خانەوادەی سەردەشت عوسمان : سورین لەسەر دادگاییكردنی بكوژان و پلاندانەرانی تیرۆركردنی سەردەشت

خانەوادەی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان ڕایدەگەیەنن، بەهیچ شێوەیەك لە مافی سەردەشت خۆش نابن و لەسەر هەمان خواست و ویستی سەرەتاكانی تیرۆركردنی سەردەشت بەردەوامن، كە دادگایی كردنی بكوژان و داڕێژەرانی پیلانی تیرۆركردنی سەردەشتە.

ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان، ڕۆژی ٤ی ئایاری٢٠١٠، لەبەردەم كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین رفێنرا كە ئەو تیادا خوێندكاری قۆناغی چوارەم بوو، دوای رۆژێك، تەرمەكەی لە شەقامێكی شاری موسڵ دۆزرایەوە.

دوای تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ بەسەر تیرۆركردنیدا، بەشدار عوسمان، برای شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان بۆ ڕۆژنیوز وتی: دوای ١٢ساڵ لە تیرۆركردنی شەهید سەردەشت لەسەر هەمان خواست و ویستی سەرەتاكانی تیرۆكردنی بەردەوامین، كە دادگایی كردنی بكەران و پیلان داڕێژەرانی پشت تیرۆكردنی سەردەشت بوون، یەك زەڕە لەمافی خۆیان خۆش نابن، بەڵام لەو بارودۆخەی كە حیزب حوكمڕانی دەكات و خاوەنی هێزی میلیشیاییە ناتوانن ئەو مافەیان بەدەست بهێنن چونكە حوكمڕانیەكی ستەمكار هەیە و دادپەروەری پەیڕەو ناكات.

دەشڵێت: نە ماندوودەبین نە ترس و هەڕەشەكانیش دەمانترسێنن، بەڵكو زیاتر پێداگر دەبین بۆ دادگایی كردنی تاوانبارانی كەیسی تیرۆری سەردەشت عوسمان، بەوەشدا هاواری سەردەشت هاواری سەرجەم زوڵم لێكراوانی كوردستانە و هێشتا پەیامەكانی بەردەوامن و تاكو ناعەدالەتی و ستەمكاری هەبێت سەردەشت بە زیندوویی لەناوماندا دەمێنێتەوە.

خانەوادەی سەردەشت دەڵێن: هاواری سەردەشت هەمان هاواری ئێستای ئەو خانەنشینانەیە كە لە ڕیزی وەرگرتنی مووچەدا گیان لەدەست ئەدەن و هاواری ئەو گەنجانەیە كەلە دەریای ئیجە و ڕێگای گەیشتن بە ئەوروپا دەخنكێن و گیان لەدەست ئەدەن، هاواری سەردەشت بۆ ئەوەبوو خەڵكی كوردستان وەك ئێستا زەلیل نەكرێت و ستەمكاری نەگاتە ئەو ئاستەی ئێستا.

سەرچاوە:رۆژنیوز

https://youtu.be/uLdT-lFohWs

Leave A Reply

Your email address will not be published.