«سەردەشت»، ڕۆحێک لە ناوماندا

جەعفەر عەلی:
رووداوی تیرۆری سەردەشت، لە بەشێکی گرنگ لە تیرۆرەکانی دیکەی دەسەڵات جیاوازە. کەمجار هەیە دەسەڵات، کارەکتەرە ئەمنی، سیاسی و سەربازییەکانی ناو دەسەڵات، لە ڕوناکیدا تیرۆر بکەن. ئەوان لە ڕوناکیدا پلانی تیرۆرەکە دادەنێن، مرۆڤکوژ و شەللاتییە چەقۆکێشەکانی خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن، بەڵام پلانەکە لە تاریکیدا بەکۆتا دێنن. تیرۆری سەردەشت هەم پلانەکەی لە ڕوناکیدا دانرا، هەم لە ڕوناکیشدا جێبەجێکرا.
برینی سەردەشت هەموو ڕۆژێک تازەیە، هەموو ساڵێک جۆگەلەی خوێنە و بە بەرچاوی هەمووماندا گوزەر دەکات. ئەو زاری پڕ لە هاواری ئازادی گەنجێکی زانکۆ بوو، تیرۆری ئەو، نە تەنیا بکوژەکانی، نە تەنیا دەزگا ئەمنی و سیخوڕ و قاتیلەکانی، بەڵکو لەسەری سەرەوە تا خوارەوەی، ئەو حکومەت و پەرلەمان و وەزارەت و زانکۆیەشی شەرمەزار کرد، کە بە بەرچاویانەوە و چەند کیلۆمەترێک دوور لە ئۆفیسە راقی و قاقای ڕەشی نائینسانی بێ کردەوەی ئەوانەوە، لە بەیانییەکی مایسیدا لەبەردەرگای ناوەندی خەونەکانییەوە گروپێکی تیرۆریستی چنگ ڕەش لە سندوقی ئۆتۆمبیلی شورەییدا بەرەو دوا هەواری دابڕان و خەون و حەز و ژیانی دەبەن.
ئەزموونەکانی مێژوو پێماندەڵێن؛ نە ئەم خوێنی تیرۆرە وشک دەبێتەوە، نە خۆر لە خەون و هیواکانی قەڵەمی ئەو گەنجە زانکۆییەدا ئاوا دەبێت. ناشیرینترین و بەدئەخلاقترین کاری مرۆڤ تیرۆرە، چجای لەم تیرۆرەدا گومان بچێتە سەر دەسەڵات و لە ڕوناکی و لە پێش چاوی باڵاترین دەزگای مەعریفیشدا ئەنجام بدرێت. لە هەر شوێنێکدا ئەنجامدەرانی بێ ڕێزی بە ئینسان، کوشتن و تیرۆر ون بوون، پێویست ناکات بۆ تۆمەتبارێک بگەڕێیت، چونکە لەوێدا دەسەڵات تۆمەتبار و بەرپرسیارە.
سەردەشت مرۆڤ بوو، بۆیە نە خوێنی وشک دەبێتەوە، نە قەڵەم و خەون و ئومێدەکانی دەمرن. مرۆڤبوون لە هەناسەدان و خواردن و خواردنەوەدا کورتناکرێتەوە، داخران و بچووکبوونەوە نییە لە بازنەی خێزان، کاری پیشەیی، وەزیفەی فەرمی و بەس، بەڵکو کرانەوەیە بەسەر ئازارەکانی کۆی ژیان و کۆمەڵگە، بینینی ستەم، بێدادی، پەلاماردانی ئازادی و شکۆی ئینسانە، لەو شوێنەی ستەمێک هەیە، تۆ هەڵگری هەر بڕوانامە و لە هەر ئاستێکی خوێندن و مەعریفیدا بیت، کاتێک لە پەنای ئەو لانەی ستەمکارییەدا وەستاوی، یان بێدەنگی هەڵدەبژێری، کەم تا زۆر درێژە بە تەمەنی عەرشی ستەمکاری و پەلاماردەرانی ئازادی ئینسان دەدەیت.
ڕۆحی سەردەشت و هەموو قوربانییەکانی دیکەی تیرۆر، لێرەبن یان لەوێ، لە کوردستان بێت، یان لە هەر جێگەیەکی دیکەی دونیا، بەشێکن لە ڕۆح، ویژدان، ئەخلاق و ئازاری هەر مرۆڤێک ئەگەر بخوازێت بۆ چرکەساتێکیش بێت وەک مرۆڤ ببینێ، بیربکاتەوە، وەک مرۆڤیش ئازاد و بە کەرامەتەوە بژی.
Leave A Reply

Your email address will not be published.