چۆن وا بکەین پیر نەبین یان ھەر نەمرین وەک سەردەشت ؟!

تارا حسێن :
چۆن وا بکەین پیر نەبین یان ھەر نەمرین؟؟
سەردەشت عوسمانمان بە گەنجی دیوە ،
کەچی ھەر لە جێگەی خۆی ماوە بەو گەنجێتیە،
چاکەت و پانتۆڵێکی ڕەشی ئوتوکراو ، تا ئێستاش دەقی ئوتوەکەی تێک نەچووە، کراسێکی سپی و بزەیەکی شیرین ، تا ئێستاش ھەر بەو بزەیەوە وەستاوە و چەپکە گوڵێکیشی پێیە، تەنانەت بۆ ساتێکیش ناوچەوانی گرژ نەکردووە!
مۆراڵێکی بەرز ، ئیرادەیەکی پۆڵایین بە گژ دەسەڵات و دارودەستەکەیدا چووە، زەڕەیەک لە ئیرادەی کەمی نەکردووە، ھەنگاوێکیش پاشەکشەی نەکردووە، تەنانەت پرچە داھێنراوەکەی تا ئێستاش نە ئاڵۆزاوە، لەو کاتەوە میلی کاتژمێری ژیان و تێکۆشانی خۆی ڕاگرتووە،
ھەر بەدەوامە لە تێکۆشان، ڕۆژ بە ڕۆژ خۆشەویستتر و سات بە سات زیاتر دەناسرێ، لەو چرکەیەوە تا ئێستا شاھێدی ھەزاران نوسەرە کە دەیاننوسی، بەڵام ھەرزوو تەسلیمی مشتێک پارە بوون و بێدەنگ بوون و بۆ ھەتایە مردن،!!
زۆرێک ھەبوون ڕۆژنامەنوس بوون، چالاکوان بوون بە ھەڕەشەیەک بە ئاراستەی پشتەوەدا بە کاتژمێرێک دەیان کیلۆمەتر پاشەکشەیان کرد، زۆر بوون ئێستا بە جەستە دەژین، پیر بوون، پرچە ڕەشەکەیان سپی و بزەکانیان توڕەیی و دڵتەنگین،
خۆشەویستی نێو خەڵکیان بووە بە نەفرەت، تەنانەت پۆستێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەکەن نەفرەتباران دەکرێن، کەچی پۆستەکانی سەردەشت و نوسینەکانی ھەمیشە لەسەر ئەکاونتی ھەزاران گەنجی خۆی ئاسان،
کە ئەڵێین #شەھید #نامرێ ئەوەیە،
ئەوەتا #سەردەشت و #وەداتەکەی دھۆک و #کاوەی گەرمیان و #سۆرانەکەی کەرکوکی بێناز، ھەروا گەنج و ھەروا جوان و ھەروا بە ئیرادەوە لە ناومانا دەژین،
بوون بەیەکێک لە ئەندامانی خێزانەکانمان و کە دەیانبینین یەکسەر ئاشنا و کەسێکی ئازیزی خۆمان ئەبینین، ھەست بە غەریب بونیان ھەرگیز ناکەین، تێکۆشان بۆ ئازادی و لە پێناوی مرۆڤایەتیدا ئاوا چێژبەخش و ناوازەیە،
مەترسن وەرن لە مەیدانی تێکۆشاندا بژین چونکە ھەرگیز نامرن، ئەوە کەی مردنە ئازادیخوازان بە جەستە جێیان ھێشتوین ! ئەوە مردنە کە میللەتەکەی خۆت نەفرەتت بکات جا لە کوێ و لە کام کۆشک و تەلاردا بە جەستە بژیت.
با ھەموو وەکو ئەوان بین وەک ئەوان لە دڵی میللەتەکەماندا بە زیندووی بمێنینەوە.
زۆر کەس لە پیری دەترسێ ئەوەتا سەردەشت پیر نەبووە، ناشمرێ، کام مردوو ھەیە وەکو سەردەشت لە ناو کۆڕی ئازادیخوزاندا ھەمیشە مەوجود بێ؟؟؟
Leave A Reply

Your email address will not be published.