئەم هەورە ڕەشە لەئاسمانی ئێمەدا پەنگدەخواتەوە و نا ڕەوێتەوە و هەناسەسواری کردووین!!! ، تاکەی ئەم بەربەری و عەدەمییەتە دڕێژە دەکێشت؟؟؟
تا جانەوەرە نەدیو بەدییەکانی دوێنی و ئەمڕۆی دەسەڵات و چەتە و دوژمنەکانی ئازادی و حەقبێژی لێرەبن ، ئەم خوێنیڕەشتن و تیرۆرە یەخەمان بەر نادا.. “لیڤثانةکان”ی شاخ و ئەشکەوتەکان لەفەرمانکردنی تیرۆری ئازادی و سەردەشتەکان ڕاناوەستن، لەکاتێکدا دەسەڵات و سیاسەت خاڵییه لەهەرچی مۆڕاڵ و بەرپرسیاریەتی ئینسانی ، ئیدی کوشتن و تیرۆری کەسایەتی و فیزیکی مڕۆڤ وەک خواردنەوەی پەرداخێک ئاوی لێدەێت ، پیاوەکان شاخ و بنەماڵەکان لەفەرمانی قەرەکوژییدا ڕووی سەدام و هلیتەر و مۆسۆڵۆنی و ستالینیان سپی کردۆتەوە .
گەر ڕێسای کتێبی گێنس ڕێگا بدایە بەدڵنیایەوە دەمێک بوو دوژمنان و تیرۆرستانی ئازادی بیروڕا و ئەم هەرێمەی ئێمە ناوییان چووبوە گێنسەوە ، بەڵام دڵنیاین ئێستا له نێو ڕەشترین لاپەرەکانی مێژوودا ناوتان تۆمارکراوە و ڕۆژێکێش دێت ئەو لاپەڕانە لەبەردەم دادگا و دادوەردا وەک بەڵگەی زیندوو خۆیان و مێژووەکەیانی پێ دادگای دەکرێت…
هەڵبەتە لەکوردستاندا دوو لایەن لە جەنگ و مڵملانێدان . لایەنی یەکەم بریتیین لە لەدەسەڵاتی ئەشکەوت و مافیا و هەڕاج چییەکانی نیشتیمان کە خاوەن دەسەڵات و هێزی دەستبەسەرگیراوی پارە و بەڵتەچییەکانن و کەهەرچیان پێکراوە لەتیرۆر و کوشتن نوسەر و ڕۆژنامەنوس دەستیان نەگەڕاندۆتەوە….
لایەنی دووەهەمیش بریتین لە هێزی کەمینەی قەڵەمە ئازادی و ڕەخنەگر و حەقبێژەکان ، واتە تەنها ئیرادە و بوێری و غیرتی و نوکی قەڵەمەکان و هێزی وشە چەکی دەستیانە، دواجار ئەو دەسەڵاتە بەهێزی سەرشۆڕی و شڕەخۆرین و دەنازن و لەپاڵ ئەوەشەدا تیرۆری ئازادییەکان ڕۆژنامەنوس و دەنگە دلێرەکان دەکەن، ئەمڕۆ بێت یان سبەی نوسین و وتە و هەڵوێستەکانی قەڵەمە ئازاد و ئازاکان دەبنە ڕمی سەردڵی تیرۆر و تیرۆرستانی ئازادی و وەرگرتنەوە بەناحەق ڕەژانی خوێنی سەردەشت و کاوە و ویدادەکان.